رووداو دیجیتاڵ
پڕۆژەی هونەریی "11:11" کە ماوەی دوو ساڵە کار بۆ بەستنەوەی هونەری رەسەنی کوردی بە جیهانی مۆدێرن دەکات، نوێترین ڤیدیۆکلیپی نوێکردنەوەی گۆرانییەکی محەممەد ماملێ بەناوی "ئەی یار" لەنێو سرووشتی جوانی مێرگەپان وێنە گرت.
دیلان کلارنێت، دامەزرێنەری پڕۆژەکەیە و و یەکێکە لە ژەنیارە سەرەکییەکانییەتی، رۆژی چوارشەممە 20ـی ئابی 2025 میوانی بەرنامەی "رۆژی هیوا جەمال" بوو لە ستۆدیۆکانی رووداو لە سلێمانی و رایگەیاند، پڕۆژەکەیان تەنیا کارێکی میوزیکی نییە، بەڵکو ئامانج لێی گەیاندنی پەیامێکی گەورەترە.
لەبارەی ناوی پڕۆژەکەوە، گوتی: "11:11 ژمارەیەکە لە جیهاندا باوە و ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە تۆ پەیوەست بی بە دنیاوە، پەیوەست بی بەو بیرۆکە و وزە گەردوونەییەوە کە دێتە بەردەمت. ئێمەش ویستمان ئەم پڕۆژەیە ببەستینەوە بە پەیوەندی هونەر و سرووشت و میوزیکەوە."
پڕۆژەکە تیشک دەخاتە سەر نوێکردنەوەی گۆرانییە رەسەن و کلاسیکییەکانی کوردی بە شێوازی مۆدێرن، لەو بارەیەوە دیلان کلارنێت روونیکردەوە، نزیکەی دوو ساڵە لەگەڵ کۆمەڵێک کەسی ئازیز کار بۆ پڕۆژەکە دەکەن، گۆرانی و میوزیکە رەسەنە کوردییەکان بە شێوازی خۆیان دادەڕێژنەوە.
ئاماژەی بەوەشدا، ناوی پڕۆژەکە بیرۆکەی خۆی بووە، بەڵام بۆ ئەوەی گرووپەکە ناسنامەی خۆی هەبێت و بتوانێت بەردەوام بێت، بە گرووپ کاری لەسەر کراوە.
سەبارەت بەوەی ئایا ئەو نوێکردنەوەیە زیان بە رەسەنایەتیی گۆرانییەکە دەگەیەنێت یان نا؟ دیلان کلارنێت گوتی: "هەموومان دەزانین ماملێ نامرێت و دەنگی هەر دەمێنێتەوە، بەڵام ئێمە بیرۆکەمان ئەوەیە، نەوەیەک بەڕێوەیە رەنگە رۆژێک لە رۆژان ئاشنایی بە کولتوور و ناسنامە و هونەری خۆی لەدەست بدات. ئێمە هەوڵمان داوە بەم ستایلە نوێیە، سەرجەم نەوەکان ئاشنای ئەم میوزیک و گۆرانییە ببنەوە. ئێمە هەوڵمان داوە بە شێوازی خۆمان جوانکارییەکی تێدا بکەین."
دیلان کلارنێت دڵخۆشیی خۆی بە هۆگرانی هونەری میوزیک دەربڕی و جەختی کردەوە کە خەڵکی کوردستان باشترین چێژوەرگرن، "من هەمیشە دەڵێم، من زۆر زۆر دڵخۆشم. بە پێچەوانەی هەموو ئەو کەسانەی کە دەڵێن چێژوەرگرمان نییە، ئێمە گەلی کورد دەتوانم بڵێم باشترین چێژوەرگرن، بەوەی کە ئەو پێشوازییە گەرمە و کۆمێنت نووسین بۆ ئێمە وایکردووە؛ ئێمە بەرپرسیارێتییەکی گەورەترمان لە ئەستۆ بێت و هەوڵی زیاتر بدەین."
ئەوەشی ئاشکرا کرد، لە پڕۆژەی داهاتوویان، کار لەسەر بەرهەمێکی نوێی هونەرمەند هۆمەر دزەیی دەکەن و هەوڵ دەدەن ڤیدیۆکلیپەکان لە ناوچە گەشتیارییە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان وێنە بگرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ