رووداو - تەندروستی
نوێنەرانی پزیشکانی گەنج رایدەگەیێنن، بەیانی بایکۆتی فراوان لە سەرجەم نەخۆشخانەکان رادەگەیێنن، ئەمەش بەهۆی دواکەوتنی ساڵێک لە ریزبەندیی نازناوی پیشەییان و داواکردن بۆ پلەبەرزکردنەوەیان.
ئەمڕۆ پێنجشەممە دکتۆر دارۆ هادی، نوێنەرێکی پزیشکانی نیشتەجێی خولاو لە سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، لە هەیینی 15-8-2025ـەوە بایکۆت دەکەن و هەموو پزیشکانی خولاو، پلەبەند و پایەبڵند دەگرێتەوە.
هاوکات دکتۆر رەهێڵ ئەحمەد، پزیشکی نیشتەجێی خولاو لە سلێمانی دەڵێت: ''ژمارەمان نزیکەی 700 بۆ هەزار کەسە و ساڵێک لە پێشکەوتنی نازناوی پیشەییمان دواکەوتووین و دەمانەوێت بە زووترین کات ئەمە چارەسەر بکرێت''.
هەر ئەمڕۆ دکتۆر عەلی حوسێن، سەرۆکی پزیشکانی خولاو لە هەولێر بە رووداوی راگەیاند، هیچ پێشکەوتنێک لە بەرزکردنەوەی نازناوی پیشەیی نییە و ئەوە بەندە بە دامەزراندن و دەستپێکردنی کارکردنی پزیشکانی تازەدامەزراو کە ئەم ساڵ بڕیاری دامەزراندنیان دەرچووە.
دەرچووانی پزیشکیی گشتیی دانەمەزراو چەندان جار گردبوونەوە و خۆپێشاندانیان کرد، بەگوتەی خۆیان؛ دەبوایە لە مانگی 10ـی ساڵی رابردوودا دابمەزرانایە، بەڵام ئەم ساڵ لە رۆژی چوارشەممە 18-6-2025 فەرمانی دامەزراندنیان بۆ دەرچوو و بەگوتەی نوێنەرێکی ئەو پزیشکانە، تائێستا ئەو فەرمانە جێبەجێ نەکراوە.
روونکردنەوە؛ هەر خوێندکارێکی پزیشکیی گشتی کە کۆلێژ تەواو دەکات، دوو ساڵ وەکو پزیشکی نیشتەجێی خولاو لە نەخۆشخانە گشتی و فریاکەوتنەکان دەوام دەکات، پاشان دەبێتە پزیشكی پلەبەند و یەک ساڵ لە بنکە و مەڵبەندە تەندروستییەکان دەوام دەکات، پاشانیش نازناوەکەی دەگۆڕێت بۆ پزیشکی شارەزای گشتی و دواتریش پزیشکی پایەبڵند. بەڵام مەرجی سەرەکی ئەوەیە لەگەڵ هەر بەرزکردنەوەی ناونیشانێک شوێنەکەشیان دەگۆڕێت و ئێستا لەبەر ئەوەی پزیشکانی دەرچووی 2024 دەوام ناکەن و هێشتا فەرمانی دامەزراندنیان جێبەجێ نەکراوە، ئەوا پزیشکانی خولاو، پلەبەند و پایەبڵند ناتوانن پلەیان بەرزبکرێتەوە، چونکە کەس نییە شوێنیان بگرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ