حەسەن غەفوور بە بەرهەمێک یانەی هەولێر هاندەدات

25-10-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
حەسەن غەفوور، لە ستۆدیۆی هەواڵەکانی رووداو
حەسەن غەفوور، لە ستۆدیۆی هەواڵەکانی رووداو
نیشانەکردن حەسەن غەفوور شێرە کوڕانی هەولێر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

هونەرمەند حەسەن غەفوور، نوێترین بەرهەمی بە ناوی (شێرە کوڕانی هەولێر) پێشکێش بە یانەی تۆپی پێی هەولێر دەکات. ئەم بەرهەمە لە کاتێکدا دێت کە یانەی هەولێر ئامادەکاری دەکات بۆ یارییەکانی خولی نایابی عێراق. 
 
حەسەن غەفوور، میوانی هەواڵەکانی کاژێر 12:00ـی رۆژی هەینی 24ـی تشرینی یەکەمی 2025ـی رووداو بوو و لەگەڵ فوئاد رەحیمی، پێشکێشکاری رووداو؛ وردەکاری زیاتری لەبارەی بەرهەمەکە ئاشکرا کرد.
 
بەرهەمە نوێیەکەی حەسەن غەفوور بە شێوازێکی جیاواز لە فۆڕمی پرسیار و وەڵامدا دانراوە، تێیدا هاندەران بە کۆرس دەڵێن (شێرە کوڕانی هەولێر). ئەمەش شێوازێکی نوێیە بۆ هاندانی یاریزانان و دروستکردنی پەیوەندییەکی بەهێزتر لەنێوان هاندەران و یانەکەیان. هونەرمەند ئاماژەی بەوەدا کە دوای 20 ساڵ بەرهەمێکی لەم شێوەیەی بۆ یانەی هەولێر گوتووەتەوە و هیوادارە ببێتە هاندەرێکی باش بۆ یاریزانان.
 
تێکستی گۆرانییەکە لەلایەن شاعیر، رێدار سابیر، نووسراوە و ئاوازەکەشی لەلایەن حەسەن غەفوور خۆیەوە دانراوە. غەفوور باسی لەوە کرد، بیرۆکەی بەرهەمەکە لە سۆشیال میدیاوە هاتووە، کاتێک پۆستێکی بینیوە، تێیدا نووسرابوو "هەر بژیت شێرە کوڕانی هەولێر"، ئەمەش بووەتە ئیلهام بۆ بەرهەمهێنانی گۆرانییەکە.
 
بڵاوکردنەوەی ئەم بەرهەمە هاوکات بوو لەگەڵ نۆژەنکردنەوەی یاریگەی فەرانسۆ هەریری و یاریی نێوان یانەی هەولێر و یانەی شورتە لە چوارچێوەی خولی نایابی عێراقدا. 
 
لە درێژەی دیدارەکەیدا، حەسەن غەفوور باسی لە کارەکانی داهاتووی خۆی کرد و ئاشکرای کرد، بەرهەمێکی نوێی لەژێر ناوی (نە هەڵەی من، نە هەڵەی تۆ) لە بەردەستدایە. هەروەها ئاماژەی بەوەشدا، حەز دەکات بەرهەمێک لەسەر ژینگە دروست بکات، بەڵام تائێستا تێکستێکی گونجاوی دەستنەکەوتووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە