رووداو دیجیتاڵ
گرووپی بەناوبانگی بەریتانی (Take That)، پلانی بۆ گەشتێکی کۆنسێرتی فراوان لە هاوینی 2026 ئاشکرا کرد، ئەویش بریتییە لە زیندووکردنەوەی نمایشە ناسراوەکەیان بە ناوی "The Circus Live".
گەشتەکە لە بنەڕەتدا لە 2009 دەستیپێکرد، مێژووییەکی لە بەریتانیا تۆمارکرد و بووە خێراترین گەشتی هونەری لە مێژوودا لە رووی فرۆشتنی بلیتەوە. لەو کاتەدا، زیاتر لە 600 هەزار بلیت لە کەمتر لە پێنج کاژێردا فرۆشران و زیاتر لە ملیۆنێک هەوادار لە سەرانسەری بەریتانیا و ئێرلەندا ئامادەی کۆنسێرتەکانی ئەو گەشتە هونەرییە بوون.
گرووپەکە ئێستا لە سێ ئەندام پێکهاتووە: گاری بارلۆ، هاوارد دۆناڵد و مارک ئۆوین، رۆژی هەینی 19ـی ئەیلوولی 2025 لە لەندەن کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییان ئەنجام دا و رایانگەیاند، دووبارە سازکردنی گەشتە هونەرییەکە، بەردەوام لە پلانیاندا بووە.
هاوارد دۆناڵد گوتی: "لەو بڕوایەدا نیم ئەمە جێی سەرسوڕمان بێت، چونکە ئێمە بەردەوام باسی گەشتەکەمان دەکرد و ئاواتەخواز بووین بتوانین زیاتری ئەنجام بدەین".
هاوکات گاری بارلۆش گوتی: "هەرکاتێک قسە لەگەڵ هەواداران دەکەیت یان سەیری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکەیت، دەبینیت ئەمە دڵخوازترین گەشتی هەمووانە و خۆشمان دەخەمە نێو ئەو بازنەیەوە".
گەشتی (The Circus Live)، بڕیارە لە 29ـی ئایاری 2026 لە بەریتانیا دەستپێبکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ