رووداو دیجیتاڵ
سەرەڕای ساردیی پاییزی چیای کۆڕەک، خەڵکێکی زۆر بە گەرموگوڕییەوە ئامادەی کۆنسێرتی جوان حاجۆ، هونەرمەندی ناسراوی رۆژئاوای کوردستان بوون.
ئەمە سێیەم کۆنسێرتی ئەو هونەرمەندە بوو لە ماوەی سێ رۆژدا لە باشووری کوردستان، یەکەمیان لە دهۆک، دووەمیان لە کۆڕنیشی زاخۆ و سێیەمیشیان لە چیای کۆڕەک بوو.
ئامادەبووانی کۆنسێرتەکە لە سەرجەم بەشەکانی کوردستان، تەنانەت لە دەرەوەی وڵاتیشەوە هاتبوون، هەموویان بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی دەنگی جوان حاجۆ بوون.
زولەیخا، خەڵکی کۆبانییە و لەگەڵ منداڵەکانی هاتبوو، بە رووداوی گوت: "ئێمە خەڵکی کۆبانێین، کە بیستمان ئاهەنگی جوان حاجۆ هەیە، یەکسەر من و منداڵەکانم تکتمان بڕی، دەرفەتێکی خۆشە، ئێمە زۆر دڵخۆشین، چونکە ئەمڕۆ گوێ لە جوان حاجۆ دەگرین".
بەر لە دەستپێکردنی کۆنسێرتەکە، ژمارەیەک هەواداری هونەرمەند جوان حاجۆ لە دەورووبەری کۆببوونەوە و وێنەیان لەگەڵدا گرت و لەبارەی کۆنسێرتەکانی لە دهۆک و زاخۆ گوتی: "زۆر خۆش بوون و کوردستانی بوون". هەروەها خۆشەویستی بۆ هەوادارانی هەبوو و گوتی: "هەموویان لەباوەش دەکەم و ماچیان دەکەم، هەموویان برا و خوشکی منن".
سەرحەد عوسمان، لە باکووری کوردستانەوە هاتبوو و گوتی: "زۆر خۆش بوو، کەشوهەواکە زۆر خۆش بوو، کوردستانی بوو، جەژنێکی خۆش بوو بەڕاستی. هیوادارم دەستخۆشی لە هەڤاڵ و هاوڕێیان بکەم".
رۆستەم عیسا، لە باکووری کوردستانەوە هاتبوو و گوتی: "ئێمە لە باتمانەوە هاتووین، لە باکووری کوردستان. من و هاوڕێکانم، شەومان بەڕێکرد و هاتین بۆ ئەم ساتە، واتە بۆ ئەوەی گوێ لەم دەنگە جوانە بگرین. با لە هەموو کوردستان بڵاوبێتەوە، با ئێمەش بەم دەنگە شاد بین".
ژمارەیەک گەنج پێکەوە لە کۆنسێرتەکە ئامادەبوون و هەریەکەیان بە پەرۆشەوە چاوەڕێی گۆرانییە دڵخوازەکانی خۆیان بوو بە دەنگی ئەو هونەرمەندە کورد.
کۆنسێرتەکە، ئێوارەی سێشەممە 28ـی تشرینی یەکەمی 2025 بە سپۆنسەریی کۆڕەک تیلیکۆم و سپۆنسەریی میدیایی تۆڕی میدیایی رووداو سازکرا.
جوان حاجۆ یەکەم گۆرانیی لە تەمەنی 17 ساڵیدا گوتووە، ئەمجارە لە تەمەنی 68 ساڵیدا، لەسەر چیای کۆڕەک گۆرانییەکانی خۆی پێشکێشکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ