دەرهێنەری POV: فیلمەکە باس لە تووندوتیژی دژ بە ژن دەکات لەسەر بنەمای گومان

20-12-2021
گۆڤەند مستەفا
محەممەد عەلی موکری، دەرهێنەری سینەمایی
محەممەد عەلی موکری، دەرهێنەری سینەمایی
نیشانەکردن فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

محەممەد عەلی موکری، دەرهێنەری سینەمایی کە بە کورتەفیلمێک بە ناوی "POV" لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانی بەشداری کردووە، لەبارەی ناوەڕۆکی فیلمەکە کە دژ بە تووندوتیژی ژنانە. 
 
لە دیدارێکدا لەمیانی بەڕێوەچوونی فیستیڤاڵەکە قسەی بۆ بانوو دڵشاد، پێشکێشکاری رووداو کرد. محەممەد عەلی موکری پێیوایە هەڵبژاردنی ئەو مژارە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو تووندوتیژییەی کە لە کۆمەڵگەی کوردیدا بەرچاوە و دەڵێت: "ئەمە شتێکی روون و ئاشکرایە کە تووندوتیژی دژ بە ئافرەتان تا رادەیەکی زۆر بەرچاو دەبیندرێت، بە تایبەت لە کۆمەڵگەی کوردەواریدا".
 
لەبارەی چیرۆکی کورتەفیلمەکەشی محەممەد عەلی موکری دەڵێت، "لە ماوەی 12 خولەکدا تیشک دەخاتە سەر تووندوتیژی بەرامبەر بە ئافرەتان و ژنانی کۆمەڵگەی کوردی، ئەمەشم بە بابەتێکی گرنگ زانی بۆیە هەڵمبژارد".
 
ئەو دەرهێنەرە کوردەی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان ئاماژە بەوە دەدات، جگە لە پرسی تووندوتیژی بەرامبەر بە ئافرەتان، شتێکی دیکەش لە ناوەڕۆکی ئەو فیلمەدا هەیە کە ئەویش باس لە "گومان دەکات، گومانێکی خۆڕایی سەبارەت بە ئافرەتێک، کە بە کوشتنی دەدات، زۆرجار کاری نابەجێ بەرامبەر بە مرۆڤەکان دەکەین، بە تایبەت بە ژنان یاخود ژنان بە پیاوانی دەکەن، ئەمە ئاستێکی بەرامبەری هەیە، زۆرجار گومانێک دەبێتە هۆی کوشتنی کەسێک، ناخۆشییەک و تێکچوونێک. بۆیە وا پێویست دەکات شتەکە بە ئاشکرایی و روونی ببینین ئینجا قسە بکەین".
 
لە چوارچێوەی چوارەم رۆژی چالاکییەکانی پێنجەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانی، 38 فیلم لە بەشە جیاجیاکان نمایش دەکرێن، لەوانەش فیلمێکی تورکی بەناوی 'لە خەوەکەمدا' کە لە بەشی پێشبڕکێی فیلمە درێژەکاندایە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 20-12-2021 فیلمەکە لە فیستیڤاڵەکەدا نمایش دەکرێت، فیلمی سینەمایی 'لە خەوەکەمدا' لە دەرهێنانی مورات چەری، دەرهێنەری تورکە کە ماوەکەی 99 خولەکە و لە بەشی پێشبڕکێی فیلمە درێژەکان نمایش دەکرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە