رووداو دیجیتاڵ
عەبیر فەرید، ئەکتەری عێراقی، گلەیی لە دوورخستنەوەی لە بواری هونەری کرد و رایگەیاند، لە سینەما و شانۆدا دوورخراوەتەوە و نازانێت کێ لەپشت ئەو بڕیارەوەیە.
عەبیر فەرید، لە وەڵامی پرسیارێکی مەعد فەیاز، نێردراوی رووداو بۆ دووەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی سینەمایی بەغدا، سەبارەت بە داهاتووی سینەمای عێراقی، رەتیکردەوە هیچ بۆچوونێک دەرببڕێت و گوتی: "ئەمە پرسیارێکە دەبێت لە بەرهەمهێنەری بکەیت نەک من. من وەک هونەرمەندێک، رۆڵی خۆم وەک ئەکتەر لە فیلمدا دەگێڕم".
کاتێک پرسیاریشی لەبارەی شانۆی عێراقی لێکرا، هەمان وەڵامی دایەوە و گوتی: "تەنانەت شانۆش، لە بەرهەمهێنەری بپرسە. من ئەکتەرم". گوتیشی: "من لە سینەما و شانۆ دوورخراومەتەوە".
لە وەڵامی ئەوەی کە کێ لەپشت دوورخستنەوەی ئەوەوەیە، عەبیر فەرید گوتی: "وەڵا نازانم، لێیان بپرسە، لێیان بپرسە، لە لایەنە پەیوەندیدارەکان بپرسە، پێیان بڵێ بۆچی؟ من نازانم کێیە".
سەبارەت بە خودی فێستیڤاڵەکە، عەبیر فەرید بە کارێکی ئەرێنی زانی و رایگەیاند: "ئێمەی عێراقی بەردەوام شانبەشانی عەرەب و بیانییەکانین، کاتێک ئاوێتەبوون لەنێوان ئێمە و عەرەب و بیانییەکاندا دروست دەبێت، دڵنیام لە داهاتوودا کاری هاوبەشمان دەبێت".
دووەمین فێستیڤاڵی سینەمایی بەغدا، کە بە ناوی محەممەد شوکری جەمیل، دەرهێنەری دیاری عێراقی کراوە، لەلایەن سەندیکای هونەرمەندانی عێراق بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی رۆشنبیری، گەشتوگوزار و شوێنەواری عێراق رێکخراوە و تاوەکو 21ـی ئەیلوول بەردەوام دەبێت.
لە فێستیڤاڵەکەدا ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەستێرە عەرەبەکان و سینەماکارانی عێراق، رەخنەگر و میدیاکاران و میوانانی بیانی ئامادەن. شاندی وڵاتانی وەک سعودیە، کوەیت، تونس، میسر، لوبنان، ئوردن، سووریا و مەغریب بەشدارن و فیلمەکان لە چەندین بەشی جیاوازدا نمایش دەکرێن، لەوانە فیلمی درێژی سینەمایی، کورتەفیلم، بەڵگەفیلم و ئەنیمەیشن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ