ئەستێرەیەکی (The Wire) و هاوڕێی سپایک لی کۆچی دوایی کرد

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەسار فایەق
نیشانەکردن ئایزیا ویتڵۆک جونیەر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئایزیا ویتڵۆک جونیەر، ئەکتەری ئەمریکی کە بە رۆڵە سەرنجڕاکێشەکانی لە زنجیرە دراماکانی (The Wire) و (Veep) و فیلمەکانی دەرهێنەر سپایک لی دەناسرایەوە، لە تەمەنی 71 ساڵیدا کۆچی دواییکرد.
 
برایان لیبمان، بەڕێوەبەری کارەکانی ویتڵۆک رایگەیاند، ئەو ئەکتەرە رۆژی سێشەممە، لە شاری نیویۆرک، دوای ململانێیەکی کورت لەگەڵ نەخۆشی، کۆچی دوایی کرد.
 
ویتڵۆک لە پێنج وەرز و 25 ئەڵقەی زنجیرەی تەلەڤزیۆنیی (The Wire)ـدا، رۆڵی کڵەی دەیڤسی گێڕا، کە سیناتۆرێکی گەندەڵ بوو. ئەو کارەکتەرە بەهۆی دەربڕینە سەرنجڕاکێش و کۆمیدییەکانییەوە؛ ببووە یەکێک لە کارەکتەرە دڵخوازەکانی هەوادارانی زنجیرەکە.
 
سپایک لی، کە لە پێنج فیلمی جیاوازدا پێکەوە کاریان کردووە، بۆ کۆچی دوایی ئەو ئەکتەرە گوتی: "ئەمە زیانێکی زۆر گەورەیە. تاوەکو کۆتایی ژیانم بیری دەکەم. ئەو رۆحێکی زۆر جوانی هەبوو؛ کاتێک لە دەوروبەرت بوو، هەستی بەختەوەریی بە هەمووان دەبەخشی".
 
ویتڵۆک جگە لە بەشداریکردنی لە فیلمە ناسراوەکانی وەک (BlacKkKlansman) و (Da 5 Bloods)، لە زنجیرەی کۆمیدیی (Veep)ـیشدا رۆڵی جۆرج مادۆکس، وەزیری بەرگریی ئەمریکای گێڕاوە.
 
دەیڤد سایمان، دروستکەری زنجیرەی (The Wire) سەرەخۆشیی خۆی دەربڕی و نووسیویەتی: "ئایزیا هێندەی ئەوەی ئەکتەرێکی لێهاتوو بوو، مرۆڤێکی باش و بەڕێزیش بوو".
 
ئایزیا ویتڵۆک لە ویلایەتی ئیندیانا لەدایکبووە. پێش ئەوەی روو لە جیهانی نواندن بکات، یاریزانی تۆپی پێی ئەمریکی بوو لە زانکۆی ساوسوێست مینیسۆتا، بەڵام بەهۆی پێکانەوە وازی لە وەرزش هێنا و دەستی بە خوێندنی شانۆ کرد. ئەو لە کۆتایی هەشتاکاندا بە رۆڵی بچووک لە فیلمەکانی وەک (Goodfellas) و (Gremlins 2) دەستی بە کارەکانی کرد.
 
کۆچی دوایی ویتڵۆک لە کاتێکدایە کە لە چەند هەفتەی رابردوودا جەیمس رانسن، ئەکتەرێکی دیکەی دیاری زنجیرەی (The Wire) کۆچی دوایی کرد.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە