رووداو - تەندروستی
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان فەرمانی دامەزراندنی دەرچووانی ساڵی رابردووی کۆلێژی پزیشکیی گشتی لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان واژۆ کرد. نوێنەرێکی پزیشکانی گشتیی دانەمەزراویش دەڵێ: هەموو راهێنانەکانمان تەواو کردووە و ئامادەین بۆ دەوام.
ئەمڕۆ دووشەممە 1-9-2025، دکتۆر شکۆ شێرکۆ، کە نوێنەرێکی پزیشکانی گشتیی دەرچووی ساڵی 2024ـە، بە رووداوی راگەیاند، هەموو راهێنانەکانمان تەواو کردووە و ئامادەین بۆ دەوام، بەڵام دەبێت ئەو پەسندکردنەی سەرۆکوەزیران ببرێتە دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و لەوێشەوە بۆ وەزارەتی تەندروستی و دارایی.
بەگوتەی دکتۆر شکۆ شێرکۆ، شەش خوێندکاری دەرچووی پزیشکیی گشتیی ساڵی رابردوو هی دەرەوەی وڵاتن و لە هەرێمی کوردستان خوێندنیان تەواو کردووە، بە گرێبەست دادەمەزرێن نەک هەمیشەیی؛ بەمەش ژمارەیان دەبێتە 781 پزیشک.
هەر ئەمڕۆ دکتۆر دارۆ هادی، نوێنەری پزیشکانی نیشتەجێی خولاو لە سلێمانی بە رووداوی گوت، نزیکەی 15 رۆژ بایکۆتی دەوامیان کرد بەو مەرجەی پزیشکانی دەرچووی ساڵی رابردوو دابمەزرێن و پلەی زانستیشیان بەرز بکرێتەوە، ئێستا کە بە فەرمی واژۆکراوە لەسەر دامەزراندنیان، گەشبینن کە پلەی ئەوانیش لە پزیشکی خولاوەوە بەرز دەکرێتەوە بۆ پزیشکی پلەبەند.
دکتۆر دارۆ هادی گوتی، بە دامەزراندنی پزیشکانی ساڵی رابردوو، پلەی هەریەک لە پزیشکانی پلەبەند و پایەبڵندیش بەرز دەبێتەوە و جێیان دەگیرێتەوە.
دکتۆر مستەفا موکەڕەم، نوێنەری پزیشکانی خولاو لە هەولێر و دەڵێت: دەبوایە سەرەتای ئەم ساڵ پلەی زانستیمان لە پزیشکی خولاوەوە ببێتە پزیشکی پلەبەند، بەڵام بەهۆی دواکەوتنی دامەزرادنی پزیشکانەوە، پێشکەوتنی پلەکانی ئێمەش دواکەوتووە و لەشوێنی خۆماندا ماوینەتەوە.
مەسرور بارزانی فەرمانی دامەزراندنی بۆ دەرچووانی کۆلێژە پزیشکییەکان دەرکرد
ئەمڕۆ دووشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، فەرمانی دامەزراندنی دەرچووانی کۆلێژی پزیشکی زانکۆکانی (سلێمانی، هەولێری پزیشکی، دهۆک، زاخۆ، کۆیە، گەرمیان و زانکۆی کوردستان)ی دەرکرد.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "ژمارەیان 775 دەرچووی ساڵی خوێندنی ( 2023- 2024 )ن لەسەر میلاکی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە ناونیشان و مووچە و دەرماڵەی شایستە و لەسەر داهاتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان."
پلە زانستییەکانی پزیشکانی گشتی دوای دەرچوونیان لە زانکۆ چۆنە؟
هەر خوێندکارێکی پزیشکیی گشتی کە کۆلێژ تەواو دەکات، دوو ساڵ وەکو پزیشکی نیشتەجێی خولاو لە نەخۆشخانە گشتی و فریاکەوتنەکان دەوام دەکات، پاشان دەبێتە پزیشكی پلەبەند و یەک ساڵ لە بنکە و مەڵبەندە تەندروستییەکان دەوام دەکات، پاشانیش نازناوەکەی دەگۆڕێت بۆ پزیشکی شارەزای گشتی و دواتریش پزیشکی پایەبڵند. بەڵام مەرجی سەرەکی ئەوەیە لەگەڵ هەر بەرزکردنەوەی ناونیشانێک شوێنەکەشیان دەگۆڕێت و ئێستا لەبەر ئەوەی پزیشکانی دەرچووی 2024 دەوام ناکەن و هێشتا فەرمانی دامەزراندنیان جێبەجێ نەکراوە، ئەوا پزیشکانی خولاو، پلەبەند و پایەبڵند ناتوانن پلەیان بەرزبکرێتەوە، چونکە کەس نییە شوێنیان بگرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ