هەولێر دیجیتاڵ
نووسەر و وەرگێڕێکی کورد، کۆمەڵێک شیعری عەبدوڵڵا پەشێو وەردەگێڕێتە سەر زمانی فەرەنسی. ئەو وەرگێڕە دەڵێت، کتێبێکە 100 لاپەڕەییە و "گوڵبژێرێکە لە شیعرەکانی پەشێو."
ئەمڕۆ چوارشەممە، 02ـی تەممووزی 2025، ئەحمەدی مەلا، نووسەر و وەرگێڕ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کۆمەڵێک شیعری پەشێوم هەڵبژارد و وەرم گێڕانە سەر زمانی فەرەنسی؛ پێشەکییەکم بۆ کۆمەڵە شیعرەکە نووسیوە؛ دەزگەی ئارمەتانی فەرەنسی چاپ و بڵاوی دەکاتەوە."
بە گوتەی ئەحمەدی مەلا، کتێبەکە نزیکەی 100 لاپەڕەیە و ئامانج لە کارەکە هەوڵێکە بۆ ناساندنی شیعرەکانی پەشێو بە خوێنەرانی فەرەنسی زان.
ئەو نووسەر و وەرگێڕە گوتی: "وەرگێڕانی ئەو کۆمەڵە شیعرە گوڵبژێرەی پەشێو کارێکی زۆری ویست؛ بە هاوکاریی خۆیشی هەوڵمان دا شتێکی جوان پێشکێش بکەین."
ناونیشانی ئەو کۆمەڵە شیعرە وەرگێڕدراوە "لە ئاسۆوە: خاکـ"ـە؛ دەزگەی کولتوور و ئەدەبیی ئارمەتانی فەرەنسی 500 دانەی لێ چاپ دەکات و لە دیدارێکی ئەدەبیدا بڵاوی دەکاتەوە.
شیعرەکانی نێو کتێبەکە ئەمانەن: ئیدیا، بۆ قەرەجێک، نزا، خۆکوشتن، جودایی، کڕێوە، هەڵۆ و درەخت، شادی، دیوار و چەند نامەیەک بۆ منداڵان.
ئەحمەدی مەلا لە پێشەکیی کتێبەکە دەنووسێت، "شیعری پەشێو گوزارشت لە پەیوەندییەکی سەمیمی لەنێوان خاک و خۆشەویستی دەکات. لەم نێوەندەدا وێنەی ژن پێگەیەکی لەبەرچاوی هەیە. ئەم هەستەوەرییە دەبێتە زەوینەیەک بۆ چەکەرەکردنی فەزای شیعری و سیاسی کە هەر رەگەزێکی دەچێتەوە سەر کێشەی کورد. وەک لە شیعری قەرەج دەردەکەوێت، شاعیر هەم ئاماژە بۆ ئاسمان دەکات هەم بۆ ئەستێرە."
ئەم ناونیشانانە چاپکراوە فەرەنسییەکانی ئەحمەدی مەلان:
1- زهردک، تهرجهمهی ئیسماعیل دهروێش، دهزگای ئارمهتان، پاریس، 1993.
2- دیوانی مهحوی به زمانی فهرهنسی، ئارمهتان، پاریس، 2001.
3- زاکیره با، ئارمەتان، پاریس 2014.
4- شیعری خانمانی کورد، ئارمەتان، پاریس، 2021.
5- لە ئاسۆوە: خاک، هەڵبژاردەیەک لە شیعری پەشێو، ئارمەتان، پاریس، 2025.
عەبدوڵڵا پەشێو لە ساڵی 1946 لە هەولێر لەدایکبووە، لە پەیمانگای راهێنانی مامۆستایان خوێندوویەتی، لە ساڵی 1973 چووەتە یەکێتیی سۆڤیەت و لە ساڵی 1979 بڕوانامەی ماستەری لە پێداگۆجی بە پسپۆڕی لە زمانە بیانییەکان وەرگرتووە، لە ساڵی 1984دا، بەرگری لە تێزی دکتۆراکەی لە پەیمانگای لێکۆڵینەوەی رۆژهەڵاتی ئەکادیمیای زانستەکانی یەکێتیی سۆڤیەتی ئەو کات کردووە. بۆ ماوەی پێنج ساڵ لە زانکۆی فاتح لە تەرابلوسی پایتەختی لیبیا مامۆستا بووە و لە ساڵی 1995ەوە لە فینلاند دەژی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ