نرخی فەردەیەک ئارد لە غەززە گەیشتووەتە 880 دۆلار

27-06-2025
تەنیا ئەحمەد
دابەشکردنی ئارد لە غەززە
دابەشکردنی ئارد لە غەززە
نیشانەکردن غەززە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دوای چەند مانگێک، دووبارە مژدەی دابەشکردنی ئارد لە غەززە دەدرێتەوە. لە بەشێک لە ناوچەکان سێ مانگە ئارد و خۆراکی پێنەگەیشتووە.
 
هیبە خەلیل، دانیشتووی غەززەیە و دەڵێت، "زۆر دڵخۆش بووین کە ئەم پەیامەمان بۆ وەرگرتنی هاوکاری پێگەیشت، چونکە بۆ ماوەی چەندین مانگ چاوەڕێ بووین بەبێ ئەوەی ئاردمان هەبێت یان خواردنێکی زۆرمان هەبێت و منداڵەکانم هەمیشە دەگریان."
 
لە مانگی ئاداردا، سوپای ئیسرائیل رێگەی گەیاندنی هاوکاری بۆ غەززە داخست و لەبری ئەوە، رێگەی بە رێکخراوێکی سەر بە ئەمریکا دا لە خاڵەکانی نزیک سنوور هاوکاری دابەش بکات.
 
ئەوە بووە هۆی دروستبوونی پشێویی زۆر و چەندین فەلەستینی کوژران. ئەمە جگە لە تاڵانکردنی بەشێکی زۆری هاوکارییەکان و دواتر فرۆشتنەوەیان بە نرخی خەیاڵی.
ئێستا لە غەززە نرخی یەک فەردە ئارد لە نێوان 580 بۆ 880 دۆلارە.
 
ئوم عەلا میقداد، دانیشتووی غەززەیە و دەڵێت، "من داوام لە خوا دەکرد کە تاڵانکەرەکان سوودی لێ وەرنەگرن، چونکە ئەوان بەشی ئێمە و بەشی منداڵەکانمانیان دەبرد کە بە برسێتی، تینوێتی و ماندوویێتییەوە دەخەوتن."
 
چەند هۆزێکی فەلەستین دەڵێن، ئەوان چاودێری و سەرپەرشتیی دابەشکردنی هاوکارییەکان دەکەن، رەتیشی دەکەنەوە حەماس دەستی لە تاڵانکردنی هیچ هاوکارییەک هەبووبێت.
 
ئێستا غەززە برسییە، 71 هەزار منداڵ و 17 هەزار دایکی شیردەر پێویستیان بە چاودێریی تەندروستیی بەپەلەیە و تووشی بەدخۆراکی بوون.
 
2.1 ملیۆن دانیشتووی غەززە بێ خواردنن، 470 هەزار کەس لە برسێتیی کارەساتباردان. دابەشکردنی خواردنیش 80٪ کەمکراوەتەوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە