ئاواییە چۆڵكراوەكە

04-01-2020
رووداو ئەدەب و کولتوور
نیشانەکردن ئەدەب و کولتوور
A+ A-
حەسەن بلاسم

"لێرە بمێنەوە. دواتر پەیوەندیمان لەگەڵت دەبێ. لە سنوورەكانی ئاوایی واوەتر نەڕۆی".
 
ئەگەرچی ھێشتا چەند سەر بزن لێرە و لەوێ دەخولانەوە، بەڵام پێدەچوو ئاواییەكە چۆڵ كرابێ. نەمدەزانی دەبێ چەندە چاوەڕێ بم. بەناو ماڵە چۆڵەكاندا دەگەڕام بۆ ئەوەی كات تێپەڕێنم. ماندوو ببووم، بەڵام دڵنیا نەبووم لەوەی ئەم ژیانە نوێیەم خەوتنی تێدابێ. 
 
سەركەوتمە بانی یەكێك لە خانووبەرەكان و چاوم بە دەوروبەر و گەڕەكدا گێڕا. دووكەڵی شەڕ لە شارۆچكەكانی دەوروبەرەوە بەرز دەبووەوە، دوو ھێلیكۆپتەری شەڕیش بە ئاسماندا دەسووڕانەوە. ئاواییەكە لە چوار لاوە بە مەزرای لۆكە دەوری گیرابوو. پێشتر ھەرگیز گوڵی لۆكەم نەبینیبوو. یان رەنگە لە بەڵگەفیلم و ڤیدیۆی تردا دیبووم؛ چاكم لەبیر نایە. 
 
بەشێكی ژیانم لە نانەواخانەدا تێپەڕاند، دواتر بوومە شۆفێری تاكسی، پاشان وەردیانی بەندیخانە بووم. كاتێك شۆڕش تێكچوو، تەڤلی بەرخۆدان بووم. تا دوا ھەناسە شەڕم كرد. گوڵەكانی لۆكە دەتگوت كلوە بەفرن، بەڵام دەبوو دەستكرد بن ئەگینا لەبەر تیشكی بەتینی خۆرەتاو ھەموویان دەتوانەوە.
 
چاوم كەوتە كچێك كە لە سەربانی خانوویەك دانیشتبوو. بێگومان منی نەدەدی. كچەكە لەسەر كورسییە دارێكی بچكۆلە ڕۆنیشتبوو، شانەیەكی سەوزی بە كەزیەی درێژیدا دێنا. پێستی ھەتاوسووت ببوو. ژنێك لە حەوشەی خوار خانووەكەوە ھاواری كرد و گوتی: "لە بەر خۆرەكە بمێنەوە. لە جێی خۆت نەجووڵێی".
 
كچە ھەناسەیەكی دایە دەرەوە و بە ھەردوو دەست دەموچاوی داپۆشی.
 
ژنەكە چاوی ماسیبوون. وا دیار بوو پێویستی بە سەرخەوێك بێ. سی و پێنج ساڵێكی دەبوو، ژنێكی دێھاتی، بەژن رێك و بە گوڕ، بەڵام ئاخری و ئۆخریەكانی. بازێكم دا و تا ناو ماڵەكە ڕۆیشتم. بەرامبەر وی لەسەر كورسییەكی داپۆشراو بە خوریی مەڕ دانیشتم. سەیری ھەواڵەكانی ناو تەلەفیزیۆنی دەكرد. شەڕ لە نێوان ھێزەكانی ڕژێم و شەڕوانانی بەرەی بەرخۆداندا ھێشتا گەرم بوو. كۆمەڵكوژی، دەستدرێژی، ئاگركەوتنەوە و ڕاكردنی خەڵك لە ماڵەكانیان بەردەوام بوو. ھەندێك كەس تەنانەت دەستیان كردبووە خواردنی جەرگ و ریخۆڵەی مردووەكان.
 
پێم سەیر بوو بڵێی چی نەیھێشتبێ ئەو ژن و كچە لێرە بار بكەن و بڕۆن. زۆربەی خەڵكانی دیكە ھەڵاتبوون و لە وڵاتانی دەوروبەر ببوونە پەنابەر. سەگەل وەھا دەوەڕین دەتگوت ھار بوونە. ڕۆیشتمە دەرێ و دیتم زیاتر لە بیست دانە لەبەر ماڵەكە بەسراونەوە. ژنە گەڕاوە حەوشە و دیسان ھەرای كچەكەی كرد: "وەرە خوارێ، سەوسەن. برینج و خۆرشتم بۆ لە ئاشپێزخانە داناوی". سەوسەن لە گوێسوانەوە چاوی لێبوو كە ژنە لە ماڵەكە ڕۆیشتە دەرێ. ژنە گوریسێكی بە دەستەوە بوو. وە دووی كەوتم. دەنگی تۆپخانەی ڕژێم كە لە شارەكانی دەوروبەری دەدا بەر گوێمان دەكەوت. ژنە خۆی بە گەوڕی یەكێك لە ماڵە چۆڵەكاندا كرد. تەنیا ئاژەڵی ناو گەوڕەكە سەگێكی تۆقاو بوو كە وەك شێت بەو ناوەدا دەخولایەوە، دەتگوت جادوو كراوە. 
 
ژنە ڕانە مریشكێكی ساردی لە گیرفانی دەرھێنا و فڕێیدایە بەر دەمی. سەگە بە قەپاڵێك ھەڵیلووشی. ژنە دەستی بە سەری سەگەكەدا ھێنا، كەندرەكەی لە ملی ئاڵاند و بەری دا تا لە تەویلەكە بڕواتە دەرێ.
 
گەڕامەوە لای كچە؛ سەری وەبەر بۆڕییەكەی حەوشە دابوو تا فێنك ببێتەوە، پاشان چووە بەر سێبەری دار سێوێك و لە پڕمەی گریانی دا. ژنە سەگەكەی لە نزیك گەماڵەكانی دیكە بەستەوە و چاوی بە ئاواییە بێدەنگەكەدا گێڕا. من لەسەر لقی دارسێوەكە دانیشتم و بیرم لە ھاوڕێكانم دەكردەوە، ئاخۆ بڵێی بێن بەھانامەوە تا بپەڕێمەوە ئەوبەر. ھیوادار بووم وە درەنگی نەكەون. سەیری چۆلەكە و سێوەكان و قژی تەڕی كچەم كرد – چەند دیمەنێكی ئاسایی لەو سی و چوار ساڵەی تێپەڕم كرد. زۆریش نییە. بەڵام پەژیوان نەبووم. من بوێرانە ژیابووم و ناوم لەناو زەینی نەوەكانی داھاتوودا دەدرەوشاوە.
 
ژنە گەڕاوە حەوشە و بە سەوسەنی گوت شتێك بخوا. كچە زیڕاندی و چۆلەكەكان لە ترسان ھەریەكە بە لایەكدا ھەڵفڕین. كچە دەگریا و بە زللە لە ڕوومەتی خۆی دەدا و دەیگوت ھیچ ناخۆم، دەیگوت چاكتر وایە لە برسان بمرم تا لە بەر تیشكی خۆر. كچە گوتی: "تۆ دایكێكی بێ ڕەحمی، شێتی! خۆزگە بمرم و رزگارم بێ".
 
ژنە چووە سەرێ بۆ لای سەوسەن و پیلی گرت، بەڵام لەپڕ فرمێسكی ھاتنە خوارێ. پاڵی بە قەدی دارەكەوە دا و لە پەنایەوە دانیشت. سەوسەن سەری ھاویشتە كۆشی دایكیەوە و ھێقە ھێقی گریانی بەرز بووەوە. تەمەنی پێدەچوو پازدە ساڵ بێ، باریكەلە و جوانكیلە، نیگایەكی سەیر لە چاوانیدا بەدی دەكرا، وەك بڵێی گەرەكی بێ بەرەو شوێنێكی نادیار خۆی ھەڵدێرێ. چی لە نێوانیاندا دەقەوما، من نەمدەزانی.
 
تەلەفۆنێك زرینگاوە. ژنە لە كەسی پشت تەلەفۆنەكە دەپاڕاوە تا ئاگای لە مێردەكەی بێ. گەرەكم بوو بچمە ئەو جێیەی تەلەفۆنكەرەكەی لێبوو تا بزانم كێیە. سووڕانەوە بەو ناوەدا ئاسان بوو، بەڵام پێیان گوتبووم لە مەتەرێزی گوندەكە واوەتر نەڕۆم. نەمدەتوانی یاساكان پێشێل بكەم.
 
ڕۆژ و ھەفتەی دووپاتە ھاتن و چوون. بێجگە لە سەوسەن و دایكی سەرم بە شتێكی ترەوە قاڵ نەبوو. دایكی ھەموو جارێ بە زۆری سەوسەنی لەسەربان لەبەر خۆرەتاو ڕادەگرت و بەردەوام تەلەفۆنی دەكرد تا بەڵكوو مێردەكەی بدۆزێتەوە. ھێزەكانی رژێم ھەر سات و ئانێك لەوانە بوو ئاواییەكە بدەنە بەر بۆمبا و خومپارە، بەڵام مەرگ و ژیان بە گشتی، چیتر منی نەدەترساند. من ئازاد بووم و تەنیا ھەنگاوێكی بەرەوپێشم مابوو.
 
سەرئەنجام زانیم لە نێوان سەوسەن و دایكیدا چی لە گۆڕێدا بوو. ژنە لە بەر خاتری مێردەكەی لە ئاواییەكەدا مابووەوە. چەند ڕۆژ پێشتر بەر لەوەی خەڵكی ئاوایی گوندەكە چۆڵ بكەن، تەلەفۆنی بۆ ژنەكەی كردبوو، پێیگوتبوو چاوەڕێی بێ. گوتبووی كە گەرەكیە ڕابكا. مێردەكەی لە یەكێك لە شارۆچكەكانی دەوروبەر لەناو ھێزەكانی ئۆپۆزسیۆندا شەڕی دەكرد، بەڵام پاشان ون ببوو؛ چیتر وەڵامی تەلەفۆنەكەی نەدەداوە. دایكی سەوسەن ھێندە دەترسا، نەیدەوێرا بەبێ مێردەكەی بچێتە شارۆچكەیەكی تر. ژیانە ھەمیشەییەكەی ناو گوندی لێ شێوابوو، ژیانی لێ ببوو بە كابووس. 
 
بە گوێی گەیشتبوو كە شەڕوانانی ڕژێم ڕێگەی زوڵم و زۆریان گرتووەتە بەر. خەڵكی ناویان نابوون "شەوە" و دەیانگوت كە دەستدرێژی دەكەنە سەر ژن و كچان و زیاتر حەزیان لەوانەیە وا خۆش ڕەنگ و ڕواڵەتن. ھەر بۆیە دایكی سەوسەن بڕیاری دا كچەكەی ھەتاوسووت بكا. بۆ ماوەیەكی زۆر لەبەر تیشكی خۆرەتاو دایدەنیشاند. رەنگە ئەگەر پێستی وەك نانی تەندوور ببرژایە، كاریان پێی نەدەبوو. ژنە تەدبیری تریشی دەكار كردبوو. دەمانچەیەكی ھەبوو، سەگەكانی ئاواییشی ھەموو كۆكردبوونەوە بەر دەرگای ماڵەكەی بە ھیوای ئەوەی ھەر كەس بەبیریدا بێ خۆی نزیك بكاتەوە، بیترسێنن و دووری بخەنەوە. سەوسەن هێندەی دایكی ترسی لە دڵدا بوو. پتر لە جارێك بە بیریدا ھات ڕابكا، بەڵام نەیدەزانی دەتوانێ بەرەو كوێ بچێ.
 
شەوێك لەسەر تەختەبەندێكی كۆن درێژ ببووم، ژنەش لەو نزیكانە لەسەر مافوورێك دانیشتبوو، سەیری ھەواڵەكانی دەكرد و سەرنجی دەدایە پێستی سەوسەن. قاڵبی ساردی بە ڕوومەتی كچەكەیەوە نابوو، پێیدەگوت دەبێ زۆر ئاو بخواتەوە. كچە حاڵی باش نەبوو. كارەبا بڕا. دایكە لەنتەرێكی داگیرساند، پاشان چووە دەرەوە بەرەو حەوشە تا تەلەفۆنێك بكا. سەوسەن كتێبێكی ئەستووری لە مێزی بن تەلەفیزیۆنەكە دەركێشا. ئەو ماڵە تەنیا دوو كتێبی تێدا بوو – قورئان و كتێبی چیرۆكە كلاسیكەكان. كاتێك سەوسەن تەمەنی دە ساڵان بوو، باوكی ئەو كتێبی چیرۆكەی بۆ كڕیبوو. دایكە ھاتەوە و لە پەنا سەوسەنەوە دانیشت، نیگەران و بێقەرار.
 
سەوسەن گوتی: "گوێ بدەیە دایە، با ئەو چیرۆكەت بۆ بخوێنمەوە: شەمسەدین، پاشایەكی ستەمكار و نوقمی چێژ و بێ مبالات بوو بە كێشە و گرفتی ژێردەستەكانی. فیلێكی ھەبوو كە زۆری خۆشدەویست. كەس ئیزنی نەبوو فیلەكەی عاجز بكات یا سەر ڕێگای پێ بگرێت. فیلی پاشا بەناو شەقام و بازاڕەكانی شاردا دەخولایەوە و ھەر شتێكی كەوتبایە بەر پێ، تێكیدەشكاند. ببووە بەڵا بۆ خەڵكی شار، بەڵام خەڵكی لە ترسی تووڕەبوونی پاشاكەیان ھیچیان پێ نەدەكرا. رۆژێك خەڵكانی شار كۆبوونەوە و بڕیاریان دا داوا لە پاشا بكەن جموجۆڵی فیلەكە سنووردار بكات یان دووری بخاتەوە. ھەمووان رۆیشتنە ناو كۆشكەوە، بەڵام ترس و وەحشەت بەرۆكی گرتن، لەگەڵ سەر و گوێلاكی شەمسەدین پەیدا بوو، خەریک بوو ھەموویان ڕابكەن. پاش بێدەنگییەكی زۆر، شێخێكی بەتەمەن ھاتە دەنگ؛ گوتی: گەورەم، فیلەكە... پاشان سەكنی، لەبەر ئەوەی پێیوابوو رەنگە ئەوانی تر قسەكەی تەواو بكەن، بەڵام دیتی بە تەنیا ماوەتەوە. شەمسەدین بە تووڕەییەوە گوتی: فیلە جوانەكەم چی لێھاتووە؟ قسە بكە!
 
شێخ لە فكری چارەیەكدا بوو تا لەو گرفتارییە دەربازی بێت. لە كاتێكدا لە ترسان ھەڵدەلەرزی، گوتی: فیلەكە ھەست بە تەنیایی دەكات، گەورەم. بە تەما نین فیلێكی تر دەستەبەر بكەن تا ببێتە ھاوڕێی؟
شەمسەدین دای لە قاقای پێكەنین و گوتی: ڕاست دەكەیت، پیاوی عاقڵ. گەلی دە وەزیران، فیلێكی ترم بۆ بێنن.!
 
فیلێكی تریان بۆ پاشا ھێنا و ئەمجارە خەڵكی شار زیاتر لە پێشوو جاڕز ببوون، بۆیە بڕیاریان دا جارێكی تر بچنە لای پاشا بۆ گلە و گازندە، بەڵام وەك جاری پێشوو، لە كۆتایی قسەیاندا داوایان لە شەمسەدین كرد فیلێكی تر بخوازێ.
خەڵك ھەموو جارێ سەردانی كۆشكیان دەكرد و ھەرجارە و پاشا داوای دەكرد فیلێكی تری بۆ بێنن. بەم جۆرە باژێر پڕ بوو لە فیل و خەڵكی یەك لە دوای یەك شاریان جێدەھێشت. ھەر كەس كە كۆچی دەكرد، ئەوانی تری بە ترسنۆكی تاوانبار دەكرد، دواجار شار كەسی تێدا نەما، بێجگە لە فیلەكانی پاشا كە بێ ھەوسار دەخولانەوە".
 
- چۆن بوو چیرۆكەكە دایە؟
- نازانم كچی خۆم، نازانم، وەڵامی دایەوە: پشت و پەنامان ھەر خوایە.
سەوسەن درێژەی كتێبەكەی بۆخۆی خوێندەوە. دایكی چووە چێشتخانەكە و بڕێك نان و مرەبای ھەرمێی ھێنا.
 
پاشان دەنگی تەقەی تفەنگمان بەرگوێ كەوت. ژنە ئاگری لەنتەرەكەی تەمراند، من بازم دایە دەرێ، لەوێ دیتم پێنج شەڕوانی ئۆپۆزیسیۆن ڕەپێی فڕۆكەوانێك كەوتوون. پێدەچوو ھێلیكۆپتەرەكەیان خستبێتە خوارەوە و خۆیان گەیاندبێتە ئەو شوێنەی فڕۆكەوانەكە بە پاراشوت خۆی فڕێدابووە خوارەوە. فڕۆكەوانەكە تاقە دەمانچەیەكی پێبوو؛ ئەوانی تر كڵاشنیكۆف بەدەست، بە سواری پیكاپێكەوە بە شوێنیەوە بوون. فڕۆكەوانەكە سێ فیشەكی تەقاند و بە پەنا ماڵی سەوسەندا تێپەڕی. من ھەڵاتمە ژوورەوە. دایكی سەوسەن زەندەقی چووبوو، دەمانچەكەی لە دراوێری لیباسەكان ھێنایە دەرێ و لە پاڵ كچەكەیەوە دانیشت. 
 
فڕۆكەوانەكە خۆی بە خانوویەكدا كرد، شەڕوانان دەورەیان دا و داوایان لێكرد خۆی تەسلیم بكا. چارەیەكی تری نەبوو: تەقەمەنی لێ بڕابوو. ھەردوو دەستی بە سەریەوە گرت و ھاتە دەرێ. پیاوەكان دەورەیان دا و بە پێلەقە تێیبەربوون تا كەوتە زەوی. پێیانگوت ھەڵسێتەوە. یەكێكیان چەقۆیەكی لێدا و ئەوانی تریش بە دوایدا بەربوونە چەقۆلێدان. فڕۆكەوانەكە لە جۆگەلەخوێنی خۆیدا گەوزا. یەكێك لە پیاوەكان چوو لەناو پیكاپەكەدا گازۆیڵی ھێنا و یەكێكی تر لە ھاودەستەكانی مۆبایلێكی دەرھێنا و کەوتە وێنەگرتن لە جەستەی سووتاوی فڕۆكەوانەكە.
وێكڕا نەڕاندیان: "ئەڵاھو ئەكبەر!" پاشان گەڕانەوە ناو ئوتومبێلەكەیان و بە نیشانەی سەركەوتن، دەستیان كرد بە فیشەك تەقاندن.
 
بە پەنای ماڵی دایكی سەوسەندا تێپەڕین و كاتێك چاویان بەو گشتە سەگە پەتكراوە كەوت، دیسان تینیان وەبەرھات. لە ئۆتۆمبێلەكە دابەزینە خوارێ و ڕەگباری فیشەكیان گرتە سەگەل. دایكی سەوسەن زانی كە ئەمانە "شەوە"ن و گەرەكیانە خۆ بە ماڵێدا بكەن. دەستبەجێ فیشەكێكی بە مێشكی سەوسەنەوە نا، پاشان دەمانچەكەی خستە ناو دەمی خۆی. لەبەر دەنگی تەقەی كڵاشنیكۆفەكان و وەڕەی سەگەل، چەكدارەكان دەنگی تەقەكەی ناو ماڵیان نەبیست.
 
دوای كوژرانی دواھەمین گەماڵ، بێدەنگی دیسان باڵی کێشا. پیاوەكان بەرەو دەرەوەی ئاوایی پیكاپەكەیان ئاژۆت. لەناو  ماڵەكەدا، دایكە چۆكی دادابوو، دەمانچەكەی بە ھەردوو دەستی گرتبوو. زاتی نەبوو ڕوو بكاتە سەوسەن كە خوێنێكی زۆر پرژابووە سەر پێستی ھەتاوسووتی.
 
ژنە ھەتا ئێوارە لەجێی خۆی نەبزووت. من بۆ ماوەیەك لە تەرمی سەگەكانم ڕوانی. یەكێیان ھێشتا ھاسكە ھاسكی ھەناسەی دەھات. وام وێنا كرد ڕۆحی دەرباز دەبێ و لەم چاوەڕوانیەمدا دەبێ بە ھاوڕێم. دایكی سەوسەن دەرگای دەرەوەی ماڵەكەی كردەوە. دەمانچەكەی ھێشتا بەدەستەوە بوو، بێ ئەوەی بزانێ بۆ كوێ، بەرەو پێشەوە ملی پێوە نا. چووە ناو مەزرایەكی لۆكە و بە ماتمایی ھەر ڕۆی و ڕۆی. ویستم بكەومە شوێنی بۆ ئەوەی بزانم ئاخۆ دەیەوێ خۆی بكوژێ، بەڵام لە مەتەرێزەكانی ئاوایی واوەتر و بەرەو ھەتاو كە دەھات ھەڵبێ، ڕۆیشت.
 
دوای ئەم رووداوە زۆر شتی تر لەو ئاواییەدا قەوما. ھێزەكانی رژێم ھێرشیان كردە سەر گوندەكە، پاشان ھێزەكانی ئۆپۆزۆسیۆن دوای كۆمەڵێك شەڕ و پێكدادانی دژوار، دیسان كۆنترۆڵیان كردەوە. ڕێكخراوە مرۆییە ناونەتەوەییەكان بە مەبەستی كۆكردنەوەی بەڵگە، ھاتن و زانیارییان سەبارەت بە تاوانەكانی ھەردوو لایەن كۆكردەوە، وەك دادوەر كە گۆڵە تۆماركراوەكان دەژمێرن.
 
****
من وێڕای گرووپی موجاھیدینی كوڕانی خوا شەڕم دەكرد. قەناسە بە دەست بووم. بۆ ماوەی ساڵ و نیوێك تەرمی سەربازەكانی ڕژێمم ھەڵدەگرتەوە. دواجار لەسەر فڕۆكەیەكەوە بۆمبایەكیان ھاویشتە سەر پەناگەكەم. لەشی شپرزەمیان بە ڕاكێشكردن ھێنایە دەرێ و بە پێلەقە تێیبەربوون و پێیدا ھەڵمیزان. بۆم گرینگ نەبوو كە بە خراپ لەگەڵ مەیتەكەم ھەڵسوكەوت دەكرێ. كەیفخۆش بووم لەوەی لە شەڕدا مردبووم. بە ویژدانێكی ئاسوودەوە دەچوومە بارەگای خودا. ھەر كە گیانم دەرچوو، چەند ھاوڕێی قەدیمی ھاتن بۆ ئەوەی پرۆسەی گواستنەوەم ڕێكبخەن. ھێنایانمە ئەم ئاواییە. گوتیان: "لێرە بمێنەوە. بەڕێی بەھەشتت دەكەین. لە مەتەرێزەكانی ئاوایی واوەتر مەچۆ". پاشان بەجێیانھێشتم. نازانم ئاخۆ ئەو ھاوڕێیانەش وەك من چاوەڕوان بوون؟
 
كاتێكی زۆر تێپەڕیبوو. من ھەر چاوەڕوان بووم. بەناو ئەو ئاواییە چۆڵەدا دەگەڕام. لە جلوبەرگ و قاپ و قازانی خەڵكانی دێھاتەكەم دەنواڕی، لە لیستۆكی منداڵەكانیان و ئێسك و پرووسكی ئاژەڵە مردووەكانیان. مەزراكانی لۆكەش مردبوون. زوو زوو تاقەتم بەسەر دەچوو، بەڵام دواتر بێتاقەتی پێشانیدام كە بەڕاستی خاوەنی چ ھێزگەلێكم. ئیدی وێڕای چۆلەكەكان بەسەر چڵی دارەكان و سەربانی ماڵەكاندا دەگەڕام و دەخولامەوە. لەگەڵ گەڵای دارەكان كاتێك دادەوەرین، سەمام دەكرد. 
 
لە تەك با كایەم دەكرد، وێكڕای كرمەكان دەخزیم و گاڵتەم بە دەعباكان دەكرد. بێ دڵەڕاوكێ و برسیەتی و ترس ھەموو شتێك مسۆگەر بوو بۆم. تەنھایی چیتر ئازاری نەدەدام. بیرەوەرییەكانی ژیانی پێشووم وردە وردە كاڵ دەبوونەوە. بەیانیەك كاتێك لەسەر دارسێوەكەی ماڵی دایكی سەوسەن دانیشتبووم، بیرێكم بە مێشكدا ھات كە زەبرێكی گران بوو لە بیرۆكەی چاوەڕوانی: ئەگەر ئەم ئاواییە چۆڵكراوە خۆی بەھەشت بێ چی؟
 
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: باوەڕ مەعرووفی – ئیستەنبوڵ-- 17-12-2019

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە