رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی بایۆلۆژی و بۆماوەزانی لەبارەی پیربوونەوە دەڵێت: شێوازی ژیان کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر خاوبوونەوەی پڕۆسەی پیربوون هەیە، بەجۆرێک شێوازی ژیانی تەندروست خانەکان دەپارێزێت لە پووکانەوە و هەمیشە نوێشیان دەکاتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 2ـی ئەیلوولی 2024 د. ناسر گەیلانی، پسپۆڕی بایۆلۆژی و بۆماوەزانی لە بەرنامەی نوورۆژدا بە رووداوی راگەیاند، پیربوون کاتێکە کە خانەکان ناتوانن کاری خۆیان بکەن و دەپووکێنەوە، بەڵام باسی ئەوەشدەکات کە بۆماوەیی {جینات}ـی مرۆڤ رۆڵی سەرەکیی هەیە لەو پڕۆسەیە.
د. ناسر گەیلانی روونی دەکاتەوە، کاتێک هەندێک جینی مرۆڤ بە باشی کاریان نەکرد، وادەکەن خانەکانیش زوو لەکاربکەون و پیرببن.
لەبارەی کاریگەریی پیسبوونی کەشوهەوا لەسەر پیربوون گوتی، ''خانەکان زووتر پیردەکات''، تەنانەت ئەوەش ئاشکرادەکات، ئەوانەی پەیوەندیی کۆمەڵایەتییان بەهێزە گەنجتر دەمێننەوە بەراورد بەوانەی تەنیان.
نهێنییەکانی تەمەندرێژی چین و زانست بەکوێ گەیشتووە؟ لە بەرنامەی دکتۆر ئاراس وەڵامەکە وەربگرە.
بەپێی مایۆکلینیک شێوازی ژیانی تەندروست بریتییە لە؛
- بایەخدان بە خواردنی سەوزە و میوەکان.
- کاتی رێکی خەوتن.
- جووڵەی رۆژانە و چالاکیی جەستەیی.
- بڕێکی دیاریکراو کالۆریی رۆژانە بخورێت.
- سنووردارکردنی شەکر، چەوری و خۆراکە خێراکان.
- کەمکردنەوە و دوورکەوتنەوە لە کحول، خواردنەوە وزەبەخشەکان و خواردنەوە گازییەکان.
- خەوی باش.
- بەهێزیی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ