لە ئیسپانیاوە بۆ یۆنان .. هەوڵی ئەیوب عەلی بۆ ناساندنی میوزیکی کوردی بەردەوامە

26-06-2025
پەسار فایەق
نیشانەکردن ئەیوب عەلی
A+ A-

 

رووداو دیجیتاڵ
 
هونەرمەند ئەیوب عەلی، لە هەوڵی بۆ ناساندنی میوزیک و کولتووری کوردی بەردەوامە، لە کۆنسێرتێکدا لە یۆنان، بە جلوبەرگی کوردییەوە میوزیک و گۆرانیی کوردی پێشکێشکرد.
 
ئەیوب عەلی بە رووداوی راگەیاند، وەکو هونەرمەندی میوان لە کۆنسێرتێکی گۆرانی و میوزیکی یۆنانی لەو وڵاتەدا بەشداربوو و میوزیک و گۆرانیی کوردی پێشکێشکرد.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، کۆنسێرتەکە تایبەت بوو بە دوو ئەستێرەی برا کە لە نێو میوزیک و گۆرانی یۆنانیدا بەناوبانگن، ئەویش ماتیۆس تساهوريديس و ‏كونستانتينوس تساهوريديسە.
 
کۆنسێرتەکە لە 22ـی حوزەیرانی 2025 لە شاری سالانیک بەڕێوەچوو، ئەیوب عەلی بە جلوبەرگی کوردییە جگە لە گوتنەوەی چەند گۆرانییەکی کوردی، ئامێری سازیشی ژەنی.
 
ئەو هونەرمەندە کوردە چەند جارێک لەگەڵ گرووپی میوزیکی بیانی کاری کردووە و لەبارەی ناساندنی میوزیکی کوردی بە جیهان پێشتر بە رووداوی راگەیاندبوو: "هێندەی لە توانای هونەریمدا بێت؛ بە شانازییەوە بەردەوام دەبم لە ناساندنی میوزیکی زەنگینی کوردی بە جیهان".
 
ئەیوب عەلی، لە 3ـی حوزەیرانی 2025 لەگەڵ گرووپی سێ گیتارژەنە نێودەوڵەتییە بەناوبانگەکەی وڵاتی ئیسپانیایە بەناوی "بارسێلۆنا گیتار ترییۆ"، کۆنسێرتێکی لە شاری بارسێلۆنای ئیسپانیا سازکرد و چەند گۆرانییەکی بە کوردی پێشکێشکرد. 
 
هەوڵەکانی گۆرانیبێژ بۆ ناساندنی میوزیک و گۆرانی کوردی لە جیهاندا زۆرن، لە 2023 بە جلوبەرگی کوردییەوە گۆرانی کوردی لە بەناوبانگترین هۆڵی شاری ئێدنبرەی سکۆتلاند پێشکێشکرد. لە 2019 لە کەناڵێکی یۆنانی بە جلوبەرگی کوردییەوە، گۆرانی کوردی پێشکێشکرد.
 
بەشێکی دیکەی هەوڵەکانی بۆ ناساندنی هونەر و کولتووری کوردی، لە رێگەی پڕۆژەی نیشتمان بوو، ئەویش بە بڵاوکردنەوەی ئەلبوومی "نیشتمان سێ" کە بە سپۆنسەری تۆڕی میدیایی رووداو بڵاوکرایەوە، هەروەها سازکردنی چەند کۆنسێرتێک بۆ ناساندنی ئەلبوومەکە لە ئەوروپا.
 
ئەیوب عەلی لە 1973 لە سەنگاو لە دایکبووە، لە 1998 بڕواننامەی بەکالۆریۆسی لە ئەندازیاری میکانیک لە زانکۆی سەلاحەدین وەرگرتووە، لە قۆناغی زانکۆدا چالاکییەکانی لەبواری میوزیک و گۆرانی دەستپێکرد، لە ساڵانی 1995- 1998 لە رادیۆ کوردییەکان گۆرانی تۆمارکردووە، لە 1999 کوردستانی جێھێشت و لە بەریتانیا نیشتەجێبووە.
 
ئەیوب عەلی خاوەن حەوت ئەلبوومی گۆرانییە، "دڵم مەشکێنە" لە 2003، "خەمێکی بێ کۆتایی" لە 2004، "ماڵئاوایی" لە 2006، "مۆم" لە 2009، "ئەلبوومێکی بێ ناونیشان" لە 2011، "بێ سنوور" لە 2014 و "پەیکەر" لە 2021.
 
جگە لە ئەلبووم چەند گۆرانییەکی تاکی بڵاوکردووەتەوە، لەوانە "کوردم" لە 2015، "تریفەی پێکەنین" لە 2015، "بەڵێ عاشقم" لە 2019 کە بەرهەمێکی دوێتە لەگەڵ هونەرمەند بڵند عەبدوڵڵا و "نامەکانت" لە 2020، نوێترین بەرهەمیشی، ڤیدیۆکلیپێکە بەناوی "چۆڵەکە" کە لە 20ـی ئابی 2022 بڵاوکرایەوە.
 
 
 
 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێک لە فیلمی (ژیانی کڵۆ بەفرێک)

کازم ئۆز چیرۆکی خۆشەویستیی کچێکی تورک و کوڕێکی کورد لە هەولێر پێشاندەدات

ناوەندی سینەمای هەولێر، فیلمی سینەمایی (ژیانی کڵۆ بەفرێک) لە دەرهێنانی کازم ئۆز، دەرهێنەری کورد و بە ئامادەبوونی دەرهێنەرە لە هەولێر پێشاندەدرێت. فیلمەکە چیرۆکێکی ئەوینداریی نێوان کچێکی تورک و کوڕێکی کورد لە باکووری کوردستان دەگێڕێتەوە.