کتێبی "مێژووی پەرتەوازەیی و یەکڕیزیی" چاپ و بڵاوکرایەوە

17-09-2025
پەیمان محەممەد
کتێبەکە باسی مێژووی سەرهەڵدان و بزووتنەوەی کورد دەکات.
کتێبەکە باسی مێژووی سەرهەڵدان و بزووتنەوەی کورد دەکات.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 17-09-2025، لە رێوڕەسمێکدا لە هەولێر بە ئامادەبوونی ژمارەیەک کەسایەتیی سیاسی، حیزبی و رۆشنبیر، کتێبی ''پەرتەوازەیی و یەکڕیزی، مێژووی پڕ لە کەوتن و هەستانەوەی گەلێک'' لە نووسینی رزگار رەزا چوچانی ناسێندرا.
 
کتێبەکە لەلایەن دەزگای ''نوچە بۆ توێژینەوەی زانستی و پەرەپێدانی کولتووری'' چاپ و بڵاوکراوەتەوە و تێیدا تیشک خراوەتە سەر چەندین وێستگەی گرنگی مێژووی سەرهەڵدان و بزووتنەوەکانی کورد. چنوور جەعفەر، بەڕێوەبەری دەزگای نوچە لە رێوڕەسمەکەدا گوتارێکی پیشکێشکرد و رایگەیاند، ''ئەم کتێبە کاری وردی لەسەر مێژووی دوور و نزیکی کوردستان کردووە.''
 
رزگار چوچانی لە کتێبەکەیدا بەدوای وەڵامی ئەو پرسیارانەدا گەڕاوە کە چۆن نەتەوەی کورد کە خاوەنی گەورەترین و بەهێزترین ئیمپڕاتۆریەتی ناوچەکە بووە، دواتر دەسەڵاتەکەی بچووک بووەتەوە بۆ میرنشینەکان.
 
هەروەها لە کتێبەکەدا تیشک خراوەتە سەر دەسەڵاتی میرنشینە بەهێزەکانی کورد و هۆکارەکانی لەدەستدانی ئازادیی ئەو گەلە و ناچاربوونی بە دەستپێکردنی چەندین شۆڕش لەپێناو بەدەستهێنانەوەی.
 
وەک لە ناساندنی کتێبەکەدا هاتووە، بەگشتی تێیدا بەبێ جیاوازی و لایەنگری، لایەنی خراپ و باشی مێژووی گەلی کورد خراوەتە بەر باس و ئاماژە بە چارەسەر بۆ سەرکەوتنیش کراوە.
 
هەر لە رێوڕەسمی ناساندنی کتێبی پەرتەوازەیی و یەکڕیزی، لە پانێلێکدا لەلایەن رزگار رەزا چوچانی، نووسەری کتێبەکە و د. سەلام خۆشناو، شارەزای بواری مێژوو و مامۆستای زانکۆ، باسیان  لە نێوەرۆکی کتێبەکە کرد.
 
رزگار رەزا چوچانی گوتی، ''ئەم کتێبە تەنیا نووسینەوەی مێژوو نییە، بەڵکو سەرەتا بەدوای ئەوەدا گەڕاوین کە بۆچی ئەو هەموو رووداوە لە مێژووی کوردستاندا دووبارە دەبنەوە.''
 
بەگوتەی رزگار رەزا چوچانی، ئەو کتێبە لە سەرەتای مێژووی کوردەوە تاوەکو قۆناخی کار و چالاکیی کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ''هەموو ئەو رووداوە سیاسی و نەخوازراوانەی خستووەتە بەر باس کە دووبارەبوونەوەیان زیانی بە خەڵک گەیاندووە.''
 
ئەو نووسەرە ئەوەشی خستەڕوو، بە درێژایی مێژووی کورد دوو چەمکی پەرتەوازەیی و یەکڕیزی شەڕیان بووە، ''ئەو کاتانەی پەرتەوازەیی زیانی پێگەیاندووین، هەوڵ دراوە یەکڕیزییەک دروست بکرێت، بۆ ئەوەی زیانەکان کەم بکرێنەوە، بەڵام دواجار کە یەکڕیزی دروست بووە و گەیشتوونەتە قۆناخی سەرکەوتن، دووبارە مەترسییەکان لەبیرکراون و دەست بە پەرتەوازەیی کراوەتەوە.''
 
بەگوێرەی نێوەرۆکی کتێبەکە، لە چەندین وێستگەی مێژووییدا، کورد هەوڵی تێپەڕاندنی پەرتەوازەیی و دروستکردنی یەکڕیزییەکی بەهێزی داوە و سوودی لە رابردووی خۆی بینیوە. رزگار رەزا چوچانی دەڵێت، ''جیاوازیی ئەو کتێبە لەگەڵ توێژینەوە مێژووییەکانی بەر لە خۆی ئەوەیە کە لەپێناو کولانەوەی برین، دۆزینەوەی هۆکاری پەرتەوازەیی و دەستنیشانکردنی لایەنی ناپاکدا نەنووسراوە، بەڵکو بەگشتی تێیدا باس لەوە کراوە کە لە مێژوودا ناپاکی و پەرتەوازەیی چ زیانێکی بە کورد گەیاندووە.''
 
د. سەلام خۆشناو، شارەزای بواری مێژوو و مامۆستای زانکۆ لە پانێلەکەدا گوتی: ''مێژوو بە تەنیا نووسینەوە و گێڕانەوەی رووداوەکان نییە، بەڵکو بریتییە لە وانە وەرگرتن لە هەڵە مێژووییەکان.''
 
د، سەلام خۆشناو باسی لە مەترسییەکانی دووبارەکردنەوەی مێژوو کرد و گوتی، ''بەداخەوە لەنێو کورد دووبارەکردنەوەی مێژوو بە واتای دووبارەکردنەوەی لێکترازان و سوودوەرنەگرتنە لەو رووداوانەی پێشتر روویانداوە.''
 
ئەو مامۆستایەی زانکۆ جەخت لەوە دەکاتەوە، پێویستە ناوەندی لێکۆڵینەوەی تایبەت بە پەرەپێدانی توێژینەوەی مێژوویی هەبێت، ''بۆ ئەوەی بتوانین پەنجە بخەینە سەر خاڵە لاوازەکانمان کە بوونەتە هۆی دابڕان و لێکترازان.''
 
رزگار رەزا چوچانی چەندین هەوڵی مەلا مستەفا بارزانی، سەرۆک بازرانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جەلال تاڵەبانی، سکرتێری کۆچکردووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە نموونەی دروستکردنەوەی یەکڕیزی و سوودوەرگرتن لە مێژوو دەهێنێتەوە و دەڵێت، ''ئەگەر کەسایەتییە سیاسییەکان وریا نەبن، ناکۆکییەکی بچووک دەتوانێت ببێتە کارەساتێک بۆ گەل.''
 
نووسەری کتێبەکە ئاماژەی بەوە کرد، ''هەر کەسێک لە مێژوو تێبگات، دەبێتە هاوکارێکی زۆر باشی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، کە سەرەتا و کۆتایی قسەکانی، یەکڕیزی، یەکدی قبووڵکردن و پێکەوە کارکردنە.''
 
رزگار رەزا چوچانی دەڵێت، ''دەبێت سیاسییەکان بەو قەناعەتە بگەن کە ئەگەر نەگەڕێنەوە بۆ مێژوو و نەیکەن بە بنەمای بڕیاردانی خۆیان، ئەوە دەکەونەوە هەمان چاڵەوە کە سەرکردەکانی بەر لە خۆیان تێیکەوتوون.''
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەرگی کتێبەکە.

وه‌زیرى پێشمه‌رگه‌ به‌رگى یه‌كه‌مى كتێبه‌كه‌ى بڵاوده‌كاته‌وه‌

وه‌زیرى پێشمه‌رگه‌ به‌رگى یه‌كه‌مى كتێبه‌كه‌ى به‌ناوى، (وه‌رزى به‌ره‌نگاریى: مێژووى رووداو و به‌سه‌رهاته‌كانى ته‌مه‌نى خه‌بات‌ و پێشمه‌رگایه‌تیم تا ساڵى 1985)، بڵاوده‌كاته‌وه‌.