رووداو دیجیتاڵ
شاری ڤێنیسی ئیتاڵیا چاوەڕوانیی بەڕێوەچوونی ئاهەنگی سەدە دەکات.
پێکهێنانی ژیانی هاوژینیی جێف بیزۆس، سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبردنی کۆمپانیای ئەمازۆن و چوارەم دەوڵەمەنترینی جیهان لەگەڵ لۆرین سانچێزی رۆژنامەڤان.
گویدۆ، هاوووڵاتیی ئیتاڵییە و دەڵێت: "بیزۆس دەڵێت، ڤێنس جوانترین شاری جیهانە و هەربۆیە ئێرەی هەڵبژاردووە. ئەوەش شتێکی ئاساییە".
چاوەڕوان دەکرێ ئاهەنگەکەی بیزۆسی 60 ساڵ و لۆرینی 55 ساڵ زیاتر لە 55 ملیۆن دۆلاری تێبچێت و هەفتەیەک بخایەنێت.
لۆرین 27 جلوبەرگی ئامادە کردووە و رۆژانە بە گوێرەی ئاهەنگەکان دەیانگۆڕێ.
ئاهەنگە سەرەکییەکە رۆژی شەممەلە دوورگەی سان جۆرجیۆ ماجورێ بەڕێوەدەچێت و چاوەڕێ دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوویشدا نزیکەی 100 فرۆکەی تایبەتی میوانەکان بچنە ڤێنس.
پێنج لە باشترین هۆتێلەکانی شارەکە بۆ 200 بۆ 250 میوان گیراون.
چەندین کەسایەتی بەشداری لە ئاهەنگەکە دەکەن، لەوانە ئیڤانکا ترەمپ، کچی سەرۆکی ئەمریکا و جێرد کوشنەری هاوژینی، هەروەها ئەستێرەکانی وەک لیناردۆ دیکاپریۆ، کیم کارداشیان، ئۆپرا وینفری و شاژنە رانیای ئوردن.
رێکخەرانی ئاهەنگەکە، لانیکەم 30 تەکسیی ئاوییان لە کۆمپانیا جیاوازەکانی ڤێنیس بۆ میوانانی ئاهەنگەکە گرتووە.
وەزارەتی گەشتوگوزاری ئیتاڵیا دەڵێ، پێشبینی دەکات ئاهەنگەکە نزیکەی یەک ملیار یۆرۆ داهات بۆ شارەکە بهێنێت.

سیمۆنێ ڤێنتورینی، ئەندامی ئەنجوومەنی شاری ڤێنیس بۆ کاروباری گەشتیاری دەڵێت: "ئەم جۆرە بۆنانە داهاتێکی زۆر بۆ شارەکە، بۆ کۆمپانیا بچووکەکان، بزنسە خێزانییەکان و کۆمپانیا گەورەکانیش لە ڤێنیس دابین دەکەن. ژمارەیەکی زۆر هۆتێل، رێستورانت، بەلەم، گوڵفرۆش، ئارایشتگەر و تەکنیککار کاریان دەست دەکەوێ، هەروەها خەڵکێکی زۆر بەهۆی لەم بۆنانەدا کار دەکەن ."
چالاکڤانانی ژینگە ئاماژە بە زیانی ژینگەیی یەختەکان و دەیان فڕۆکەی تایبەت دەکەن کە کەسایەتییە دەوڵەمەند و ناودارەکان دەیانبەنە شارەکە.
بۆیە، بیزۆس بڕیاری داوە سێ ملیۆن یۆرۆ بۆ پاراستنی ژینگەی ڤێنس لە کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا تەرخان بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ