رووداو دیجیتاڵ
هونەرمەند جوان حاجۆ، گۆرانیی "یاری شیرین" بە شێوەزاری سۆرانی و بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ بەرهەمدێنێت و بڵاوی دەکاتەوە. ناوەڕۆکی لەبارەی خۆشەویستیی نیشتمانە.
بەرهەمەکە بۆ یەکەمجار لە رێگەی رووداو بڵاودەکرێتەوە و لە تێکست و ئاوازی جوان حاجۆیە و لە بەرهەمهێنانی ئایهان ئاڤجییە.
گۆرانییەکە بەر لە شەش ساڵ تۆمارکراوە، بۆ یەکەمجار بەشێوەی ڤیدیۆکلیپی ئاکۆستیک بڵاودەکرێتەوە، کاری دەرهێنانی لەلایەن رۆدی دۆغان کراوە.
جوان حاجۆ لە 17ـی ئابی 1957 لە تربەسپیێ لە رۆژئاوای کوردستان لە دایکبووە، ھەر لە منداڵییەوە شەیدای میوزیک بووە و لە 17 ساڵیدا بۆ یەکەمجاری لە شوێنێکی گشتیدا گۆرانیی گوتووە، لە 1979 کوردستان جێهێشتووە و لە زانکۆی "Ruhr Bochum" لە ئەڵمانیا میوزیکی خوێندووە.
ئەو هونەرمەندە خاوەنی 14 ئەلبوومی گۆرانییە، هەواداری لەسەر ئاستی هەرچوار پارچەی کوردستان هەیە، جگە لە ئەزموونی لە بواری میوزیک و گۆرانیدا، وەک ئەکتەریش لە فیلمی سینەمایی "دۆڵ" لە دەرهێنانی هونەر سەلیم رۆڵیگێڕاوە
جوان حاجۆ، یەکەم ئەلبوومی گۆرانیی بەناوی "ئەمینا ئەمینا" لە 1970 بڵاوکردووەتەوە، لە ساڵانی 1979 تاوەکو 2018 ئەم ئەلبوومانەی بڵاوکردووەتەوە: "پێشمەرگە"، "دیاربەکر"، "وەڵاتپەرستی"، "گولا سووڕ"، "لەیلا"، "گرتیێن ئازادیێ"، "چاو بێللا"، "سی و سێ گوللـە"، "دووری"، "بلوورا من"، "داستانا عەگیدەکەی"، "دەریا"، "نا نا"، "Off"، "ڤەگەڕ" و "فەلەک".
دوایین ئەلبوومی ئەو هونەرمەندە بەناوی "لێڤ" بوو کە 11 تراکی گۆرانی لەخۆگرتبوو و چەند گۆرانییەکی کۆنی ئەو هونەرمەندەی لەخۆگرتبوو و هەوادارانی بیرەوەریان لەگەڵیدا هەیە.
ئەلبوومەکە لەم گۆرانیانە پێکدێت: "تو جوانی"، "چافڕەش"، "سەیرۆ"، "مەکتووب"، "گولەک"، "یارا دەرەو"، "لێڤ"، "میراگێ" (میوزیکە)، "های لێ"، "حەز دکم" و "گولەک" (ریمیکس).
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ