کتێبی لێکۆڵەرێکی کورد لە 180 وڵات بەردەست دەبێت

17-09-2025
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یەکێک لە 10 بەهێزترین بڵاوکەرەوە زانستییەکانی جیهان، کتێبی لێکۆڵەر و ئەکادیمیستی کورد "بەهرۆز جەعفەر" بە زمانی ئینگلیزی لە 7 هەزار دامەزراوە و کتێبخانە بەردەست دەخات. 
 
کتێبەکە بە ناونیشانی "جیۆپۆڵەتیکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و سەرهەڵدانی فرەجەمسەریی: وەرچەرخانی سیاسەتی جیهانی" لە 180 وڵات بەردەست دەبێت و، لە پلاتفۆڕمە بەناوبانگەکانی فرۆشتن نرخەکەی بەپێی وڵات لەنێوان (130 بۆ 307 یۆرۆدایە). 
 
لەبارەی نێوەڕۆکی کتێبەکەوە، هەریەکە لە سپرنگە، ئەمازۆن، بارنێس نۆبڵ، گووگڵ بووک و بووک شۆپ و دەیانی دیکە نووسیویانە: ئەم کتێبە بە قەبارەی (198) لاپەڕە لە وەرچەرخانی دەسەڵاتی جیهانی لە یەک تاکە زلهێزی باڵادەستەوە بۆ جیهانێک کە چەندین یاریزانی کاریگەری تێدایە، دەکۆڵێتەوە. 
 
لەنێو نەزمێکی نوێدا کە کۆمپانیا زەبەلاحەکانی تەکنەلۆژیا و ژیریی دەستکرد هاوشانی ئەکتەرە نادەوڵەتییەکانی دیکە سیستمی جیهانی لە قاڵب دەدەنەوە، کتێبەکە سەرەتا تیشک دەخاتەسەر جەمسەرگیری لە ئەدەبیاتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دا، نووسەر چرکەساتێکی نوێ دەستنیشان دەکات کە مرۆڤایەتی پێی تێخستووە، بەڵام رانەگەیێندراوە ئەوەش لەنێوان جیهانێکی فرەجەمسەری و جیهانێکی بێ جەمسەردا دەبێت.
 
کتێبەکە سەراپا کاریگەرییە گەشەسەندووەکانی نەرمە هێزی چین لەڕێگەی پڕۆژەی دەستپێشخەریی پشتێن و رێگاوە نیشان دەدات. لەگەڵ ئەمەشدا سیمایەکی دیکە کە لەو نەزمە نوێیە جیهانییەدا هەیە سەرهەڵدان و زیادبوونی ژمارەی 'هێزە مامناوەندەکان'ە، ئەمانە ئەو وڵاتانەن هێشتا زلهێز نین، بەڵام کاریگەرییەکی گەورەیان هەیە لەسەر بڕیارە جیهانییەکان وەکو (هیندستان، سعودییە، ئیسرائیل، تورکیا، یابان، ئێران، بەرازیل و..).
 
ئەم گەلانە یارمەتیدەرن بۆ دیاریکردنی داهاتوو. لەناو پەرەسەندنی دابەشبوونەکانی نێوان هاوپەیمانییە جیهانییەکانی وەک ناتۆ و بریکس و دابەزینی بازرگانیی ئەمریکا و چین، جیهان دەچێتە سەردەمێکی نوێ، لەم سەردەمە نوێیەشدا رۆژهەڵاتی نێوەڕاست چەقی گۆڕانکارییەکان دەبێت. ئەم کتێبە بە پێشکێشکردنی تێڕوانینێکی بەنرخ سەبارەت بەم گۆڕانکارییانە، سەرنجی خوێندکاران و توێژەران و داڕێژەرانی سیاسەت رادەکێشێت کە هەوڵدەدەن لە دیمەنە ئاڵۆزە جیهانییەی ئەمڕۆکە تێبگەن.
 
جگە لە گرنگیی نێوەڕۆکی کتێبەکە بۆ بارودۆخی ناسەقامگیریی ئێستای جیهان، لایەنێکی دیکە ئەوەیە دوای پێداچوونەوە و گفتۆگۆیەکی زۆر، کتێبەکە لەلایەن "سپرینگە-Springer"وە وەرگیراوە و بڵاوکراوەتەوە. ئەم ناوەندە سەرەتا ساڵی 1824 لە بەرلین دامەزراوە، ئەمڕۆ لە 40 پایتەختی گەورەی جیهان ئۆفیسی هەیە و یەکێکە لە 10 باشترین بڵاوکەرەوەی ئەکادیمیی جیهان؛ لە بوارەکانی پزیشکی، ئەندازیاری، زانست، زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا بە شێوەیەکی بەرفراوان بەهۆی کوالێتیی ئەکادیمی و داهێنان و کاریگەرییە جیهانییەکانیانەوە ناسراون.
 
بەهرۆز جەعفەر، گەنجێکی لەدایکبووی قەزای چەمچەماڵە، خاوەنی بڕاوانامەی دکتۆرایە لە پەیوەندییە ئابوورییە نێودەوڵەتییەکان، دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری ئینستیتیوتی مێدیتریانەیە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی، بڵاوکەرەوەکە لەبارەی ئەوەوە گوتوویەتی: بە شارەزایی زیاتر لە 18 ساڵ لە ئاسایشی وزە و جیۆپۆلەتیکی وزە و کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بەشێوەیەکی بەرفراوان لە ئامرازەکانی میدیا، گۆڤارە نێودەوڵەتییەکان و ناوەندەکانی بیرکردنەوەدا دەنگێکی دانپێدانراوە. کتێبی پێشووتری لەلایەن گرووپی ئیمراڵدەوە ساڵی (2024) بەناونیشانی "کۆدەکانی داینامیکییەتی هایدرۆکاربۆن لە رۆژهەڵاتی دەریای سپی: هەڵدانەوەی وەرچەرخانێکی ناوچەیی" لە (140) وڵاتدا بڵاوکرایەوە و بەردەستە بۆ فرۆشتن. 
 
گرنگیی کتێبەکە بۆ ئێستای جیهان
 
بڵاوکەرەوە زانستییەکە کە ئەرکی نرخدانان و بەبازاڕکردن و دابەشکردنی لە ئەستۆیە، نووسیویەتی: ئەم کتێبە زۆر لەکاتی خۆیدایە و نێوەڕۆکێکی بەهێزی هەیە، بۆ خوێندکارانی خوێندنی باڵا و دروستکەرانی بڕیاری جیهانی و ناوچەیی گرنگە.
 
• بریکس و داهاتووی دراوی جیهانی: ئەم کتێبە شیکارییەکی گشتگیر لە بریکس و دیمەنی دارایی جیهانی پەرەسەندوو پێشکێش دەکات، تیشک دەخاتە سەر ئەوەی بۆچی هەوڵەکان بۆ داماڵینی دۆلار لە کۆتاییدا رەنگە شکست بهێنن. سەرەڕای ئاستەنگەکان، دۆلاری ئەمریکی وەک دراوی یەدەگی جیهانی باڵادەست دەمێنێتەوە. بۆ گەڕاندنەوەی کاریگەریی ئەمریکا و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی رۆژئاوا، کتێبەکە میکانیزمە ستراتیژییەکان دەخاتەڕوو کە دەبێت ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی جێبەجێی بکەن بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی یەکلاکەرەوە لەم سەردەمەی گۆڕانکاری جیهانیدا.
 
• دووبارە پێناسەکردنەوەی سیستمی جەمسەری نێودەوڵەتی: ئەم کتێبە یەکەم هەوڵە بۆ لێکۆڵینەوە لە پۆتانسێلی گواستنەوە بۆ جیهانێکی پۆست جەمسەر (جیهانێک نە تاک جەمسەرییە، نە جوو جەمسەر، نە فرە جەمسەر). بابەتێکی داهێنەرانە یان ناوازەیە لە ئەدەبیاتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان. هەروەها توێژینەوەکە سەرچاوەی جەمسەرگیریی جیهانیی تاوتوێ کردووە، لەوانە چەمکەکانی یەک جەمسەری، دوو جەمسەری و فرە جەمسەری. جگە لەوەش لێکۆڵینەوە لە کاریگەرییە بەرفراوانەکانی هێزی نەرمی چینی لەسەر جیهان بەگشتی دەکات، بە گرنگیدانێکی تایبەت بە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
 
• تێگەیشتن لە داینامیکی جیۆپۆلەتیکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست: کتێبەکە یەکەم کتێبە داینامیکی جیۆپۆلەتیکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەژێر رۆشنایی دەرئەنجامەکانی شەڕی غەززە لە دوای 7ی ئۆکتۆبەری 2023 نیشان دەدات، تیشک خستنەسەر ناوچەکە لە چەند گۆشەیەکی جیاوازەوە، لەوانە کۆنتێکستی مێژوویی (وەک میراتی کۆلۆنیالیزم و سەردەمی دوای ئیمپراتۆریەتی عوسمانی)، رکابەرییە جیۆپۆلیتیکییەکان و هۆکارە ئابوورییەکان. هێما بۆ پەرەسەندنی کاریگەرییەکانی کەنداوی عەرەبی دەکات، بەتایبەتی سعودیە وەک زلهێزێکی ناوەند لە ئاستی جیهانیدا و زلهێزێکی گەورە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا جێگیر دەکات. سەرەڕای ئەوەش، باس لە پرسە گرنگەکانی وەک بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان، قەیرانی کەمیی ئاو، ئاسایشی وزە و تواناکانی هایدرۆکاربۆن لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکات.
 
• تیشک خستنەسەر خاڵی وەرچەرخانی جیهانی: ئەم کتێبە یەکەم کتێبە بەدواداچوون بۆ ئەو خاڵە وەرچەرخانە جیهانییە دەکات بەهۆی حەتمییەتی تەکنەلۆژی (Technological Determinism) و، ژیریی دەستکرد-AI و دەستپێشخەریی پشتێنە و رێگەی چینەوە هاتووەتە ئاراوە؛ رۆڵی یەکلاکەرەوانەی زلهێزە مامناوەندییەکان (هێزە مامناوەندییەکان) لە گۆڕانکارییە جیهانییەکاندا، زیادبوونی رۆڵی ئەکتەرە نادەوڵەتییەکان (بەتایبەت کۆمپانیا تەکنەلۆژی و سۆشیال میدیاییەکان). جگە لەمانە، کتێبەکە تێڕوانینێکی تیۆری جەوهەری سەبارەت بەم داینامیکە ناوچەیی و جیهانییە پەرەسەندووەکان دەخاتەڕوو.
 
• رۆڵی چارەنووسی زلهێزە ناوەندەکان لە دیمەنێکی جیهانی گۆڕاودا: کتێبەکە تیشک دەخاتەسەر سەرهەڵدانی زلهێزە مامناوەندییەکان و رۆڵی چارەنووسسازیان لە داڕشتنی فرەلایەنییەکی نوێ بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە جیهانییەکان. چیتر هاوپەیمانییە درێژخایەنەکان لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان کاڵ دەبنەوە، چونکە زلهێزە ناوەندەکان تاوەکو دێت بەرژەوەندییەکانیان لە گۆڕانی دیمەنی جیهانیدا لە پێشینەدا دادەنێن، ئەمەش دیاردەیەکە کە لە کاروباری نێودەوڵەتیدا وێنەی نەبووە. لە بەهاری عەرەبیەوە تاوەکو دوای ململانێی غەززە، کاریگەریی سیاسی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە ئەمریکاوە بۆ یاریزانە ناوچەییەکانی وەک قەتەر و سعودیە و ئیمارات گواستراوەتەوە. لەم نێوەندەدا ئەمریکا هاوپەیمانی خۆی لەگەڵ هیندستان لە ئاسیادا لە باوەش دەگرێت، لەگەڵ ئەوەشدا هیندستان وەک ئەندامی بریکس و کڕیارێکی سەرەکیی نەوتی ئێران و تاوەکو شەڕی ئۆکرانیا وەک خوازیارێکی سەرەکی چەکی رووسیا دەمێنێتەوە.
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەرگی کتێبەکە.

وه‌زیرى پێشمه‌رگه‌ به‌رگى یه‌كه‌مى كتێبه‌كه‌ى بڵاوده‌كاته‌وه‌

وه‌زیرى پێشمه‌رگه‌ به‌رگى یه‌كه‌مى كتێبه‌كه‌ى به‌ناوى، (وه‌رزى به‌ره‌نگاریى: مێژووى رووداو و به‌سه‌رهاته‌كانى ته‌مه‌نى خه‌بات‌ و پێشمه‌رگایه‌تیم تا ساڵى 1985)، بڵاوده‌كاته‌وه‌.