بەهایدن ناونیشانی کتێبێکی شێرزاد حەسەن بۆ ناوی پێشانگەکەی هەڵدەبژێرێت

27-09-2025
پێشەوا بەختیار
شێوەکار بەهایدن لە پێشانگەی (گوڵی رەش)
شێوەکار بەهایدن لە پێشانگەی (گوڵی رەش)
نیشانەکردن بەهایدن گوڵی رەش
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە پەراوێزی کۆنفرانسی کوردناسی لە سلێمانی، شێوەکار بەهایدن، پێشانگەیەکی تایبەتی بە ناوی (گوڵی رەش) کردەوە، لە رێگەی رەنگی رەشەوە گوزارشت لە قوڵایی مرۆڤبوون و جیهانبینیی خۆی دەکات.
 
سەبارەت بە ناونیشانی پێشانگەکە، بەهایدن بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، (گوڵی رەش) لە یەکەمین کتێبی شێرزاد حەسەن، چیرۆکنووس و رۆماننووس وەرگیراوە و بۆ ئەو خوێندنەوەیەکی جیاواز بووە. گوتشی: "هاتم (گوڵی رەش)ـم کرد بە دووبارە کردنەوەیەکی جیاوازی شێوەکاری".
 
هونەرمەند باسی لە فەلسەفەی هەڵبژاردنی رەنگی رەش دەکات و دەڵێت، "قوڵایی رەنگی رەش لە رەنگی سوور مەزنترە، تێڕامانی زۆرترە. رەنگی سوور سنووردارە، بەڵام رەنگی رەش کۆتاییەکی زۆر دووری هەیە، هەرچەند کاری تێدا بکەیت، تەواو نابێت".
 
بەهایدن جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەیەوێت وەک هونەرمەندێکی کورد، هونەرێکی سەردەمیانە پێشکێش بکات، ئامانجی ئەوەیە "قوڵاییەکی مۆدێرن و سەردەمیانە" پێشکێشی بینەر بکات و خۆی وەک هونەرمەندێک لە چوارچێوەی هونەری جیهانیدا جیا بکاتەوە.
 
بەهایدن لەدایکبووی سلێمانییە و ئاماژە بەوە دەکات، لە هیچ قوتابخانەیەکی فەرمی نەخوێندووە و مامۆستاکانی ئەو، کەسایەتییە دیارەکانی وەک مامۆستا جەلال عەبدە، ئیسماعیل خەیات و سەروەر سەوز بوون، کە بە قوتابخانەی بینین و روانینی خۆیانیان دادەنێت.
 
سەبارەت بە کارە داهاتووەکانی، ئاشکرای کرد، لە حوزەیرانی داهاتوودا لە شاری ئۆساکای وڵاتی ژاپۆن، پێشانگەیەکی دیکە دەکاتەوە، تێیدا باس لە "وێنە لەناو هونەری شێوەکاریی کوردیدا" دەکات.
 
بەهایدن پەیامی سەرەکیی هونەرەکەی بە وتەیەکی جەلالی مامۆستای کۆتایی پێهێنا و گوتی: "هونەر بۆ مرۆڤبوونە، نەک بۆ خۆبەزلزانین. هونەر ئەگەر نەمانکات بە مرۆڤێکی جوان، پێویستە وازی لێبێنین".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە