لەنێو نووسراوەکانی کامۆ، مانا و مۆتیڤە گنۆسییەکان بە تۆخییەکی تایبەتەوە لە باشترین شانۆنامەکەی: کالیگولا و لە شانۆنامەی خەیاڵاوی "شاری گەمارۆ"دا دەنگ و ڕەنگی داوەتەوە
ئامادەکردن و وەرگێڕانی: عادل قادری
لە ئامۆژگارییەکانی گنۆسییەکاندا ڕێگەچارەیەکی ڕادیکاڵ بۆ پرسی شەڕ لە جیهاندا خراوەتەڕوو. گنۆسییەکان؛ فەیلەسووف و مامۆستاگەلێکی دینی بوون کە لەسەدە سەرەتاییەکانی دوای لەدایکبوونی مەسیح کاریگەرییەکی بەرچاویان هەبوو.
گنۆسییەکان دووانەباوەڕانێک بوون کە دەیانگوت وجوود دوو قەڵەمڕەوی هەیە: قەڵەمڕەوی خودایی نوور، کە خەیرە و قەڵەمڕەوی جیهانی تاریکی کە شەڕە. دەیانگوت ئینسانەکان کەوتوونەتە داوی قەڵەمڕەوی شەڕ و بۆ رزگارکردنی «ئینسانی دەروونی» و گەیشتن بە رزگاری، پێویستیان بە زانستی غەیبی واتە «گنۆسیۆس» هەیە. ئەم زانستە زۆربەی کات لە زمانی ڕێوڕەسمە ڕازئامێزەکانەوە دەپێچرا و دەخرایەڕوو. زۆربەی گنۆسییەکان توخمگەلێکیان لە مەسیحییەتەوە هێنابووە نێو ئامۆژگارییەکانیان، بەڵام هەندێکیشیان ئامۆژگاریگەلێکیان لە دینەکانیتر، بەتایبەتی دینی زەردەشت، وەرگرتبوو.
کامۆ لە میتافیزیکی مەسیحی و فەلسەفەی نوێی ئەفلاتوونیدا ئایینی گنۆسی مەسیحی دەخاتە چەقی سەرنجی خۆیەوە و وەکوو یەکێک «لە سەرەتاییترین هەوڵەکانی تێکۆشانی هاوبەشی یۆنانی-مەسیحی» باسی دەکات..(Essais،1250)
کامۆ ئیدیعای ئەوە دەکات کە بە پێچەوانەی جیاوازییەکانی نێوان گنۆسییەکان، لە کۆی مەزهەبی گنۆسیدا ناوەڕۆکگەلێکی بنەمایی دەدۆزرێنەوە: «پرسی شەڕ، ڕزگاری لە گوناهـ، تیۆرەی نێونجییەکان و "خوداوەند" وەکوو بابەتێکی باسنەکراو و نەهاتنەسەر زار» .(Essais،1252)
کامۆ ئەوکات سێ گنۆسیی مەسیحی دەداتە بەر سەرنج: باسیلیۆس، مارکیۆن و ڤالنتینۆس.
سەبارەت بە باسیلیۆس دەڵێت: (ئەگەر راست بێت کە پرسی شەڕ لە ناوەندی کۆی ئەندێشەی مەسیحیدا بێت، کەواتە ناشێت هیچ کەس قووڵتر لە باسیلیۆس بزانرێت» .(Essais،1252-3)
ئەو سێ تێزی بنەڕەتی بە هی باسیلیۆس دەزانێت:
(1) ئینسانەکان بەشێوەیەکی سرووشتی ئامادەی گوناهکردنن (2) گوناە بەردەوام بەسەر سزادانی ئینساندا دەشکێتەوە؛ (3) ڕەنج بەردەوام گرێی خواردووە بە داشۆرینی ئینسان لە گوناهـ و چاکسازیی مرۆڤ.
ئەم تێزەی سێهەمیان بەتایبەتی جێی سەرنجە، چونکە بەشێوەیەکی ژێرەوانکێ و زارەکییانە بەو مانایەیە کە شەهیدانی مەسیحییەت و تەنانەت خودی عیسای مەسیح ئەو رەنجانەیان بۆیە تەحەموول کردووە تاکوو لە گوناهەکانیان داشۆرێن و پاک ببنەوە. کامۆ دەنووسێت: «تەنانەت مەسیح ناتوانێت لە یاسای گشتی گوناهـ هەڵبێت» .(Essais،1254)
مارکیۆن، هەروەها کە کامۆ بە بیرمانی دێنێتەوە، لە سۆنگەی ئەم تیۆرەیەوە شایانی سەرنج و گرینگیپێدانە کە دەڵێت دوو خودا هەن: «خودایەکی سەرتر کە لەسەر جیهانی نادیار حاکمە و خودایەکی نەویتر کە خودای ئەم جیهانەیە» .(Essais،1255) مارکیۆن ئەم خودایەی دووەم لەگەڵ خودای چاخی کەونینە بەیەک دەگرێت و بە خودایەکی بێبەزەیی و جەنگخوازی دەزانێت. ئەو خودایەک بوو کە یەعقووبی ئازار دا تاکوو دەسەڵاتی شەیتان بخاتە بەر تاقیکردنەوەوە کە تینووی خوێن و جەنگ بوو، کە یاسایەکی نووسی، بووە هۆی سەرکوتکردنی خەڵکی یەهوود. خودای سەرتر خودایەکی پەنامەکییە، تەنها ئەو کاتە ئاشکرا بوو کە عیسا ناساندی. ئەگەرچی ئینسانەکان بوونەوەرگەلی ئەم جیهانە نزم و نەوییەن، بەڵام تۆوی خودای سەرتریان تێدایە و بۆیەش بوونیان دەبێتە پانتای جەنگی نێوان خودای هێرشبەر بەڵام نەویتری ئەم جیهانە و خودای سەرتر بەڵام دوورتری ئەو جیهانە نادیارە. لە ڕاستیدا ئەرکی رزگاری و بەختیاری ئینسان خراوەتە سەر شانی نێونجییەک:
عیسا لێرەدا، لەم خوارەدا ئەرکێکی شۆڕشگێڕانە دەگەیەنێتە ئەنجام. ئەگەر ئەو ئێمە لە گوناهەکانمان پاک دەکاتەوە، لە ڕاستیدا بە کێبڕکێ و بەربەرەکانێ لەگەڵ خودا بێ بەزەییەکە ئەم کارە دەکات. ئەو کە هەم رزگارکەر و هەم وەرگرەوەی گوناهەکانمانە. ئامێری جۆرێک کودەتای میتافیزیکییە. .(Essais،1256)
ڤالنتینۆس، گنۆسییەکی سەر بە بەرەی دووەم، بەرگری لە پێکهاتێکی چڕوپڕتری داڕێژراو لە نێونجییەکان دەکرد کە لەخۆگری تاقمێک لە فریشتەکانە. کامۆ پێکهاتەکەی بە «ئۆڵێمپیایی مەسیحی» ناو دەبات. .(Essais،1259)
ڤالنتینۆس بۆ ئەم پرۆسێسە ئاوەها باسکارییەک دەدات بەدەستەوە کە وەبیرخەری "بەخشاوەیی" و بەشینەوە بەردەوامەکانی فلۆتینە. خودای ڤالنتینۆس، وەکوو خودای فلۆتین، تاقانە و کامڵە، سەرڕێژێکی بەرین لە وجوود کە لە دەرەوەی زەماندایە. پاشماوەی وجوود گەڕیان و بەشینەوەیەکە لە کەماڵی خوداوەند. بەڵام ئەم پرۆسێسە هێمن و ئەمین ناچێتە پێشەوە. سۆفیا(حیکمەت) بەرپرسی خراپ بەڕێوەچوونی کاروباری مرۆییە.
کامۆ دەڵێت ڕێگەچارەی ڤالنتینۆس بۆ پرسگری شەڕ زۆر ساکارە. چوون سۆفیا شکست دەخوات، ڕۆحی ئینسانی لە ئیرادەی ئازاد بێبەری دەبێت. تەنها کەسانێک کە ڕزگار دەبن ئەوانەن کە بەردەوام لەسەر بنەڕەتی خۆیان ئاگادار دەمێننەوە: ڕۆحانییەکان «یان گنۆسییەکان».
گنۆسییە مەسیحییەکان لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا کە«بۆچی بوونەوەرێکی تەواو، جیهانێکی ناتەواو دەئافرێنێ؟» هاودەنگ و هاوڕان و دەڵێن: خودای تەواو نەبووە کە ئەم جیهانەی ئافراندووە. ئافرێنەری جیهان بوونەوەرێکی نەویتر، خودایەکی پلە دوو بووە کە دەتوانێت بێبەزەیی و تەنانەت دڕندەش بێت. لەلایەکی دیکەوە، گنۆسییە مەسیحییەکان لەو بارەیەوە کە بۆچی بوونەوەرێکی تەواو بوار دەدات بوونی جیهانێکی ناتەواو درێژەی هەبێت نە هاودەنگ و هاوڕان و نە وەڵامیشیان ڕۆشنە. ڕەنگە تەنیا شتێک کە بەکۆ دەکرێت بگوترێت و گشتگیر بێت ئەوەیە کە بوونەوەری تەواو، خودای ڕاستەقینە، وەها لەم جیهانە دوورە و ئاوەهاش "موجەڕەد"ە کە وێنا ناکرێ، دەستتێوەردان و بەشداریی تاکەکەسی بکات. خەبات لە دژی قەڵەمڕەوی تاریکی دەبێت نێوەنجییەکان بەڕێوەی ببەن. « چۆنچۆنی و لەڕێگەی چ ئامێرێکەوە ئینسان دەتوانێت لە شەڕی ناتەواوییەکانی ئەم دونیایە هەڵبێت و پەیوەست و هەڵپێکراو بێت بە کەماڵی ئیلاهییەوە؟» لەم بارەشەوە گنۆسییە مەسیحییەکان تەبا و هاوڕان و دەڵێن«گنۆسیۆس»، زانیاریی غەیبی لە خودا، کلیلی ڕزگارییە.«بۆچی بەڵاگەلی خراپ بەسەر ئینسانە چاکەکاندا دێت؟» وەڵامی گنۆسییەکان ئەوەیە کە«ئاوەها شتێک ڕوونادات». ئینسانەکان ئامادەی گوناە کردنن و ڕەنج سزای گوناهەکانە. بەڵاگەلی خراپ بەسەر مرۆڤە خراپەکاندا دێت.
لە نێو نووسراوەکانی دواتری کامۆ، مانا و مۆتیڤە گنۆسییەکان بە تۆخییەکی تایبەتەوە لە باشترین شانۆنامەکەی: کالیگولا و لە شانۆنامەی خەیاڵاوی "شاری گەمارۆ"دا دەنگ و ڕەنگی داوەتەوە.
لە کالیگولادا، ئیمپراتۆری گەنجی ڕۆم بە هۆی مەرگی خوشک و خۆشەویستەکەیەوە،واتە درۆسیلا1، ناچار دەبێت بە دوای چارەسەرێک بۆ پووچی جیهانێک بکەوێت کە تێیدا «ئینسانەکان دەمرن و بەختەوەر نین» و دەیەوێت بگاتە لای مانگ و ئامۆژگارییەکانی بە خەڵکەکەی بڵێتەوە کە ژیان لە جیهانێکی پووچدا بە چ مانایەکە. بە هەمان شێوە کە پۆل ئارشامبۆ دەڵێت، کالیگولا، دەشێت وەکوو هەمان ئەزموونێکی سەیر و سەمەرەی ئایینی گنۆسی بخوێنرێتەوە.
ئەو ڕاستییە بەرزتر و سەرترەی کە ئیمپراتۆری لاو ئارەزوویەتی «نەکردە» (محال)، «مانگ»، «ژیانی هەتاهەتایی»، دەتوانین بە هەمان ڕووبەر و پانتای خودای بەرزتر و سەرتری بزانین. کالیگولا لە شوێنێک لە شانۆنامەکەدا دەڵێت: «ئامانجی من و ئەو شتەی کە بە دڵ و بەگیان دەیخوازم شتێکی واڵاتر، زۆر سەرووتر لە خوداکانە» .(CTOP،16) بەم پێیە دەشێت حکوومەتی بێڕەحمانە و بەلاڕێداچووی کالیگولا وەکوو پراکتیککردن و گەورەنوێنیی ئەو تاریکییە زاتییەی ئەم جیهانە بزانرێت. بەڵام خودی کالیگولا دەتوانرێت وەکوو مامۆستایەکی گنۆسی یان تەنانەت «نێونجییەک»ی مومکین ئەژمار بکرێت کە ئەرکی گواستنەوەی زانستی غەیبی بۆ خەڵکەکەی لە ئەستۆیە. «چونکە دەزانم ئەوان چییان نییە، ئەوان زانست و مەعریفەیان نییە و مامۆستایەکیان دەوێت کە بزانێت چ دەڵێت».
لە دیمەنێکی جاویداندا، کالیگولا گرووپێک لە پاتریسینەکان(دانیشتووە ڕەسەنەکانی ڕۆمی کۆن کە بە شاسواران ناویان دەرکردبوو، و) پێمل دەکات تا لە رێوڕەسمێکی رازاویدا ئەو پەرستش بکەن. کالیگولا بە جلوبەرگی ونووسەوە لەبەر پێی پەیکەرەیەک ڕادەوەستێ. بەڵام ئەو ونووسەی کالیگولا وا دەنوێنێ کە خۆیەتی، ئیلاهەی عەشق نییە. دەربڕینێک کە لەم رێوڕەسمەدا لە ستایش و هەڵگوتنی ئەم «ونووس»ە بەکاردەبرێت، ئەو وەکوو خودای جیهانی نزم و نەوی مارکیۆن دەنوێنێ. «ئێمە لە بەزەیی و رەحمەتەکانی خۆت سەرڕێژ کە؛ دڵڕەقیی ناکۆتا و نەفرەتی بێ روخسارت ئاراستەی ڕوخسارمان بکە؛ لەسەر چاوەکانمان دەستەکانت بکەرەوە کە لێوانلێوە لە گوڵ و مەرگ» .(CTOP،42)
لە شاری گەمارۆدا، خودای جیهانی نزم و نەوی مارکیۆنی گنۆسی لە شێواز و قەوارەی کەسایەتییەکدا دەردەکەوێت کە ناوی«تاعوون»ە. ئەگەرچی ئەم کەسایەتییە لە سەرەتادا وەکوو ئینسانێک دەردەکەوێت کە خوازیاری حوکمڕانیی ڕەها لەسەر شاری قادیسە، بەڵام تۆزێک دواتر ئاشکرا دەبێت کە بەڵای پەتاکە گشتگیرە و چووەتە هەناو و کڵێشەی تاکەوە. لە کۆتایی شانۆنامەکەدا، کاتێک کە دەسەڵاتی ئەو لە هەمبەر شۆڕش و ڕابوون تێکدەشکێت، درک و تێگەی یەهوودی- مەسیحی لە خودا دەکات بە گیروگرفت (چالش) و بە بەڵگەیەکی زۆر دیاری گنۆسی، پاساوی خۆی دەداتەوە:
پێشتر دەتانگوت لە خودا و چڵێسییەکانی دەترسێین. بەڵام خودای ئێوە «ئانارشیست»ێک بوو کە هەموو جۆرە لۆژیکەکانی پێکەوە تێکەڵ کرد. وایدەزانی دەتوانێت هەم دیکتاتۆر بێت و هەم میهرەبان- بەڵام با پێتان بڵێم کە ئەمە خەیاڵێکی خاو بوو. من باشتر دەزانم. من دەرکەوتە و هێمای دەسەڵاتم، تەنها دەسەڵات. .(CTOP،226)
سەرەڕای ئەمەش، «تاعوون» چونکە بڕوای وایە زۆربەی ئینسانەکان زانست و مەعریفە «گنۆسیۆس»، خواستی خەیر و سەربەخۆیی پێویستیان بۆ ڕزگاریی خۆیان نییە، لەدواجاردا هیوای گەڕانەوەی دووبارەی بۆ سەر دەسەڵات هەر دەپارێزێت:
ئەمانە ئەربابە کۆنەکانی ئێوەن کە دەگەڕێنەوە و دەبینن کە بەردەوام، وەکوو هەمیشە، چاویان لەهەمبەر برینی ئەوانیدیدا بەستراوە، بەهەمان شێوەش نغرۆی سستی و فەرامۆشین و کاتێک دەبینن کە گەمژەیی بێ هیچ ململانێ و کێبڕکێیەک دەیباتەوە، بێ هومێد دەبن... بۆیە هەر بەرز و بەڕێز بن گەمژەکان کە ڕێگای من پاک دەکەنەوە. .(CTOP،227)
هەڵبەت«تاعوون» دەکرێت بە توتالیتاریسمی خزاو لە پێست و کڵێشەی تاکێکیشەوە بزانرێت. ئەو دیکتاتۆرێکی فاشیست، نازی، یان کۆمۆنیستێکە کە بە کوشتن و قڕکردن حوکم دەکات. لە شاری گەمارۆدا، ڕاستەوڕاست وەکوو ڕۆمانی تاعوون، کامۆ بەڵای پەتای گشتگیر دەکات بە هێما و نوێنەری شەڕی سیاسی و هەروەهاش شەڕی سرووشتی و بان سرووشتی.
ژێدەر و پەراوێزەکان:
1-Drusilla
2-فلسفەی کامو، ریچارد کمبر؛ ترجمە خشایار دیهیمی، تهران، گرح نو، 1385
3-دلهرەی هستی، ێلبر کامو؛ ترجمە محمد تقی غیاپی، تهران؛ مٶسسەی انتشارات نگاه،1386
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ