رووداو دیجیتاڵ
ئێلن دێجێنرەس، پێشکێشکار و ئەکتەری ناسراوی ئەمریکی، بۆ یەکەمجار دوای ئەوەی ئەمریکای جێهیشت و لە بەریتانیا نیشتەجێبوو، رایگەیاند، هۆکاری کۆچکردنیان بۆ سەرکەوتنەوەی دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە 2024 گەڕاندەوە.
ئێلن دێجێنرەس (67 ساڵ) لە میانی بەشداریکردنی لە چالاکییەک لە شاری چێڵتنهامی بەریتانیا، بە ئامادەبووانی گوت: "پلانمان ئەوە بوو هەموو ساڵێک تەنیا چەند مانگێک لە ئینگلتەرا بەسەر ببەین، بۆ ئەو مەبەستەش ماڵێکمان کڕیبوو. بەڵام ئێمە لە شەوی هەڵبژاردنەکان گەیشتینە ئێرە و بەیانییەکەی بە خەبەر هاتینەوە، لێشاوێک نامەمان بۆ هاتبوو کە پڕبوون لە هێمای گریان، ئەو کاتە زانیم کە ئەو - مەبەستی ترەمپە - بردوویەتییەوە، بۆیە بڕیارماندا لێرە بمێنینەوە."
دێجێنرەس، باسی لە ژیانکردن لە بەریتانیا کرد و گوتی، "لێرە ژیان باشتر، میهرەبانتر و ئارامترە بە بەراورد لەگەڵ ئەو دۆخە ئاڵۆزەی لە ئەمریکا هەیە، بەتایبەتیش لە رووی ئەو هەڕەشانەی لەسەر ئازادییەکان دروستبوون."
ئاماژەی بەو رەخنانەش کرد کە لە کۆتایی ئەزموونی وەک پێشکێشکاری تەلەڤزیۆنی رووبەڕووی بووەوە، دوای 19 وەرز لە پێشکێشکردنی بەرنامە بەناوبانگەکەی و گوتی: "من راستگۆم، بەڵێ، بەڵام زۆربەی ئەو ناونیشانانەی رووبەڕووم کرانەوە، تەنیا بۆ راکێشانی سەرنجەکان بوون."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ