ئەمڕۆ بەشی دووەمی 'Avatar' لە بەشێک لە سینەماکانی جیهاندا پێشاندەدرێت

14-12-2022
پەسار فایەق
نیشانەکردن 'Avatar'
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ بەشی دووەمی زنجیرە فیلمی سینەمایی 'Avatar' بەناوی 'Avatar.. The Way of Water' لە بەشێک سینەماکانی جیهاندا پێشاندەدرێت و لە 16 ئەم مانگەش لە ئەمریکا بڵاودەکرێتەوە.
 
ئەم بەرهەمە ئەمڕۆ چوارشەممە 14ـی کانوونی یەکەمی 2022 لە سینەماکانی ئەڵمانیا، دانیمارک، میسر، فینلەند، فەرەنسا، ئیتاڵیا، کۆریای باشوور، ئێرلەندا، نەرویج، سوێد، ئیندۆنیسیا، هۆنگ کۆنگ و تایوان پێشاندەدرێت.
 
بڕیارە رۆژی دواتر لە چەند وڵاتێکی دیکە بڵاوبکرێتەوە، لەوانە ئیمارات، ئەرجەنتین، ئوسترالیا، پورتوگال، مەکسیک، کەنەدا، چین و تایلەند و لە 16 مانگیش لە سینەماکانی ئەمریکا بڵاودەکرێتەوە.
 
دواکەوتنی بەشی دووەمی ئەم بەرهەمە سینەماییە، چەند ساڵێک بە کاری بەرهەمهێنانییەوە پەیوەیست بوو، بەم دواییەش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، کاریگەری لەسەر دواخستنی بڵاوکردنەوەی هەبوو.
 
'Avatar' لە جۆری فیلمەکانی خەیاڵی زانستییە، بە بڕی 237 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بەرهەمهاتووە، لە یەکەم هەفتەی نمایشکردنیدا لە هۆڵە سینەماییەکانی ئەمریکای باکووردا، زیاتر لە 77 ملیۆن دۆلاری بەدەستهێنا.
 
بەشی یەکەمی ئەم بەرهەمە سینەماییە، چەندین خەڵاتی بەدەستهێناوە، لەوانە سێ خەڵاتی ئۆسکار، لە کۆی ئەو نۆ خەڵاتەی بۆی بەربژێرکرابوو.
 
یەکەم بەشی ئەم بەرهەمە سینەماییە لە 2009 بەرهەمهات، جەیمس کامیرۆن، دەرهێنەری و بەرهەمهێنەری ئەمریکی کاری دەرهێنانی بۆ کرد و داهاتی دوو ملیار و 800 هەزار دۆلاری ئەمریکییە.
 
ئەو داهاتە زۆرە وایکرد، بەرهەمهێنەرانی بیر لە بەرهەمهێنانی بەشی دووەمی بکەنەوە، دواتریش بڕیاری چوار بەشی دیکەی درا، بەڵام لە دوای تێپەربوونی 13 ساڵ، بڕیاری بڵاوکردنەوەی بەشی دووەمی درا، ئەمەش ناڕەزایەتی هۆگرانی ئەم فیلمەی بەدوای خۆیدا هێنا.
 
چیرۆکی فیلمەکە لەلایەن جەیمس کامیرۆن نووسراوە و رووداوەکانی ئەم بەرهەمە لە 2154 روودەدەن و بڕیاربوو لە 1997 بکرێتە فیلم، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەوکات تەکنەلۆژیا زۆر پێشکەوتوو نەبووە، بۆیە بەرهەمهێنانی دواخرا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە