دەرکەوتنی گوڵشیفتە فەراهانی لەگەڵ گرووپی کۆڵدپلەی دەنگیداوەتەوە

02-11-2022
پەسار فایەق
گوڵشیفتە فەراهانی لەگەڵ گرووپی کۆڵدپلەی
گوڵشیفتە فەراهانی لەگەڵ گرووپی کۆڵدپلەی
نیشانەکردن گوڵشیفتە فەراهانی گرووپی کۆڵدپلەی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ڤیدیۆیەکی گوڵشیفتە فەراهانی، ئەکتەری ئێرانی لەگەڵ گرووپی میوزیکی کۆڵدپلەی، دەنگیداوەتەوە و بەشێوەیەکی بەرچاو لە تۆ‌ڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراوەتەوە.
 
کۆڵدپلەی، یەکێک لە بەناوبانگترین گرووپە میوزیکییەکانە لە جیهاندا، لە دوایین کۆنسێرتیدا لە بۆینس ئایرێسی ئەرجەنتین، کە گوڵشیفتە فەراهانی تێیدا ئامادەبووە، بانگهێشتی سەر ستەیج دەکرێت و یەکێک لە بەناوبانگترین گۆرانییە فارسییەکان بەناوی 'برای' واتە 'لەبەر' دەڵێت و گرووپەکە میوزیکی بۆ دەژەنن.
 
ئەم گۆرانییە لەدوای دەستپێکردنی ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانی خەڵک لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو کە تێکستەکەی بریتییە لە تویتی خەڵکی ئێران و لەلایەن شێرڤین حاجیپوور گوتراوە.
 
ئەو گرووپە رۆکە بەریتانییە، بەو هەوڵەیان پشتگیری خۆیان بۆ ژنان و هەموو ئەو ژنانە پێشاندا کە لە ئێراندا لە پێناو ئازادی خەبات دەکەن.
 
کۆنسێرتەکە لە 29 تشرینی دووەمی 2022 بڕێوەچوو و 72 هەزار کەس تێیدا ئامادەبوون و بە شێوەیەکی راستەوخۆ بۆ هەوادارانی گرووپەکە لە 81 وڵات پەخشکرا.
 
گوڵشیفتە فەراهانی کە بەهۆی فیلمێکەوە، لە 2009ـەوە ئێرانی جێهێشت، پەیوەندی بە گرووپی کۆڵدپلەی کرد بۆ ئەوەی لە کۆنسێرتەکەیاندا گۆرانییەکە بڵێتەوە.
 
کرێس مارتن، گۆرانیبێژی سەرەکی گرووپی کۆڵدپلەی، لە کۆنسێرتەکەدا گوتی، ئەوان دەیانەوێت شتێک بکەن بۆ ئەوەی پێشانی بدەن، گرووپەکەیان پشتگیری ژنانی ئێران دەکەن کە لە پێناو ئازادیدا لە خەباتدان.
 
گۆرانییەکە لە 27 ئەیلوولی 2022 بە ڤیدیۆ بڵاوکرایەوە و بە ملیۆنان بینەر و بیسەری هەبوو و بەهۆیەوە حاجیپوور دەستگیرکرا.
 
لە مانگی ئەیلوولی 2022، دوای ئەو خۆپێشاندانانەی لە کاردانەوەی گیانلەدەستدانی گوماناویی ژینا ئەمینی سەریان هەڵدا، ژمارەیەکی زۆر لە هونەرمەندانی کورد و بیانی بە بڵاوکردنەوەی بەرهەم و پەیامی هاوسۆزی، پشتیوانی خۆیان بۆ خۆپێشاندانی کچان و ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەربڕیوە.
 
خۆپێشاندانەکان دوای گیان لەدەستدانی گوماناویی ژینا ئەمینی هات، کە دوای دەستگیرکردنی لە لایەن پۆلیسی رەوشتی ئێرانەوە، گیانی لەدەستدا.
 
بەشێکی زۆر لە هونەرمەندان و ئەستێرەکانی جیهان، بە شێوازی جیا جیا پاڵپشتی خۆیان بۆ ناڕەزایەتییەکانی ئێران پێشانداوە کە زیاتر لە 40 رۆژە بەردەوامە.
 
لە سەرەتای مانگی تشرینی رابردووەوە، وەکو پشتیوانییەك بۆ خۆپێشاندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، ئەستێرە سینەماییەکانی فەرەنسا، لەوانە ئیزابێل هوپەرت، جولێت بینۆش و ماریۆن کۆتیارد و قژیان بڕی.
 
ئەمەش لە دوای ئەوە هات کە زیاتر لە هەزار فیلمساز و ئەکتەری فەرەنسی، لەوانەش سیێری فرێمۆ، سەرۆکی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان، بە واژۆکانیان بەشدارییان لە هەڵمەتێکی پشتیوانیکردنی خۆپێشاندانی ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کرد.
 
گوڵشیفتە فەراھانی، لە 1983 لە تارانی ئێران لە دایکبووە، لە چەندین فیلمی سینەماییدا رۆڵی سەرەکی گێڕاوە، فیلمی 'Body of Lies' بووە هۆکاری ئەوەی وڵاتەکەی جێبهێڵێت و لە فەرەنسا نیشتەجێبێت و ناڕەزایەتی حکومەتی ئێرانی لێکەوتەوە.
 
ئەو ئەکتەرە فارسە، جگە لە فیلمی فارسی، لە چەند فیلمێکی کوردیش رۆڵی گێڕاوە، لەوانە فیلمی 'نیوەمانگ' لە دەرهێنانی بەهمەن قوبادی (2006) و فیلمی 'ئەگەر بمریت، دەتکوژم' لە دەرهێنانی هونەر سەلیم (2010).
 
لە 2014 بەربژێری خەڵاتی سیزەری فەرەنسی بوو وەک باسترین ئەکتەری ژن، ئەویش لە رێگەی فیلمی سینەمایی 'The Patience Stone' و لە 2012 لە رێگەی ئەم بەرهەمەوە، خەڵاتی باشترین ئەکتەری لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئەبوزەبی وەرگرت.
 
گرووپی کۆڵدپلەی، لە 1996 لە لەندەن دامەزراوە و لە پێنج ئەندام پێکهاتووە و کرێس مارتن، گۆرانیبێژی سەرەکی گرووپەکە، سەرەتا گرووپەکە ناوی 'Pectoralz' و دواتر 'Starfish' بووە، پێشتر بەهۆی فرۆشتنی سەت ملیۆن کۆپی لە بەرهەمەکانیان، وەک سەرکەوتووترین گرووپی میوزیکی لە سەدەی بیست و یەکدا دیاریکرا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە