داهاتی بەشی دووەمی 'Avatar' لە یەک ملیار دۆلار نزیک دەبێتەوە

28-12-2022
پەسار فایەق
نیشانەکردن 'Avatar' جێمس کامیرۆن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

'Avatar: The Way of Water' بەشی دووەمی زنجیرە فیلمی سینەمایی 'Avatar' لە دەرهێنانی جێمس کامیرۆن، دەرهێنەری ئەمریکی، داهاتی لە یەک ملیار دۆلاری ئەمریکی نزیک دەبێتەوە. 
 
ئەم بەرهەمە لە 14ـی کانوونی یەکەمی 2022 لە سینەماکانی جیهاندا پێشاندرا و لە 16 هەمان مانگ لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور بڵاوکرایەوە و داهاتی گەیشتووەتە 950 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی، تەنیا داهاتی لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور 293 ملیۆن دۆلارە و داهاتی لە سینەماکانی دیکەی جیهاندا 661 ملیۆن و 500 هەزار دۆلارە.
 
پێشبینی دەکرێت تاوەکو سەری ساڵی نوێ، داهاتی ئەم بەرهەمە بگاتە یەک ملیار دۆلار و بچێتە نێو لیستی ئەو فیلمانەی لە 2022 داهاتیان گەیشتووتە یەک ملیار دۆلار، لەوانە 'Top Gun: Maverick' و 'Jurassic World Dominion'.
 
دواکەوتنی بەشی دووەمی ئەم بەرهەمە سینەماییە، چەند ساڵێک بە کاری بەرهەمهێنانییەوە پەیوەیست بوو، بەم دواییەش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، کاریگەری لەسەر دواخستنی بڵاوکردنەوەی هەبوو و بودجەی بەرهەمهێنانی 350 ملیۆن دۆلارە.
 
بەشی یەکەمی 'Avatar' لە جۆری فیلمەکانی خەیاڵی زانستییە، بە بڕی 237 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بەرهەمهاتووە، لە یەکەم هەفتەی نمایشکردنیدا لە هۆڵە سینەماییەکانی ئەمریکای باکووردا، زیاتر لە 77 ملیۆن دۆلاری بەدەستهێنا.
 
ئەم بەرهەمە، چەندین خەڵاتی بەدەستهێناوە، لەوانە سێ خەڵاتی ئۆسکار، لە کۆی ئەو نۆ خەڵاتەی بۆی بەربژێرکرابوو.
 
یەکەم بەشی ئەم بەرهەمە سینەماییە لە 2009 بەرهەمهات، جەیمس کامیرۆن، دەرهێنەری و بەرهەمهێنەری ئەمریکی کاری دەرهێنانی بۆ کرد و دوو ملیار و 922 ملیۆن و 917 هەزار دۆلاری لە سینەماکانی جیهاندا بەدەستهێنا.
 
ئەو داهاتە زۆرە وایکرد، بەرهەمهێنەرانی بیر لە بەرهەمهێنانی بەشی دووەمی بکەنەوە، دواتریش بڕیاری چوار بەشی دیکەی درا، بەڵام لە دوای تێپەربوونی 13 ساڵ، بڕیاری بڵاوکردنەوەی بەشی دووەمی درا، ئەمەش ناڕەزایەتی هۆگرانی ئەم فیلمەی بەدوای خۆیدا هێنا.
 
چیرۆکی فیلمەکە لەلایەن جەیمس کامیرۆن نووسراوە و رووداوەکانی ئەم بەرهەمە لە 2154 روودەدەن و بڕیاربوو لە 1997 بکرێتە فیلم، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەوکات تەکنەلۆژیا زۆر پێشکەوتوو نەبووە، بۆیە بەرهەمهێنانی دواخرا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە