خەڵاتی ماملێ پێشکێش بە عەلی ئەکبەر مورادی دەکرێت

21-01-2025
پەسار فایەق
نیشانەکردن عەلی ئەکبەر مورادی ماملێ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ناوەندی ماملێ، خەڵاتی ماملێ بۆ 2025 راگەیاند و پێشکێش بە عەلی ئەکبەر مورادی، هونەرمەندی کورد دەکرێت، بڕیارە لە رێوڕەسمێکدا خەڵاتەکەی رادەست بکرێت.
 
بەپێی راگەیێندراوێکی ناوەندی ماملێ کە ئەمڕۆ سێشەممە 21ـی کانوونی دووەمی 2025 بڵاوکرایەوە و کۆپییەکی بۆ رووداو نێردراوە، تێیدا هاتووە: "خەڵاتی ماملێ، وەک هێمایەکی رێزلێنان لە هونەرمەندانی کورد، ماوەی 16 ساڵه لەلایەن ناوەندی ماملێیەوە‌ چالاکە و هەموو ساڵێک پێشکێش بەو هونەرمەندە ماندوو و تێکۆشەرانە دەکرێت کە لە خزمەتکردنی هونەری کوردیدا شوێندانەر و کارتێکەر بوون و گەشەیان پێ بەخشیوە".
 
هەر لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "ئەو ناوەندە وەک لە پێناسەکەیدا هاتووە، بێلایەن و سەربەخۆیە، لە بواری ماڵی و مادییەوە شانازیی بەخۆیەوە دەکات کە پشتی بە بەرکی خۆی بەستووە، هەروەها لە بواری مەعنەویشەوە قەرزداری هەموو دڵسۆزانی میللەتەکەیەتی".
 
ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە: "لە درێژەی چالاکیی ساڵانەی ناوەندی ماملێ بۆ دەستنیشانکردنی هونەرمەندی ساڵ،  بڕیار درا خەڵاتی ساڵانەی ماملێ بۆ 2025 پێشکێش بە هونەرمەند عەلی ئەکبەر مورادی بکرێت".
 
ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە، لە داهاتوویەکی نزیکدا لەبارەی سازکردنی رێوڕەسمی بەخشینی خەڵاتەکە زانیاری بڵاودەکەنەوە.
 
پێشتر ئەو خەڵاتە بە هونەرمەندان، قالە مەڕە‌‌‌‌‌‌، ئەندێریاس ئیسرائیل خەمۆ "باکووری"، عەباس کەمەندی، عەزیز شارووخ، ناسر رەزازی، زۆزان، تیپی موسیقای سلێمانی، مەزهەر خالەقی، خەلیل خەمگین، حوسێن سەفامەنێش، محەممەد رەزا دارابی، دڵشاد سەعید، کاوە فەقیەزادە و شڤان پەروەر.
 
عەلی ئەکبەر مورادی، لە 6ـی ئاداری 1958 له گوندی بانزلانی ئێلی گۆران لە شاری داڵاهـۆی سەر بە کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە بنەماڵەیەکی کوردی یارسان لەدایـکبووە. ژانیاری ئامێری تەمیرەیە و لە تەمەنی شەش ساڵییەوە دەستپێکردووە.
 
لە تەمەنی سی ساڵەی ژیانیدا، ژەنینی کۆی 72 مەقامی تەمیرە فێـر بوو و دامەزرێنەری گرووپی تەمیرەی لە کرماشانە. لە 1993 لێکۆڵینەوەی لەبارەی مێلۆدی و گۆرانییەکانی ناوچەی کرماشان دەستپێکردووە و بە کۆکردنەوە و تۆماری مەقامە کۆنەکان توانی گەنجینەیەک لەو مێلۆدییانە بپارێزێت.
 
کاری هونەریی لەگەڵ هونەرمەندان شەهرام نازری، کەیهان کەڵهوڕ، بیژەن کامکار، ئەردەشێر کامکار، ئولاش ئوزدەمیر و ئەرداڵ ئەرزینجان کردووە.
 
جگە لە چاپ و بڵاو کردنەوەی کتێـبی "راهێنانی سەت دەرسی شێـوازی تەمیرەژەنین" کە وەک سەرچاوە و کۆڵەکەی ئەو ئامێرە کوردییە دەناسرێ، بەرهەمگەلێکی دیکە لە بواری میوزیک و گۆرانی کوردیدا چاپ و بڵاوکردووەتەوە.
 
مورادی فێرگەی میوزیکی یارسانی لە تاران و ماڵی تەمیرەی لە 2017 دامەزراندووە.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە