پسپۆڕێک: گاڵتەوگەپی نێوان کارمەندان و پزیشکان لەنێو نەخۆشخانەکاندا دەروونی نەخۆش تێکدەدات

02-09-2025
شکار رێبوار
شکار رێبوار
نیشانەکردن وەڵامی پرسیارە تەندروستییەکانت
A+ A-
رووداو - تەندروستی

پسپۆڕێکی پەرستاریی خانمان و بەرپرسی پەرەپێدانی پیشەیی لە سۆران لەبارەی پەیوەندیی نێوان متمانەی نەخۆش بە پەرستار و پزیشک دەڵێت: مشتومڕ لەنێوان کارمەندانی تەندروستی لەپێش چاوی نەخۆش لەبارەی دۆخی تەندروستیی نەخۆشەکە، متمانەی نەخۆش کەم دەکاتەوە.
 
شەهلا شکاک، پسپۆڕی پەرستاریی خانمان و بەرپرسی پەرەپێدانی پیشەیی لە سۆران رایدەگەیێنێت، گاڵتەوگەپ بە دەنگی بەرز لەنێو کارمەندان و پزیشکانی نێو نەخۆشخانەکان کاریگەریی نەرێنیی لەسەر دەروونی نەخۆش دەبێت و وایلێدەکات هەست بە بێبایەخی بکات و تەنانەت چارەسەرەکەش بە بێسوود بزانێت کە لەلایەن ستافەکانەوە پێی دەدرێت.
 
دەقی وەڵامەکانی شەهلا شکاک لەبارەی باشترکردنی پەیوەندیی نێوان نەخۆش لەگەڵ پەرستار و پزیشکان؛
 
رووداو: ئەو هەڵانەی کارمەندانی تەندروستی دەیکەن لەنێو نەخۆشخانە چین کە وا لە نەخۆش دەکەن، متمانەی پێیان کەم ببێتەوە؟
 
شەهلا شکاک: نەبوونی پەیوەندیی کاریگەر لەنێوان نەخۆش و کارمەندانی تەندروستی دەکرێت ببێتە هۆی پێدانی خوێن، دەرمان و رێنوێنیی پزیشکی بە هەڵە کە دەکرێت زیانی گیانی لێبکەوێتەوە.
 
رووداو: هەندێکجار گاڵتە، قسە و پێکەنینی کارمەندان و پزیشکانی نێو نەخۆشخانەکان، بەجۆرێک بەرزە کە نەخۆشەکانی دەوروبەر پێی بێزار دەبن، ئەمە دەبێتە هۆی چی و چی لە دەروونی نەخۆش دەکات؟
 
شەهلا شکاک: گاڵتەوگەپ بە دەنگی بەرز لەنێو کارمەندان و پزیشکانی نێو نەخۆشخانەکان و بە بەرچاوی نەخۆشەکانەوە، کاریگەریی نەرێنیی لەسەر دەروونی نەخۆش دەبێت و وایلێدەکات هەست بە بێبایەخی بکات و تەنانەت چارەسەرەکەش بە بێسوود بزانێت کە لەلایەن ستافەکانەوە پێی دەدرێت.
 
رووداو: نەخۆش بە چ رەفتارێکی کارمەندی تەندروستی تێکدەچێت و متمانە لەدەستدەدات؟
 
شەهلا شکاک: دەکرێت خۆی لە چەند خاڵێک ببینێتەوە وەکو؛
 
- گاڵتەکردن بە نەخۆش.
- مشتومڕ لەنێوان کارمەندانی تەندروستی لەپێش چاوی نەخۆش لەبارەی دۆخی تەندروستیی نەخۆشەکە بەتایبەت کاتی پێدانی دەرمان و جۆری دەرمان.
- روون نەکردنەوەی کردە پزیشکییەکان بۆ نەخۆشەکان.
- نەپاراستنی نهێنیی نەخۆش.
- بەکارهێنانی وشە و زاراوەی نەگونجاو بە نەخۆشەکە کە لێی تێنەگات و شتەکانی لەلا ئاڵۆز ببێت.
 
رووداو: باشترین خاڵی گرنگ چییە کە پەیوەندیی نێوان پزیشک و نەخۆش باش بێت؟
 
شەهلا شکاک: پێویستە کارمەندانی تەندروستی بایەخی زۆر بە ئەتەکێتەکانی سڵاوکردن، دەستپێکی گفتوگۆ و خۆناساندن بدەن و باشترە پەرستار و پزیشکان خۆیان بناسێنن بە نەخۆش و نەخۆشیش بە ناوی خۆیانەوە بانگ بکەن، ئەگەریش ناو نەزاندرێت ئەوا باشترە وشەکانی 'کاک، خاتوون، مامە، دادە، .... بەکاربێن. هەروەها پاراستنی نهێنیی نەخۆشیش یەکێکە لە هەرە خاڵە گرنگەکان.
 
رووداو: بۆچی پێویستە رەچاوی باری دەروونیی هەر نەخۆشێک بکرێت کە دێتە نەخۆشخانە؟
 
شەهلا شکاک: لەبەرچاوگرتنی باری دەروونیی نەخۆش لەنێو نەخۆشخانە وا لە نەخۆشەکە دەکات دڵەڕاوکێی کەم ببێتەوە و چارەسەرەکانیشی کاریگەر بن و زوو چاک ببێتەوە، پاشانیش زیاتر رەزامەند دەبێت بە چارەسەرەکان و متمانەی زیاتریشی دەبێت بە سیستمی تەندروستی، کارمەند و پزیشکەکان.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە