خالید زەدجالی: سینەمای عێراقی لە فیلمی درێژ و ئەنیمەیشندا سەرکەوتووە

22-09-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
خالید زەدجالی، دەرهێنەری عومانی
خالید زەدجالی، دەرهێنەری عومانی
نیشانەکردن خالید زەدجالی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە دووەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی سینەمایی بەغدا، خالید زەدجالی، دەرهێنەری عومانی و دامەزرێنەری فێستیڤاڵی سینەمایی مەسقەت، ستایشی گەشەسەندنی بەرچاوی سینەمای عێراقی کرد و جەختی کردەوە کە عێراق لە دوو بواری گرنگدا، فیلمی درێژ و ئەنیمەیشن، هەنگاوی گەورەی ناوە.
 
مەعد فەیاز، نێردراوی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ فێستیڤاڵەکە لە هەڤپەیڤینێکیدا لەگەڵ زەدجالی، ئاماژەی بەوەدا، سینەمای عێراقی بەردەوام ئامادەگی هەبووە، بەڵام "جیاوازییەکی زۆر هەیە لە نێوان ئەوەی پێشتر بوو و ئەوەی ئێستا هەیە".
 
هەروەها باسی لە بواری ئەنیمەیشن لە عێراق دا کرد و گوتی: "پێشتر تەنیا کۆمەڵێک وێنەی سادە بوون، بەڵام ئەمڕۆ بەڕاستی من زۆر شانازی دەکەم کە عێراق یەکێکە لەو ئەو وڵاتە عەرەبییە زۆر کەمانەی لەو بوارەدان. رەنگە بتوانم بە راشکاوی بڵێم لە نێوان تەنیا دوو وڵاتدا کە گرنگی بەم بوارە دەدەن: میسر و عێراقە".
 
سەبارەت بە فیلمی درێژ، زەدجالی ستایشی توانای سینەماکارانی عێراقی کرد لە دروستکردنی فیلمێک کە بۆ فێستیڤاڵەکان دەبێت، لە هەمانکاتتدا جەماوەریشە.  گوتیشی: "ئەمڕۆ عێراق فیلمی زۆر نایابی پێشکێش کردووە، فیلمی جەماوەری، ئەمە ئەوەیە کە ئێمە لە کەنداو بەدوایدا دەگەڕێین. نەک هەموو فیلمەکان تەنیا بۆ فێستیڤاڵەکان بن، بەڵکو عێراق سەرکەوتوو بووە لە پێشکێشکردنی فیلمێک کە بۆ فێستیڤاڵە و لە هەمان کاتدا جەماوەرییە".
 
ناوبراو باسی دۆخی سینەمای عومانی کرد و گوتی، سەرەڕای ئەوەی زیاتر لە 25 ساڵە دەستیان پێکردووە، بەڵام هێشتا لە بواری فیلمی درێژدا کێشەیان هەیە و بەرهەمەکان کەمن، لە کاتێکدا "عێراق لەم بوارەدا پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە".
 
د. خالید زەدجالی، یەکێکە لە پێشەنگ و فیلمسازە سەرەکییەکانی سینەمای عومانی و کەنداو. یەکەمین فیلمی درێژی سینەمایی عومانییە بە ناوی (Al-Boom) لە 2006 بەرهەمهێنا، دامەزرێنەری فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی سینەمایی مەسقەتە و 17 ساڵە بەردەوامە. سەرۆکایەتیی کۆمەڵەی سینەماکارانی عومانی دەکات و رۆڵێکی کارای هەیە لە پەرەپێدانی پیشەسازیی فیلم لە وڵاتەکەیدا.
 
دووەمین فێستیڤاڵی سینەمایی بەغدا، کە بە ناوی محەممەد شوکری جەمیل، دەرهێنەری دیاری عێراقی کراوە، لە 15 تا 21ـی ئەیلوولی 2025 لەلایەن سەندیکای هونەرمەندانی عێراق بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی رۆشنبیری، گەشتوگوزار و شوێنەواری عێراق رێکخرا.
 
لە فێستیڤاڵەکەدا ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەستێرە عەرەبەکان و سینەماکارانی عێراق، رەخنەگر و میدیاکاران و میوانانی بیانی ئامادەبوون. شاندی وڵاتانی وەک سعودیە، کوەیت، تونس، میسر، لوبنان، ئوردن، سووریا و مەغریب بەشدارن و فیلمەکان لە چەندین بەشی جیاوازدا پێشاندران، لەوانە فیلمی درێژی سینەمایی، کورتەفیلم، بەڵگەفیلم و ئەنیمەیشن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە