رۆزا گەرگەری: تەنیا بە جەستە لە جۆرجیام، دڵ و هەست و خەیاڵم لە کوردستانە

22-09-2019
هیوا سەڵاح
نیشانەکردن رۆزا گەرگەری
A+ A-
 
رووداو- هەولێر

 

ناوی رۆزا گەرگەرییە، گۆرانیبێژێکی کوردە و ئێزدییە و لەدایکبووی جۆرجیایە. ماوەی چەند ساڵێکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە خۆی پیانۆکەیەوە دەردەکەوێت و گۆرانیی کوردی دەڵێت، بەهۆی دەنگە خۆشەکەیەوە بینەرێکی یەکجار زۆری هەیە. رۆزا دەڵێت هەرچەندە بە جەستە لە جۆرجیا دەژی، بەڵام دڵ و هەست و خەیاڵی لە کوردستانی مەزنە و هیواخوازە رۆژێک دابێت کوردستانی مەزن بە ئازادی ببینێ. رۆزا لەم هەڤپەیڤینەدا پتر باسی خۆی و هونەری کوردی و کوردی جۆرجیا بە گشتی دەکات.

رووداو: باسێکی خۆت بکە، رۆزا گەرگەری کێیە؟

رۆزا: من لە ساڵی 1991 لە تبلیسیی‌ پایتەختی‌ جۆرجیا لەدایکبوومە، بەشی ئامێری پیانۆم لە قوتابخانەی میوزیک تەواو کردووە، هەروەها بەشی دەروونناسیم لە زانکۆ تەواو کردووە و، ماوەی چەند ساڵێکە کاری هونەری دەکەم و چەند گۆرانییەکم بڵاوکردووەتەوە.

رووداو: لە کەیەوە تێکەڵی دنیای هونەر بوویت؟

رۆزا: هەر لە منداڵییەوە رۆحم لەگەڵ میوزیک و گۆرانی تێکەڵ بووە، زۆر بچووک بووم کاتێک لە ماڵەوە لەبەرخۆمەوە گۆرانیم دەگوت، دوای ئەوەی کەمێک گەورەبووم، لە قوتابخانە بەشی میوزیکم خوێند و ئامێری پیانۆم هەڵبژارد، ئیدی لەو کاتەوە بەشێوەیەکی ئەکادیمی ئاوێزانی میوزیک و گۆرانی بووم، خێزانەکەشم زۆر هاوکار و پاڵپشتم بووە، بۆیە بەردەوام لە کار و چالاکییە هونەرییەکان بەشداریم دەکرد و گۆرانیم دەگوت، خەڵکیش زۆر بە دڵیان بووم و هاندەرم بوون.

رووداو: لە نێو بنەماڵەکەتاندا کێ زۆر هاوکارو پاڵپشتی تۆیە؟

رۆزا: لەنێو بنەماڵەکەماندا باوکم لە هەموو کەسێک زیاتر هاوکار و پاڵپشتم بووە، خۆیشی هونەرمەندێکی باش بووە و ئامێری بلوێر و دەف و زوڕنای دەژەند، ئەمەش هاوکارێکی باشی من بوو بۆ فێربوونی هونەری میوزیک و مەقامات و ژەنینی ئامێری میوزیک، هەروەها دایکیشم هونەردۆستێکی باش بوو، خاڵی دایکم ناوی قەناتێ کاکێ-یە کە میوزیکژەنێکی ناوداری ئەرمینیایە، ئەمانە هاندەر و هاوکارم بوون بۆ ئەوەی زیاتر شارەزای میوزیک و هونەر ببم، دەمەوێت ئەوەش بۆ مێژوو باس بکەم کەوا دایکم بوو منی بردە قوتابخانەی میوزیکی و گوتی دەبێت بەشێوەیەکی ئەکادیمی فێری میوزیک و گۆرانی بیت، بەڵام وەکو گوتم ئێستا باوکم زیاتر هاندەر و پاڵپشتی منە.

رووداو: لە جۆرجیا تاچەند گرنگی بە میوزیک و گۆرانیی کوردی دەدرێت؟

رۆزا: هەڵبەتە لەوێ هونەر و میوزیک و کولتووری کوردی کەوتووەتە پلەی دووەم، واتە زیاتر گرنگی بە هونەر و میوزیکی گورجستان دەدرێت و کەمتر هونەری کوردی لەبەرچاوە. ساڵی 1950 چەند دامەزراوەیەکی رۆشنبیری و کولتووریی کوردی دامەزران، چەند گرووپێکی میوزیکی دروستکران، لە ساڵی 1973 لە گورجستان گرووپی میوزیکی وەتەن وەکو یەکەم گرووپی میوزیکی رۆکی کوردی دامەزرا، لە تبلیسی تاوەکو ئێستاش رادیۆیەکی کوردی هەیە کە زیاتر لە 35 ساڵە ئەم رادیۆیە کار لەسەر هونەر و کولتووری کوردی دەکات. پێشتر شانۆی کوردیش پێشكەش دەکرا، لەگەڵ ئەوەشدا یەکێتی لاوانی کوردی گورجستان هەیە کە منیش یەکێکم لە ئەندامانی، ئێمە لە رێگەی کاری هونەرییەوە دەمانەوێت لەگەڵ کوردی گورجستان تێکەڵ بین و ئەوان بە هونەر و رۆشنبیریی باب و باپیرانمان ئاشنا بکەین.

رووداو: ئێستا ژمارەی کورد لەوێ چەندە؟

رۆزا: لەسەردەمی یەکێتی سۆڤیەتی جاران زیاتر لە 40 هەزار کورد لە هەبوون، بۆیە کتێب بە کوردی چاپ دەکرا و پێشانگا و کاری هونەریی زۆر پێشکەش دەکران، بەڵام بەداخەوە بەشێکی زۆریان لەبەر بارودۆخی ئابووری کۆچیان بۆ وڵاتانی ئەوروپا و رووسیا کردووە، ئێستا نزیکەی 15 هەزار کورد لە گورجستان دەژین، بەداخەوە ئێستا رەوشی هونەر و کولتووری کوردی وەکو جاران نییە و کەمتر بەرچاوە.

رووداو: بنەماڵەی ئێوە چۆن و کەی چوونەتە جۆرجیا؟

رۆزا: وەکو هەموو کوردانی دیکە، ئێمەش وەکو بنەماڵەیەکی ئێزدی باب و باپیرانم خەڵکی سەرحەدی باکووری کوردستان بوونە، لە گوندی سێچان سەر بە قەرسێ بوونە، ئیدی لە ساڵی 1915 لەبەر شەڕ و کوشتاری ئەو کاتە هەڵاتن بۆ ناوچەی قەفقاس و لە ئەرمەنستان و گورجستان گیرسانەوە، لەوکاتەوە ئێمە لە گورجستان دەژین و هەوڵمانداوە کولتوور و هونەر و فەرهەنگی خۆمان لەبیر نەکەین و پارێزگاری لێ بکەین.

رووداو: جۆرجییەکان چۆن دەڕواننە کورد؟

رۆزا: هاوڕێیەتییەکی باش لە نێوان جۆرجییەکان و کورد هەیە، هەڵبەتە کوردی گورجستان زۆر لە حکومەت رازین، هەربۆیە لەگەڵ جۆرجییەکان لەگەڵ دوژمن بۆ پاراستنی گورجستان لە یەک بەرەدان، ئێمە سوپاسگوزاری ئەو خاکە و خەڵکی گورجستانین کە هیچ کاتێک زمان و کولتووری ئێمەیان قەدەغە نەکردووە.

رووداو: کامە هونەرمەند زیاتر کاریگەری لەسەر تۆ هەبووە؟

رۆزا: بەشێکی زۆر لە هونەرمەندانی دێرینی کورد کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر من هەبووە، وەکو هونەرمەندان کەرەپاتێ خەچۆ، شەرۆێ برۆ، شاکرۆ، مەریەم خان، عایشەشان، محەممەد شێخۆ، ئارام تیگران و چەندین دەنگبێژی ناوداری دیکەی کورد. هەروەها کۆمەڵێک گۆرانیبێژی دیکەش سەرنجم رادەکێشن، وەکو ئاینور دۆغان، جوان حاجۆ، خێرۆ عەباس کە گۆرانیی جوانیان هەیە و کاریگەرییان لەسەر هەستی من هەیە.

رووداو: ژیانی کۆچبەری چ کاریگەرییەکی لەسەر هونەری تۆ هەبووە؟

رۆزا: من تەنیا بە جەستە لە گورجستانم، دڵ و دەروون و هەست و خەیاڵم هەر لە کوردستانی مەزنە، بە حەسرەتی وڵاتی خۆمەوەم، هەڵبەتە ئەم دوورییە لە کوردستان کاریگەرییەکی زۆری لەسەر من و هونەرەکەم هەبووە، زۆرجار پێمدەڵێن لە دەنگی تۆدا خەمگینی هەیە، دەکرێت ئەم خەمگینییە هی دووریی وڵات بێت، بەتایبەتی دەڤەری سەرحەد کە هەمیشە لە خەیاڵمدایە، هەرچەندە هیچکات نەمتوانیوە سەردانی بکەم و لە نزیکەوە بیبینم، بەڵام لەڕێی گێڕانەوەی چیرۆکەکانی باب و باپیرم لەسەر سەرحەد، وا هەست دەکەم هەموو کوچە و کۆڵانەکانی ئەو شارە شارەزام.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە