نووسەرێک: پەروەردە خەڵک بۆ خوێندنەوە هان نادات

01-07-2021
ئەدلین قاسم
نیشانەکردن کتێب
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گۆران سەباح، نووسەر و رۆماننووس، لەم هەڤپەیڤینەدا باس لە گرنگیی کتێبخوێندنەوە دەکات و پێیوایە لە هەرێمی کوردستاندا پەروەردە تاک بۆ خوێندنەوە هان نادات و دەڵێت، حیزب و دەسەڵات وایان لە خەڵکی کرد کە نەخوێننەوە.
 
رووداو: گرنگیی کتێبخوێندنەوە لە چیدایە؟
 
گۆران سەباح: بەم دواییانە لەسەر گرنگی و باشیی کتێبخوێندنەوە تۆێژینەوە زۆر کراوە. ئێستا تاک فشارێکی زۆری لەسەرە؛ سەرقاڵە بە کار و بەو هەمووە سەختییەوە کە لە ژیانیدا هەیە. توێژینەوە دەریخستووە کە رۆژانە تەنیا 10 خولەک خوێندنەوە 68٪ـی فشار لادەبات. زۆر گرنگە کە تاکی کورد ئەوە بزانێت خوێندنەوە ئەوە نییە کە پێشتر دەمانگوت خۆراکی مێشکە یان بۆ تێگەیشتن لە شتەکانی دەوروبەر باشە. ئێستا لایەنێکی تەندروستیی هاتووەتە سەر کە لابردنی فشارە.
 
لە لایەکی دیکەوە خوێندنەوە بۆ خۆناسین گرنگە. ئەگەر بتەوێت خۆت بناسیت، قوتابخانە فێرت ناکات خۆت بناسیت. رەنگە ماڵە و هاوڕێیان هاوکار بن کە خۆت بناسیت، بەڵام خوێندنەوە بۆ خۆناسین بە پلەی باڵا دێت. ئێمە لەناو کورددا زۆر بە کەمی کەسمان هەیە کە خۆی بناسێت و بزانێت چی دەوێت. بۆ نموونە، وەرە لە هەرێمی کوردستاندا سەیری رێژەی تەڵاق بکە، بێ گومان بۆ زیادبوونی رێژەی تەڵاق هۆکار زۆرە، بەڵام یەکێک لەو هۆکارانە ئەوەیە کە تاکەکە چ کوڕ بێت چ کچ خۆی ناناسێت و نازانێت چی دەوێت. لەناو ئینگلیزدا هەیە کە دەڵێن: "ئەم کوڕە یان ئەم کچە تاکی من نییە." بۆچی وا دەڵێن؟ چونکە خۆی دەناسێت و دەزانێت چ تاکێکی دەوێت. کچان و کوڕانمان کە هاوسەرگیری دەکەن نازانن چ تاکێکیان دەوێت، بۆیە دوای دوو مانگ داوای تەڵاق دەکەن. چونکە ناخوێننەوە. 
 
رووداو: زۆر جار لەناو ئێمەدا ئەو کەسانەی فشاریان لەسەر بێت کە پێیان بڵێیت بۆ کتێبێک ناخوێنیتەوە، دەڵێن گوڕاح (مەزاج)ـمان نییە. بۆ نەهێشتنی ئەو فشارە زۆر شت بە کار دەهێنن کتێب نەبێت. ئێوەی نووسەر چۆن و بە چ رێگەیەک دەتوانن گرنگیی خوێندنەوە بە خەڵکی بگەیەنن؟ 
 
گۆران سەباح: من وەکو خۆم بۆ ئەوەی خوێندنەوە بکەم بە کولتوور و لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا جێپەنجەم دیار بێت، یانەیەکی کتێبم داناوە. یانەی کتێب کولتوورێکی زۆر جوانە و لە دنیادا هەیە، بەڵام ئێمە لەناو کورددا یانەی کتێبمان نەبووە. مانگی 11ی 2020 یانەیەکی کتێبم دانا کە هەفتانە کتێبێک دەخوێنینەوە کە زیاتر رۆمان دەخوێنینەوە، کۆمەڵە شیعر و کتێبی بە دەر لە ئەدەبیاتیش دەخوێنینەوە. لەم یانەی کتێبەدا چەند ئەندامێکی زۆر چالاکم هەیە کە کتێبەکە دەخوێنینەوە. دواتر خۆم نووسەری کتێبەکە بانگهێشت دەکەم و لە کتێبخانەیەک دادەنیشین و سێ کاژێر لەسەر کتێبەکە گفتوگۆ دەکەین. 
 
ئێستا لەناو هەولێر و دەوروبەری و لە سلێمانی و گەرمیانیش رەنگدانەوەیەکی باشی هەبووە. خەڵك لێمان دەپرسێت: "چۆن ئاوا رێککەوتوون لەم هەموو سەرقاڵییەدا پێکەوە دادەنیشن و کتێبێک تاوتوێ دەکەن؟" دەزانیت، شتێک هەیە بە ناوی بەڕێوەبردنی کاتەوە. واتە کاتی خۆت رێک بخەیت و بەڕێوەی ببەیت. من زۆر پێم دەگوترێت: "وەڵایی من کاتم نییە بخوێنمەوە." ئەی باشە بۆ کاتت هەیە چوار-پێنج کاژێر بە دیار فەیسبووک یان فیلمێکەوە دابنیشیت؟ کەس هەیە رۆژانە سەیری دوو فیلم دەکات بێجگە لە فەیسبووک. بۆ کاتی هەیە تا چواری بەیانی بە دیار تیکتۆک و یان یارییەکی وەک پۆبجییەوە دابنیشێت؟ کات هەیە، بەڵام نازانن چۆن رێکی بخەن. 
 
دوو هەفتە بەر لە ئێستا سەیری بەڵگەفیلمێکم کرد لەسەر خوێندنەوە. ئەگەر رۆژانە نیو کاژێر بخوێنیتەوە کە ناکاتە هیچ، بە هەفتەیەک کتێبێکی 300 لاپەڕەیی تەواو دەکەیت. 
 
رووداو: تۆ وەک نووسەرێک چۆن ئارەزووت بۆ خوێندنەوە دروست بوو؟ ئارەزووەکە هەر لای خۆت هەبوو یان چاولێکردن لە کەسانی ماڵباتەکەت بوو؟ چ هاندەرێک هەبوو کە بخوێنیتەوە؟
 
گۆران سەباح: راستییەکەی، ئێمە لە ماڵەوە کەسمان کتێبی نەدەخوێندەوە. دایک و باوکم نەخوێندەوارن. بە شانازییەوە ئەوە دەڵێم کە بەو نەخوێندەوارییەیانەوە ئێمەیان پێگەیاند. کات و سەردەمی ئەوان وابوو کە نەدەچوونە قوتابخانە و بواریان بۆ نەدەڕەخسا. یەکەم رۆمان کە خوێندمەوە رۆمانی "بێسەرپەرشتان" بوو کە ئەو کاتە لە قۆناخی دووی ناوەندیدا بووم کە هەشتی ئێستا دەکات. ئێستایش لە بیرمە کە بۆ ماڵەوەم دەخوێندەوە، هەموومان لەگەڵی دەگریاین. ئیتر لەو کاتەوە دەخوێنمەوە. من هەفتانە بە لایەنی کەمەوە کتێبێک تەواو دەکەم. 
 
چۆنیەتیی دەستکردن بە خوێندنەوە دەگەڕێتەوە سەر زۆر هۆکار. دەبێت ئاستی خوێندنەوەی خۆت بزانیت و بزانیت چۆن و بە چی دەست پێ دەکەیت. ئێمە بۆ کتێب ئاستمان هەیە. بەڵام لە هەرێمی کوردستاندا ئێمە نەگەیشتووینەتە ئەوەی کە ئاست بۆ کتێب دابنێین. کتێبێک دەردەچێت، نازانین چ ئاستێکە! لە ئەوروپا یان ئەمریکا سەیری پشتەوەی کتێبەکە بکە پێت دەڵێت کە هی چ ئاستێکی خوێندنەوەیە. تەنانەت رۆژنامەکانیش ئاستی خوێندنەوەیان دیارە. بۆ نموونە "USA Today" لە ئاستی ئامادەییدایە، بەڵام "New York Times" لە ئاستی گەورەدایە، واتە ئاستی ناوەڕۆک و زمانەکەی بۆ پۆلێکی تایبەتی خوێنەرانە. تۆ ئەگەر پێشتر کتێبت نەخوێندنبێتەوە، کتێبێکی قورست پێ بدەن، رقت لە خوێندنەوە دەبێتەوە. 
 
هۆکارێکی دیکەیش پەروەردەیە. بە راستی ئێستا رەوشی پەروەردە لە هەرێمی کوردستان - هیوادارم وەزیری پەروەردە گوێی لێ بێت- هەرگیز ئاوا خراپ نەبووە. ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا پەروەردە بە خراپترین دۆخی خۆیدا تێدەپەڕێت. پێرار باشتر بوو ... پێنج ساڵ پێش ئێستا باشتر بوو. وردە وردە بەرەو خراپی دەڕوات. پەروەردە تاک بۆ خوێندنەوە هان نادات. ئەو هەموو قوتابخانە ئەهلییە دروست بوون، خەڵک بە پارە دەخوێنن، ئەوە وایکردووە کە خوێندنەوە بێنرخ ببێت. دەزانیت، زۆر جار کە کتێبم بە دەستەوەیە، خەڵك گاڵتەم پێ دەکات؟ هەر من نا، ئەندامەکانیشم لە یانەی کتێب دەڵێن: "خەڵک پێمان دەڵێن: 'ئەوە چۆن تاقەتی کتێبتان هەیە؟ کتێب چیتان بۆ دەکات؟' " ئەوە بۆچی؟ ئەوە پەروەردە وای لێ کرد.
 
رووداو: ئەرکی مامۆستایان لە کەرتی پەروەردەدا بۆ دروستکردنی ئارەزووی خوێندنەوە لای قوتابیان چییە؟
 
گۆران سەباح: کارەساتی هەرە گەورەمان ئەوەیە کە مامۆستامان نەخوێنێتەوە! ئەگەر مامۆستا خوێنەر نەبێت، چۆن دەتوانێت کاریگەری لەسەر منداڵێک دروست بکات کە ئارەزووی خوێندنەوەی لا دروست بکات؟ لە هەرێمی کوردستاندا ئەو هەموو قوتابخانەیەمان هەیە. کام قوتابخانە کتێبخانەیەکی جوانی تێدایە؟ کوا کتێبخانەی گشتی لە هەولێر؟ یەک کتێبخانەی گشتیمان هەیە کە ئەویش کۆرییەکان دروستیان کرد. هەر کاتێک دەچیت داخراوە. ئێ باشە بۆچی؟ زۆر جار بیر دەکەمەوە - هیوادارم حکومەت گوێی لەم پێشنیازەی من بێت- کە زۆر ئاسانە هەموو شارەکەی خۆت بکەیتە کتێبخانە. دەزانیت چۆن؟ ئەو هەموو مزگەوتە جوانە هەن کە ئەو هەمووە زەوییەیان لەگەڵدایە. حکومەت دەتوانێت فەرمان دەربکات کە دەبێت لەگەڵ هەر مزگەوتێکدا کتێبخانەیەک دروست بکرێت ئەگینا رێگە نادەم ئەو مزگەوتە دروست بکرێت. لەو ناوچەیەی منی لێم، هەر سەر هەڵدەبڕیت مزگەوتی لێیە. من لاریم نییە، خەڵك موسڵمانن با بچن نوێژ بکەن و ئایینی خۆیانە، با لەگەڵ مزگەوتەکەدا 100 مەتر دووجا بۆ کتێبخانەیەکی خنجیلانە دابنرێت. با هەموو قوتابخانەکان کتێبخانەیەکیان هەبێت. 
 
من هەموو جارێک دەڵێم، ئەگەر لە گەڕەکەکەی مندا قوتابخانەیەک هەبێت، رەنگە سەرەتا کەس بە لایدا نەچێت، بەڵام دواتر خەڵک هەر دەچێت و فێر دەبێت. من ئێستا گەورەترین گرفتم لەگەڵ منداڵەکانی خۆمدا ئەوەیە کە کتێبخانەیەکی گشتی نییە بۆی بچین. منداڵەکانم پێم دەڵێن: "بابە، کوا کتێبخانەی گشتی؟" دەی نییە. زەیتوونمان هەیە کە ئەویش هەمیشە داخراوە.
 
بۆ نموونە، 10-15 ساڵ پێش ئێستا ئایا گەنجانمان نێرگەلەکێش بوون؟ نەخێر. بەڵام لە هەر گەڕەکێک پێنج کافتریا کرایەوە و نێرگەلەیان دانا، ئێستا گەنج و پیر و ژن و پیاو نێرگەلە دەکێشن. بۆچی؟ چونکە هەیە. ئەگەر لەگەڵ کردنەوەی دوو کافتریا و دوو مزگەوتدا کتێبخانەیەکیش بکرایەتەوە، بزانە خەڵک دەچێت یان نا؟ 
 
ئێمە خوێنەرمان زۆر کەمە. باشترین رۆمانمان 500 دانەی لێ نافرۆشرێت. بە راستی ئەوە کارەساتە. لە وڵاتێکی وەک ئەمریکا -هەرچەندە ئێرە و ئەوێ بەراورد ناکرێن بەڵام با ئەو قسەیە هەر بکەم- ساڵانە نیو ملیۆن کتێب دەردەچێت؛ بە ئەدەبی و نائەدەبییەوە. باشە لە هەرێمی کوردستاندا ساڵانە چەند کتێب دەردەچێت؟ لەوانەیە 200-300 کتێب بێت. 
 
من کاتی خۆی کە لە زانکۆ بووم لە سەرەتای دەیەی 2000ـدا تەنیا کتێبفرۆشییەک لای قەڵات هەبوو و دەچووینەوە ئەوێ. شتە سەیرەکە لێرەدایە کە ئێستا کتێبخانەکان زیاد بوون و کتێبیش لە جاران زۆرتر دەردەچێت، کەچی خوێنەرمان نییە. 
 
رووداو: بۆچی ئەو هەموو کتێبە دەردەچێت و خوێنەرمان نییە؟ 
 
گۆران سەباح: چونکە حیزب و دەسەڵات دێن کتێب دەردەچێنن و پارە بەو کتێبفرۆشییانە دەدەن، ئیتر کابرا گوێی لێ نییە کتێبەکەی ساخ ببێتەوە یان نا، چونکە پارەیەکی بۆ بڕاوەتەوە. کەواتە حیزب و دەسەڵات خەڵکیان گەوجاند و وایان لە خەڵکی کرد کە نەخوێننەوە. گرنگیی خوێندنەوە لە ماڵ و قوتابخانەوە دەست پێدەکات. 
 
کاتی خۆی کە ئۆباما سەرۆکی ئەمریکا بوو، لە زۆربەی شوێنەکان رۆمانێکی بە دەستەوە بوو. ئەوە کاریگەریی خۆی هەیە. وەرە سەیری مەلا و سیاسییەکانمان و سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی وڵاتمان بکە بزانە کتێبیان بە دەستەوەیە؟ هەر گاڵتە بەو کەسانە دەکەن کە دەخوێننەوە! 
 
رووداو: تۆ چ ئامۆژگارییەکت هەیە بۆ دەستکردن بە خوێندنەوە؟ چۆن کات رێکبخرێت بۆ ئەوەی رۆژانە کتێب بخوێنرێتەوە؟
 
ئەگەر رۆژانە کەسێک نیو کاژێر بۆ خوێندنەوە تەرخان بکات، ئەوا پاش مانگێک ژیانی دەگۆڕێت. شێوازی قسەکردنی، رۆیشتنی، بیرکردنەوەی، تێگەیشتنی و هەموو شتێکی بە ئەرێنییانە دەگۆڕێت. من لەناو ماڵەکەی خۆمدا دەستم پێکردووە. دوو منداڵم هەیە، ئەگەر رۆژانە نیو کاژێر نەخوێننەوە، وازیان لێ ناهێنم. خێزانەکەیشم رۆژانە دەخوێنێتەوە. دوای نوێژی سبەینان دادەنیشم دەخوێنمەوە. ئەوە پێشنیازی منە. بە راستی نە مامۆستا نە حکومەت نە حیزب پێت ناڵێن وەرە بخوێنەرەوە. دەبێت تاک خۆی بڕیار بدات. 
 
نووسینەوەی هەڤپەیڤین: جووتیار قارەمان

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە