رووداو دیجیتاڵ
بەشی دووەمی فیلمی (Wicked: For Good)ـی بەرهەمی کۆمپانیای یوونیڤێرساڵ، لە یەکەم هەفتەی نمایشکردنیدا ژمارەی پێوانەیی شکاند و داهاتەکەی لەسەر ئاستی جیهان 223 ملیۆن دۆلاری تێپەڕاند، بەمەش بووە فریادڕەسی بۆکس ئۆفیسی سینەماکان.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، فیلمەکە تەنیا لە ئەمریکای باکوور لە 4115 سینەما نمایشکراوە و داهاتەکەی گەیشتووەتە 147 ملیۆن دۆلار. بینەران پێشوازییەکی گەرمیان لە فیلمەکە کردووە و پلەی Aـیان پێداوە، هاوکات لە ماڵپەڕی (Rotten Tomatoes) رێژەی 95%ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.
لە دەرەوەی ئەمریکاش، فیلمەکە لە 78 بازاڕی جیهانی نمایشکرا و 76 ملیۆن دۆلاری کۆکردەوە، کۆی گشتی داهاتی دەستپێکی گەیاندە 223 ملیۆن دۆلار.
سەرکەوتنی (Wicked: For Good) بوژانەوەیەکی گەورەی بەخشییە سینەماکانی ئەمریکا کە لە وەرزی پاییزدا بەدەست کەمیی فیلم و داهاتەوە دەیانناڵاند. ئامارەکان دەریدەخەن خانمان هۆکاری سەرەکی ئەو سەرکەوتنە بوون و نزیکەی 70%ـی بینەرانی فیلمەکە لە رەگەزی مێ بوون.
فیلمەکە لە دەرهێنانی جۆن ئێم چووە، تێیدا ئاریانا گراندی و سینتیا ئێریڤۆ رۆڵی سەرەکی دەگێڕن.
بەشی نوێی (Wicked) توانی چەندین ریکۆرد بشکێنێت، لەوانە گەورەترین دەستپێک بۆ فیلمێک کە لە شانۆگەرییەکانی برۆدوەیەوە وەرگیرا بێت، بەمەش پێش بەشی یەکەمی فیلمەکە کەوتەوە کە ساڵی رابردوو داهاتی 112.5 ملیۆن دۆلاری هەبوو.
هەروەها بە سێیەم گەورەترین دەستپێکی فیلمی میوزیکاڵ لە مێژوودا دوای فیلمی
(The Lion King و Beauty and the Beast) دەناسرێت. لە هەمانکاتتدا وەک دووەم باشترین دەستپێکی سێ رۆژە لە 2025ـدا؛ لە دوای فیلمی (A Minecraft Movie) دێت.
فیلمی (Now You See Me: Now You Don’t) لە هەفتەی دووەمیدا بە کۆکردنەوەی 9.1 ملیۆن دۆلار لە ریزبەندی دووەمدا هات.

فیلمی (Predator: Badlands) بە 6.3 ملیۆن دۆلار لە ریزبەندی سێیەمدا جێگیر بوو.

فیلمی (The Running Man) تووشی شکست بووە و بە کۆکردنەوەی 5.8 ملیۆن دۆلار بۆ ریزبەندی چوارەم دابەزی.

فیلمی درامایی (Rental Family) بە کۆکردنەوەی 3.3 ملیۆن دۆلار لە ریزبەندی پێنجەمدا هات.

بڕیارە سبەی چوارشەممە 26ـی تشرینی دووەمی 2025، رکابەرییەکان بەهێزتر ببن، کاتێک بەشی نوێی فیلمی ئەنیمەیشنی (Zootopia) دەچێتە سینەماکانەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ