رووداو دیجیتاڵ
رەوشان چەلکەر، هونەرمەندی باکووری کوردستان، ڤیدیۆی دوایین کۆنسێرتی لە شاری ئیزمیری تورکیا بۆ هەوادارانی بڵاوکردەوە و دەڵێت، هەفتانە دوو بەرهەم لە کۆنسێرتەکەی بۆ هۆگرانی بڵاودەکاتەوە.
گۆرانییەکە بەناوی 'کەچێ جانێ'یە کە یەکێک لە بەرهەمەکانی هونەرمەند محەممەد تەها ئاکرەییە و بە میوزیکێکی نوێ و بە بەشداری گرووپێکی دەفژەنییەوە ئامادەکراوە و گوتراوەتەوە.
ئەم بەرهەمە لە کەناڵی تایبەتی رەوشان چەلکەر لە یوتیوب بڵاوکراوەتەوە و رەوشان بە رووداوی راگەیاند، هەفتانە دوو بەرهەم لە کۆنسێرتەکەی ئیزمیر بۆ هۆگرانی بڵاودەکاتەوە کە لە 23 ئەیلوولی 2022 بەڕێوەچوو.
ڤیدیۆی دووەمی کۆنسێرتەکە کە رەوشان چەلکەر بڵاویکردووەتەوە، گۆرانی 'یار بێزارێ'یە کە یەکێک لە تراکەکانی ئەلبوومی 'تۆڤ'ـی ئەو هونەرمەندەیە لە 2022 بڵاوکراوەتەوە.
دوایین ڤیدیۆکلیپی ئەو هونەرمەندە کوردە، بەناوی 'دلۆ مالا من دلۆ' بوو کە بەرهەمێکی فۆلکلۆرە و هاکان گوربوز کاری میوزیکی بۆ کردووە و ئەرڤان ئەرکمان کاری میکس و ماسترینگی بۆ کردووە.
رەوشان چەلکەر، پێشتر بە رووداوی راگەیاندبوو، گۆرانییەکەی کە 2014 لە بازیدی باکووری کوردستان کۆکردووەتەوە و دیار نییە تەمەنی چەندە و تاوەکو ئێستا تۆمار نەکرابوو.
هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەکردبوو، سەرەتاکەی بە کوردییە و بە وشەی عەرەبی بەردەوام دەبێت، گوتیشی، 'دلۆ مالێ من دلۆ' رێگە بۆ گەنجینەی بێکۆتایی دڵ دەکاتەوە.
رەوشان چەلکەر، لە ناوچەی تەتوانی بێدلیسی باکووری کوردستان لەدایکبووە، لە دوای تەواوکردنی خوێندنی لە بواری دەروونناسیدا، لە بواری نواندن و ئامێری ڤایۆلین خوێندوویەتی، دوو ئەلبوومی گۆرانیی بەناوەکانی 'ئاخ لێ وەسێ' و 'تۆڤ' هەیە، جگە لە چەندین گۆرانی تاک و ڤیدیۆکلیپ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ