باهۆز مستەفا رۆمانی "فریشتەی دۆزەخ" بڵاودەکاتەوە

06-03-2021
پەسار فایەق
A+ A-


رووداو – هەولێر

"فریشتەی دۆزەخ" رۆمانێکی نوێی باهۆز مستەفا، نووسەر و رۆماننووسی کوردە و بڕیارە بەم نزیکانە لە لایەن خانەی کولتوور چاپ و بڵاوبکرێتەوە و بۆ خوێنەرانی تەمەن سەرووی 18 ساڵی دیاریکراوە. 

باهۆز مستەفا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "رۆمانکە بەشێواز و ناوەڕۆکەوە ئەزموونێکی تازەیە، هەر ئەمەش وایکرد بۆ تەمەنی سەرووی 18 ساڵی بێت، چونکە رۆمانێکی پۆلیسییە و کۆمەڵێک رووداو و وێنەی دروستکردووە، بۆ گەنجی خوار تەمەنی 18 ساڵی رەنگە قوڕسبن و کاریگەری لەسەر بیرکردنەوەیان جێبهێلێت".
 
گوتیشی "فریشتەی دۆزەخ، رۆمانی شارە، زۆربەی هەرە زۆری رووداوەکان لە نێو گەڕەک و شەقامەکانی شار روودەدەن، کارەکتەرەکان بەشێکیان عەقڵیەتی گوندی یان شاخییان هەیە و بە هەمان پێوەری رابردوویان کار دەکەن، ئەمەش وادەکات تەمەنیان کورتبێ".

ئاماژی بۆ ئەوەشکرد "زمانی نووسینی رۆمانەکە، زمانی شارە یاخود ئەو نیمچە ستاندەرەیە کە لە باشووری کوردستان پێیدەنووسین، رەنگە هەندێک لە کارەکتەرەکان بە شێوەزار و زمانی ناوچەکەی خۆیان قسە بکەن، بەڵام بەگشتی زمانێکی ئاساییە و هەموو کەسێک دەتوانێ بە ئاسانی لە رووداو و گفتوگۆکان بگات، لەو بڕوایەدام لەم ئەزموونە بەتایبەتی و ئەوانەی پێشووتریش بەگشتی خوێنەر ماندوو و بێزار ناکەم، هەرچەندە ئەمە دەبێ بۆچوونی خوێنەر خۆیبێ، بەڵام دڵنیام دوای بڵاوبوونەوەی ئەم رۆمانە قسە و باسی زۆر تازەیی لەسەر دەکرێت".

باهۆز مستەفا، ساڵی 2005 یەكەم رۆمانی بەناوی "داستانی سەفەر" بڵاوكردووەتەوە، دواتر چەندین كتێبی دیكەی چاپ و بڵاوكردوونەتەوە بە ناوەكانی "هونەر و ژیان"، "ئەڵمانیا"، "ئێرە رۆمانە" و "هەڵبژاردەیەك لە شیعری شاعیرانی هەولێر".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە