رووداو دیجیتاڵ
زنجیرەی "Squid Game"، زۆتریرن بینەری لە یەک هەفتەدا لە 2024ـدا هەبووە، لە ماوەی نێوان 23 تاوەکو 29ـی کانوونی یەکەم، 4.9 ملیار خولەک لە تۆڕی نێتفلێکس بینراوە.
داتاکە لەلایەن کۆمپانیای "نێڵسن" بۆ توێژینەوە لەبارە بەرهەمە بینراوەکان کراوە.
وەرزی دووەمی زنجیرەکە لە 26ـی کانوونی یەکەمی 2024 بڵاوکرایەوە، بەڵام پێشوازی بینەران تەنیا لە وەرزی دووەم نەبووە، بەڵکو بۆ هەردوو وەرزی زنجیرەکەیە لە ماوەی یەک هەفتەدا، چونکە داتاکان سێ رۆژ بەر لە بڵاوکردنەوەی وەرزی دووەمی زنجیرەکە لە نێتفلێکس وەرگیراون.
ژمارەی خولەکە بینراوەکان بەسەر 16 ئەڵقەی زنجیرەکەدا دابەشکراون، نۆ ئەڵقەی وەرزی یەکەم و حەوت ئەڵقەی وەرزی دووەم، تەنیا وەرزی دووەمی زیاتر لە چوار ملیار خولەک لە ماوەی نێوان 26 تاوەکو 29ـی کانوونی یەکەمی 2024 بینراوە، پێشبینی دەکرێت تاوەکو ئێستا ئەو ژمارەیە زۆر بەرزتر بووبێتەوە.
لە هەمان ماوەدا لە تۆڕی نێتفلێکس، زنجیرەی "Virgin River" 2.2 ملیار خولەک بینین، فیلمی "Red One" 1.8 ملیار خولەک بینین و فیلمی "Carry-On" 1.5 ملیار خولەک بینینی هەبووە.
وەرزی دووەمی "Squid Game" بە سێیەم بەرهەم هەژمار دەکرێت کە لە وەرزێکدا زۆرترین بینەری لە مێژووی نێتفلێک دا هەبێت، لە ریزبەندی یەکەمدا وەرزی یەکەمی ئەو زنجیرەیە بە 265 ملیۆن بینین دێت و لە ریزبەندی دووەمیشدا زنجیرەی "Wednesday" دێت کە 252 ملیۆن بینراوە.
وەرزی دووەمی "Squid Game" تەنیا لە ماوەی چوار رۆژدا 68 ملیۆن جار بینراوە، بەمەش دەبێتە بەهێزترین بەرهەمی ئەو تۆڕە کە لە دەستپێکی بڵاوکردنەوەی زۆرترین بینەری هەبێت.
لە دوای تێپەڕبوونی 11 رۆژ وەرزی دووەمی زنجیرەکە 126.2 ملیۆن جار بینراوە، بەمەش هیچ بەرهەمێکی تەلەڤزیۆنی لەو ماوەیەدا نەیتوانی ئەو ژمارەیە تۆمار بکات.
"Squid Game" زنجیرەیەکی تەلەڤزیۆنیی کۆریای باشوورە، وەرزی یەکەمی لە دەرهێنانی هوانگ دۆنگ – هیوکە، هەریەک لە لی یۆنگ – جای، پارک های – سو و وی ها – جۆن رۆڵی سەرەکییان تێدا گێڕاوە.
چیرۆکی باس لە بەشداری 456 کەس لە یارییەکدا دەکات بۆ بردنەوەی 38 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی، بەڵام کاتێک لە یارییەکەدا بەشدار دەبن بۆیان دەردەکەوێت تەنیا یەک براوە هەیە و ئەوانی دیکە کەسیان بە زیندوویی نامێنێ، لە وەرزی دووەمیدا درێژە بە یارییە مەترسیدارەکە دەدرێت کە لە بنەڕەتدا لە یارییەکی منداڵان وەرگیراوە و لە راستیدا مردن چاوەڕێی بەشداربووان دەکات و تەنیا یەک براوە هەیە.
چیرۆکی ئەم بەرهەمە لە یارییەکی منداڵانی کۆریایی وەرگیراوە و بە هەمان ناوی یارییەکە کراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ