سێ نامەی مارف خەزنەدار بۆ رەفیق حیلمی

23-04-2022
کاوە ئەمین گوڵچین
A+ A-
 
بەشێک لەو نامانەی کە لەنێوان ئەدیب و نووسەرانی سەتەی رابردوودا گۆڕدراونەتەوە، زیاتر باسی نووسین، چاپکردنی کتێب و گۆڤار و بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانیان دەکەن و کەمتر خۆیان لە رەوشی سیاسیی سەردەمەکەیان داوە، بەتایبەتی ئەو نامانەی لەلایەن ژمارەیەک لە کەسایەتی و نووسەران لە شارە جیاوازەکانی کوردستانەوە بۆ مامۆستا رەفیق حیلمی نێردراون. لەگەڵ ئەوەش دا لەڕووی مێژووییەوە بایەخێکی لە رادەبەدەریان هەیە، بەتایبەتی دەکرێت وەک سەرچاوەیەکی گرنگ لە روانگەی زمانەوانی و رێنووسی ئەو سەردەمەوە تەماشایان بکرێت و بەشێوەیەکی زانستی راڤە بکرێن.
 
زۆربەی ئەو نامانەی کە من بینیومن و بۆ مامۆستا رەفیق حیلمی نووسراون، هەموویان بە گەورە، خاوەنشکۆ، میر، مامۆستا و سەرۆک رەفیق حیلمی ناوزەدی دەکەن، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە مامۆستا کەسایەتییەک بووە کاریگەری بەسەر زۆربەی نووسەران و رۆشنبیرانی سەردەمی خۆیەوە هەبووە، ئەوەتا د.مارف خەزندار لە نامەی سێیەمدا خۆشحاڵی خۆی بۆ رووخانی دەورەی پاشایەتی دەربڕیوە کە بە بەشێک لە خەبات و ماندووبوونی مامۆستا رەفیق حیلمی دادەنێت کە لە ماوەی تەمەنیدا خەباتی بۆ کردووە. رەفیق حیلمی لە سەردەمی پاشایەتیدا کەسێکی نزیکی شێخ مەحموودی حەفید مەلیکی باشووری کوردستان بووە، سەردەمێک راوێژکار و وەرگێڕی تایبەتی مەلیک مەحموود بووە. بیرەوەریەکانی مامۆستا رەفیق حیلمی بە یەکێک لە باشترین یادەوەرییە کوردییەکان دەژمێردرێن کە تائێستا نووسرابن. 
 
ئێمە هەوڵدەدەین بەشێک لەو نامانە لە (رووداو)دا بڵاو بکەینەوە، لە داهاتووش دا زیاتر کاریان لەسەر دەکەین و لە کتێبێکدا ئەرشیفیان دەکەین.
 
 
نامەی یەکەم
 
معروف خزنەدار
مدرسە المتوسطە الشرقیە
کرکوک : ٨\ ٢\ ١٩٥٨
 
بۆ مامۆستای بەرزم پێشکەشە
رۆژتان باش
 
هەواڵتان ئەپرسم، هیوام وایە لە کامەرانی دا بن. 
دوێنێ جمالی برام هات بۆ کەرکووک لە بابەت چاپ کردنی کۆڤاری پێشکەوتن پێ ی ووتم کە لە کەرکووک چاپ بکرێ ...
ماموستا، هەموو ایمکانیەتێکی چاپ لە کەرکووک هەیە، بەڵام زۆر گرانە، بۆ بەڵگە شێخ قادر لە (٥٠) دینار زیاتری صرف کرد بو چاپکردنی ژمارە یەکی (شەفەق)، زیاد لەسەر ئەمەش تیپە کوردیی یەکانی چاپخانەکانی کەرکووک حرەکاتەکانیان نی یە. ملزەمەی بچوک حجمی کوڤاری (هیوا) بە (٧) دینار چاپ ئەکەن، بەڵام کاغەز و شتەکانی تر نرخیان هەر وەکو بەغدا وایە، ئەمە لە لاییک لە لایەکی تریشەوە ئەگەر ویستان لیرە چاپی بکەن، من بۆ هەموو خزمەتێک امادەم. گۆڤاری شەفەق پاش چەند رۆژیکی تر دەرئەچێ، لەم ژمارەیە  ماموستا وهبی شتیکی هەیە لە بابەت ووشەی <<شەفەق>> وەکو تحقیقی صحفی لەگەڵ جمالی برام کردوویەتی، جا بو ژمارە سی (مەبەست ژمارە سێیە) هەر شتیکی وەکو ئەو لە بابەت ئەدەبی کوردی یەوە ئەمانەویت جەنابتان  بیکەن، ئەو ووتارە عەرەبی یەی کە ناردبووت لەوانەیە گەیشتبی، چونکە من لە دوینەوە چاوم بە شیخ قادر نەکەوتووە،
ئیتر زۆر سوپاستان ئەکەم میری گەورەم، وە بو هەموو خزمەتەک امادەم.
 
دڵسوزتان 
 
 
نامەی دووەم 
 
معروف خزنەدار
مدرسە المتوسطە الشرقیە
کرکوک: ٩\١١\١٩٥٩
 
 
بو ماموستای بەرزم  رەفیق حلمی ی بەریز
 
رۆژتان باش،
 
هەوالتان ئەپرسم، هیوام وایە لە خۆشی دابن بو هەمووان.
 
ماموستا، لە راستی دا تا دوینی هەر وام ئەزانی گەراونەتەوە، بەلام کە تووشی مەلا جمیل هاتم باسی جەنابتانی کرد، هەروەها ماموستا (شاکر علی) ش چاوی بە ئیوە کەوتبوو، هەتا ویستبووتان نامەییکیش بە هوی ئەوەوە بو من بنیرن، بەلام نەگەرابووەوە بو نامەکە، بەمەش متاثر بوو، لەبەرئیش و کار زوری هەتا هاتبووە شەمەندەفەر لە بیری نەبوو بوو بۆ نامەکە بگەریتەوە.
ماموستا، ئێمە هەر چاوەروانی ئەوەین بزانین لە بەغدا چی ئیش و کاریکتان پی ئەسپیررێ لەو کاتەی کە ئەگەر نەگەرینەوە سەر ئیش و کارەکەی پیشووتان، چونکە بە هەموو جوریک، لام وایە بەتایبەتی لەم زرووفەدا، سود لە هیمەتی ئێوە وەرنەگیری شتیکی راست نی یە، لە هەموو کاتیکا خویندەواری پیویستی ی بە ئیوە و زانینی ئیوە هەیە.
 
ئیتر هیوام وایە لە خوشی دابن و سەرکەون میرم.
 
قوتابی ی دلسوزتان 
 
نامەی سێیەم 
 
معروف خزنەدار
کەرکوک: ٩\٨\ ١٩٥٨
 
بو ماموستای بەرزم رفیق حلمی بەریز
رۆژتان باش، 
هیوام وایە لە خۆشی و بەختیاری دا بن ...
چاوتان روون، ماموستای گەورەم، بە شورشە مەزنەکەی عیراق، ئەو شورشەی دەمیک بوو بە ئاواتەوە بوون چاوتان پی ی بکەوی، چونکە پالەوانانە بەرامبەر زولم و زورداری وەستا بوون لەو دەورە رووخاوە دا ...
داخی گرانم کە جەنابتان لەگەل شیخ لەتیف تەشریفتان هینا چاوم پیتان نەکەوت، ئەو بەیانی یە بە ئیمە ووترابوو سەعات ٩ لە کەرکووک دەرئەچن تاکو من چووم بو خانقا ئیوە چووبوون بو سلیمانی ...
ئستایش بیستم کە لە بەغداوە -رسمآ- داوا کرابوون، وە زوو گەرانەوە بەغدا .. یونس ئەفەندی هەولتان ئەپرسی ... 
زۆر سوپاستان ئەکەم میری گەورەم.
 
قوتابی دلسۆزتان
 
نامەی سێیەم

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هونەرمەند وەلید مەعرووف. رووداو، هەولێر.

وەلید مەعرووف خەڵاتی زێڕینی پێبەخشرا و دەڵێت: هونەر خۆشەویستییە

لە رێوڕەسمێکدا لە هەولێر، خەڵاتی زێڕینی لقی هەولێری سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان بەخشرا بە هونەرمەند وەلید مەعرووف؛ ئەویش لە پەیامێکدا دەڵێت "هونەر پێش هەموو شتێک خۆشەویستی دەبەخشێت".