رووداو - تەندروستی
پزیشکێکی دەرمانساز لەبارەی گاینلەدەستدان بەهۆی پاشهاتەکانی دوای دەرزیلێدان رایگەیاند، تووشبوون بە هەستیاری هۆکاری سەرەکیی گیانلەدەستدانی دوای دەرزیلێدانە.
رۆژی چوارشەممە 2-8-2023 لە بولتەنی تەندروستی کاژێر 14:40، دکتۆر محەممەد جەعفەر گوتی: لەکاتی لێدانی هەر دەرزییەک و بەکارهێنانی هەر دەرمانێک پێویستە پشکنینی هەستیاری بکرێت.
دکتۆر محەممەد لەبارەی ئەو دەرزییەی بۆ خانمێکی کەرکووک بەکارهاتبوو و گیانی لەدەستدابوو دەڵێت: ''دەرمانی سیفۆتاکسیم، یەکێکە لە دەرمانە دژەزیندەییەکان بۆ هەوکردن بەکاردێت و ئەگەر کەسێک هەستیاری بەو دەرمانە هەبێت، ئەوا لە کەمترین کاتدا گیانلەدەستدەدات، بەتایبەت ئەگەر لەڕێگەی کانولاوە بەکارهات''.
بۆ پێشگیریکردن لە روودانی هەستیاری بە دەرمان، ئەم پزیشکەی دەرمانسازی گوتی، هەر دەرمانێک پێش بەکارهێنان، پشکنینی پێشوەختەی هەستیاری بۆبکرێت تاوەکو کەسی چارەخواز لە ئەگەری بوونی هەستیاری پارێزراو بێت و بە سەلامەتی دەرمانەکە بەکاربهێنێت.
دکتۆر محەممەد رێنوێنیی هاووڵاتییان دەکات کە گوشار نەخەنە سەر پزیشک یاخود پەرستار و خاوەن نۆرینگەکان، بەجۆرێک کە بەبێ پشکنینی پێشوەختەی هەستیاری دەرمانەکە بەکارهێنن، چونکە پاشهاتی مەترسیداری دەبێت.
دواین قوربانی تووشبوون بە هەستیاری لە پارێزگای کەرکووک تۆمارکرا کە خانمێک بوو بە ناوی 'جوانە خەلیل'ـی تەمەن 49 ساڵ، دوای ئەوەی دەرزییەکی دژەزیندەیی لێدەدرێت، تووشی ئاوسان، مۆربوون و هەناسەتەنگی دەبێت و لەماوەیەکی کەمدا گیانلەدەستدەدات.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست رووداو کەوتووە، قوربانییەکە هیچ نەخۆشییەکی درێژخایەنی نەبووە، ئەو دەرزییەشی بەکارهاتووە جۆرێکی دژەبەکتریا بووە کە بەبێ هیچ پشکنینێکی پێشوەختەی ''هەستیاری"، بەکارهاتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ