رێکخراوی تەندروستیی جیهانی: پەتای ئیبۆلا دووبارە سەریهەڵداوەتەوە

02-06-2020
بژار زوبێر @BBashqaly
نیشانەکردن ئیبۆلا رێکخراوی تەندروستیی جیهانی
A+ A-
 
رووداو - هەولێر

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایگەیاند، پەتای ئیبۆلا دووبارە لە هەندێک ناوچەی کۆنگۆ سەریهەڵداوەتەوە، لەکاتێکدا ئەو وڵاتە رووبەڕووی پەتای کۆرۆنا و سوورێژەش دەبێتەوە.
 
لە مانگی ئابی ساڵی 2018وە ڤایرۆسی ئیبۆلا لە رۆژهەڵاتی کۆنگۆ بڵاوبووەتەوە و تاوەکو ئێستا دوو هەزار و 243 کەس بەهۆیەوە گیانیانلەدەستداوە و هێشتا پەتاکە لەو بەشەی ئەو وڵاتە کۆنترۆڵ نەکراوە، بەڵام ئێستا پەتاکە لە باکووری وڵاتەکە بڵاوبووەتەوە کە پێشتر ڤایرۆسەکە لەو شوێنە بەتەواوی کۆنترۆڵ کرابوو.
 
تێدرۆس ئەدهانۆم، بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئاماژە بەوە دەکات، لە باکووری کۆنگۆ شەش تووشبووی ئیبۆلا تۆمارکراون کە چواریان گیانیانلەدەستداوە.
 
ئەمە جاری دووەمە ئیبۆلا لە باکووری کۆنگۆ بڵاودەبێتەوە؛ ساڵی 2018 ڤایرۆسەکە لە پارێزگای ئیکواتوری باکووری ئەو وڵاتە بڵاوبوویەوە و 33 کەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەستدا، بەڵام لە ماوەی چەند مانگێکدا کۆنترۆڵ کرا.
 
ڤایرۆسی ئیبۆلا لە کۆرۆنا کوشندەترە، بەڵام بواری گواستنەوەی کەمترە، چونکە پێچەوانەی کۆرۆنا، لەڕێگەی هەواوە ناگوازرێتەوە، بەڵکو تەنها لەڕێگەی بەرکەوتنی راستەوخۆ لەگەڵ کەسی تووشبوو یان پاشەڕۆ دەگوازرێتەوە.
 
تێدرۆس ئەدهانۆم، بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایگەیاند "حکومەتی کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ ئەمڕۆ رایگەیاند کە ڤایرۆسی ئیبۆلا سەرلەنوێ لە نزیک شاری مبانداکا لە پارێزگای ئیقاتور بڵاوبووەتەوە. ئەم راگەیێندراوە لەکاتێکدایە کە ئیبۆلا بە ئاڵۆزی لە رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە بڵاوبووەتەوە، کە وادیارە لە قۆناخەکانی کۆتاییدا بێت، بەڵام پەتای ئەمجارە لە لایەکی دیکەی وڵاتەکە بڵاوبووەتەوە".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە