رووداو دیجیتاڵ
لە هەفتە نمایشی جلوبەرگی میلان، تایبەت بە جلوبەرگی ژنان بۆ پاییز و زستانی 2025/2026، دیزاینەرێکی کورد بەشدارە کە تەمەنی 22 ساڵە و کۆمەڵە دیزاینەکانی تایبەت بە جلوبەرگی بووکێنی دەخاتەڕوو.
دارکۆ ئیدریس، دیزاینەرێکی گەنجی سلێمانییە و تەمەنی 22 ساڵە و خوێندکاری قۆناخی چوار کۆلێژی پزیشکییە، بە رووداوی راگەیاند، بە کۆلێکشنێکی جلوبەرگی بووکێنی لە چوارچێوەی چالاکییەکانی هەفتە نمایشی جلوبەرگی میلان بەشدار دەبێت و لەگەڵ سێ دیزاینەری دیکەی تایبەت بەو بوارە دیزاینەکانی دەخاتەڕوو. گوتیشی: "یەکەم کەسم لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق، لە هەفتە نمایشەکەدا بەشدار دەبم".
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لە کۆمەڵە دیزاینەکەیدا، 15 دیزاین دەخاتەڕوو و رەنگدانەوەی کولتوور و تێڕوانینی کوردانەی خۆی تێیدا هەیە، چونکە کوردیش شوێن پەنجەی خۆی لە بواری فاشندا دیارە، لەوانەش لە دیزاینکردنی جلوبەرگی بووکێنی.
دارکۆ ئیدریس، روونیشیکردەوە، دڵخۆشە بە بەشداریکردنی لە هەفتە نمایشەکە، چونکە ژمارەیەکی زۆر دیزاینەر بەرهەمەکانیان دەنێرن و بەشێکی کەمیان رەزامەندی لەسەر دەدرێت. ئەوەشی خستەڕوو: "500 نموونەم لە دیزاینەکانم بۆ هەفتە نمایشەکە ناردبوو، جگە لەوەی دیزاینەکانیان بە دڵ بووە، کەمی تەمەنمیشم بۆ ئەوان سەرنجڕاکێش بووە".
هەفتە نمایشەکە رۆژی سێشەممە 25ـی شوبات 2025 دەستیپێکرد وتاوەکو 2ـی ئاداری داهاتوو لە میلانی ئیتاڵیا بەردەوام دەبێت.
بڕیارە کۆمەڵە دیزاینەکانی دارکۆ ئیدریس، کاژێر 8:00ـی ئەمشەو پێنجشەممە (بە کاتی کوردستان)، لە میلانی ئیتاڵیا بەڕێوەبچێت.
هەفتە نمایشی جلوبەرگی میلان، لەگەڵ هەفتە نمایشی جلوبەرگی پاریس، لەندەن و نیویۆرک، بە گرنگرتین چوار چالاکی گرنگی بواری فاشن لە جیهاندا دەناسرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ