رووداو بەڵگەفیلمێک لەبارەی مارف خەزنەدار پەخش دەکات

23-04-2025
پەسار فایەق
دیمەنێک لە بەڵگەفیلمی "مارف خەزنەدار، سەنگین وەکو زنارێک"
دیمەنێک لە بەڵگەفیلمی "مارف خەزنەدار، سەنگین وەکو زنارێک"
نیشانەکردن مارف خەزنەدار
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

"مارف خەزنەدار، سەنگین وەکو زنارێک" بەڵگەفیلمێکی نوێی تۆڕی میدیایی رووداوە، تیشک دەخاتە سەر ژیان و بەرهەمەکانی مارف خەزنەدار، نووسەر و لێکۆڵینڤانی کورد.    
 
بەڵگەفیلمەکە بەرهەمی 2025ـی تۆڕی میدیایی رووداوە و سیروان رەحیم، دەرهێنەر و پرۆدیوسەریەتی، دیار مەرجان مۆنتاژی کردووە. کاژێر 21:00ـی پێنجشەممە 24ـی نیسانی 2025 لە رووداو پەخش دەکرێت.
 
بەڵگەفیلمەکە بە شێوازێکی نوێ، وێنەیەکی زیندووی خەزنەدار بۆ بینەر دەخاتەڕوو. چیرۆکی مرۆڤێکە کە لە سەختترین ساتەکانی مێژووی نەتەوەکەی، چرای ئەدەب و زانستی بەرز راگرتووە.
 
بەرهەمەکە تیشک دەخاتە سەر وێستەگەیەک لە ژیانی خەزنەدار، ئەویش رۆڵی لە گۆڕینی سیستەمی پەروەردەیی، داهێنانە ئەدەبییەکانی، هەوڵەکانی لە زیندوو هێشتنەوەی کولتووری کوردی و تێکۆشانی بۆ پاراستنی ناسنامەی کوردی.
 
فیلمەکە شیکردنەوەیەکی وردە بۆ ژیانی خەزنەدار لە چوارچێوەی قۆناخێکی مێژوویی ئەستەمدا. سەردەمێکە وەک ئەوەی لە فیلمەکەدا هاتووە: "دەربەندێکی پڕ لە زریان و نەواڵێکی لێوڕێژ لە مەرگەسات" بوو بۆ گەلی کورد.
 
لەگەڵ بەڵگەفیلمەکە، کتێبێک بە هەمان ناونیشان بڵاوکراوەتەوە کە بابەتەکانی وردتر و فراوانتر شیکردووەتەوە و دەرفەتێکی زێڕینە بۆ ئەوانەی دەیانەوێت زیاتر لە چیرۆکی ئەم کەسایەتییە ئاشنا بن.
 
بەڵگەفیلمە نەوەک تەنیا تۆماری ژیانی کەسایەتییەکی نێودارە، بەڵکو بەڵگەنامەیەکی گرنگە لەسەر قۆناخێکی هەستیاری مێژووی کوردی، تێیدا کۆمەڵێک مرۆڤی وەک خەزنەدار، باری قورسی پاراستنی کولتوور و ناسنامەی نەتەوەییان لەسەر شان هەڵگرتبوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە