داهاتی 'Avatar' لە ملیارێک و نیو نزیک دەبێتەوە

02-01-2023
پەسار فایەق
نیشانەکردن 'Avatar' 'Avatar: The Way of Water'
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

'Avatar: The Way of Water' بەشی دووەمی زنجیرە فیلمی 'Avatar' بەردەوامە لە بەدەستهێنانی داهات و داهاتی لە ملیارێک و نیو دۆلار نزیک دەبێتەوە.
 
ئەم بەرهەمە سینەماییە لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا، توانی 82 ملیۆن و 400 هەزار دۆلار لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور بەدەست بێنێت، بەمەش کۆی داهاتی گەیشتە یەک ملیار و 397 ملیۆن و 417 هەزار دۆلاری ئەمریکی.
 
کۆی داهاتی 'Avatar: The Way of Water' لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور 440 ملیۆن و 517 هەزار دۆلار و داهاتی لە سینەماکانی دیکەی جیهاندا 957 ملیۆن دۆلارە و تاوەکو ئێستا تەنیا شەش فیلم لە مێژووی سینەمای جیهاندا داهاتیان لە دوو هەفتەدا یەک ملیار دۆلاریان تێپەڕاندووە.
 
دواکەوتنی بەشی دووەمی ئەم بەرهەمە سینەماییە، چەند ساڵێک بە کاری بەرهەمهێنانییەوە پەیوەیست بوو، بەم دواییەش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، کاریگەری لەسەر دواخستنی بڵاوکردنەوەی هەبوو و بودجەی بەرهەمهێنانی 350 ملیۆن دۆلارە.
 
بەشی یەکەمی 'Avatar' لە جۆری فیلمەکانی خەیاڵی زانستییە، بە بڕی 237 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بەرهەمهاتووە، لە یەکەم هەفتەی نمایشکردنیدا لە هۆڵە سینەماییەکانی ئەمریکای باکووردا، زیاتر لە 77 ملیۆن دۆلاری بەدەستهێنا.
 
بەشی یەکەمی ئەم بەرهەمە، چەندین خەڵاتی بەدەستهێناوە، لەوانە سێ خەڵاتی ئۆسکار، لە کۆی ئەو نۆ خەڵاتەی بۆی بەربژێرکرابوو.
 
'Avatar' لە 2009 بەرهەمهات، جەیمس کامیرۆن، دەرهێنەری و بەرهەمهێنەری ئەمریکی کاری دەرهێنانی بۆ کرد و دوو ملیار و 922 ملیۆن و 917 هەزار دۆلاری لە سینەماکانی جیهاندا بەدەستهێنا.
 
ئەو داهاتە زۆرە وایکرد، بەرهەمهێنەرانی بیر لە بەرهەمهێنانی بەشی دووەمی بکەنەوە، دواتریش بڕیاری چوار بەشی دیکەی درا، بەڵام لە دوای تێپەربوونی 13 ساڵ، بڕیاری بڵاوکردنەوەی بەشی دووەمی درا، ئەمەش ناڕەزایەتی هۆگرانی ئەم فیلمەی بەدوای خۆیدا هێنا.
 
چیرۆکی فیلمەکە لەلایەن جەیمس کامیرۆن نووسراوە و رووداوەکانی ئەم بەرهەمە لە 2154 روودەدەن و بڕیاربوو لە 1997 بکرێتە فیلم، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەوکات تەکنەلۆژیا زۆر پێشکەوتوو نەبووە، بۆیە بەرهەمهێنانی دواخرا.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە