کۆنفرانسی مێدیکاڵ کوردستان؛ پێویستە پسپۆڕی بەساڵاچووان لە کۆلێژ و پەیمانگە پزیشکییەکان بایەخی پێبدرێت

02-03-2023
شکار رێبوار
شکار رێبوار
دکتۆر هێرۆ خۆشناو. وێنە: رووداو
دکتۆر هێرۆ خۆشناو. وێنە: رووداو
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

پسپۆڕێکی بەساڵاچووان لە کۆنفراسی مێدیکاڵ کوردستان رایدەگەیێنێت، پێویستە بەیاخ بە پسپۆڕی بەساڵاچووان و رۆڵی شارەزایان لە خزمەتکردن و پێشکێشکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانی بەساڵاچووان بدرێت، هەروەها خوێندکارانیش هانبدرێن بۆ خوێندن لەم پسپۆڕییە.
 
دکتۆر هێرۆ خۆشناو، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی بەساڵاچووان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پسپۆڕییەکە لە بەریتانیاوە سەری هەڵداوە و بەنزیکەیی دەگەڕێتەوە بۆ 70 ساڵ پێش ئێستا، ئامانجی پسپۆڕییەکەش دابینکردنی سەرجەم خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانە بۆ بەساڵاچووان. 
 
دکتۆر هێرۆ روونی دەکاتەوە، نەخۆشییەکانی نێو بەساڵاچووان لە جیهاندا روو لە زیادبوون دەکەن و بەهەمان شێوە گرفتەکانیشیان زیاددەبن، بۆیە دەبێت چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە و رێگەی دروست بۆ مامەڵەکردنیان دابینبکرێت. 
 
لەبارەی نەخۆشییە درێژخایەنەکانەوە پسپۆڕەکە گوتی، نەخۆشییە درێژخایەنەکانی وەکو 'بەرزەپەستانی خوێن و شەکرە' نەخۆشیی بەربڵاوی نێو بەساڵاچووانن و لەڕێگەی پسپۆڕی بەساڵاچووانەوە رێکاری گونجاویان بۆ دەگیرێتەبەر. 
 
پسپۆڕەکە لەبارەی سوودی بیمەی تەندروستی بۆ بەساڵاچووان دەڵێت: ''زۆرێک لە وڵاتان بەساڵاچووانیان بیمەی تەندروستییان هەیە، بەجۆرێک هەر تاکێک بەشێک لە مووچەکەی لێ دەبڕدرێت و لە خزمەتگوزارییە پزیشکییەکاندا بۆی بەکاردەهێندرێتەوە''، تەنانەت پسپۆڕەکە ئاماژە بەوەش دەکات، لە وڵاتی بەریتانیا ئەوانەی تەمەنیان سەروو 65 ساڵە خەرجییەکانی دەرمان، کرێی هاتووچۆ و سەردانکردنی پزیشکیان بەخۆڕاییە.
 
هەروەها دەشڵێت: لەجیهاندا بەشێکی زۆری خزمەتگوزارییەکانی سیستمی تەندروستی تەرخاندەکرێن بۆ بەساڵاچووان و تووشبووانی نەخۆشییە درێژخایەنەکان.
 
دکتۆر هێرۆ خۆشناو وەکو پسپۆڕی نەخۆشییەکانی بەساڵاچووان چەند مەرجێکی گرنگ پێشنیازدەکات، مەرجەکانی وەکو 'دابینکردنی بیمەی تەندروستی بۆ بەساڵاچووان، بایەخدانی زیاتر بە کەرتی تەندروستی و رێزگرتن لە بەساڵاچووان بەوەی کە هەستنەکەن بوونەتە بارگرانی بۆ خێزانەکانیان' جێبەجێبکرێن.
 
لە پانێڵێکدا دکتۆر هێرۆ وەکو بەڕێوەبەری پەروەردەی پزیشکی لە دامەزراوەی رۆیاڵ لە NHS لە بەریتانیا رایدەگەیێنێت، هەمەجۆری لە سەرچاوەکانی فێربوونی خوێندکارانی پزیشکی، هاوکارییان دەکات لە پێگەیاندنیان و بوونیان بە پزیشکێکی شارەزا و کارامە، هاوکات پەیوەندیی نێوان کۆلێژە پزیشکییەکان و کۆلێژەکانی وڵاتانی دیکە وەکو بەریتانیا بە یەکێک لەو کاریگەرییە بایەخدارانە دادەنێت کە دەکرێت بۆ پێگەیاندنی پزیشکانی کوردستان سوودی لێوەربگیرێت. 
 
لە کۆتاییدا دکتۆر هێرۆ گوتی، پێویستە پسپۆڕی بەساڵاچووان لە کۆلێژ و پەیمانگە پزیشکییەکان بایەخی پێبدرێت و خوێندکارانیش هانبدرێن بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامە لە پسپۆڕییەکە، چونکە هەر پزیشکێکی پسپۆڕ بەشێک لە نەخۆشەکانی بەساڵاچووانن و دەبێت بزانێت چۆن مامەڵەیان لەگەڵدا دەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە