رووداو - تەندروستی
پزیشکێکی پسپۆڕی دەروونی لە کۆنفرانسی مێدیکاڵ کوردستان رایدەگەیێنێت، لە پێنج گەنج یەکێکیان تووشبووی خەمۆکییە لە جیهاندا، هەروەها دەڵێت: وەکو هەموو نەخۆشییەکی دیکە دەشێت خەمۆکی و دڵەڕاوکێ چارەسەربکرێن.
دکتۆر سازگار حەمەد، پزیشکی راوێژکاریی نەخۆشییە دەروونییەکان دەریدەخات، خەمۆکی و دڵەڕاوکێ کێشەی بەربڵاوی دەروونین، بەجۆرێک لە پێنج کەسدا یەکێکیان تووشی نەخۆشییەکە دەبێت و ئاشکرای دەکات، هاوشێوەی نەخۆشیی شەکرە و بەرزەپەستانی خوێن دەشێت لە قۆناخە جیاوازەکانی تەمەندا رووبدەن.
راوێژکارەکەی نەخۆشییە دەروونییەکان گوتی، لەکاتی هەستکردن بە نیشانەکانی خەمۆکی و دڵەڕاوکێ بۆئەوەی چارەسەرکردن ئاسانبێت، دەبێت بەزووترین کات سەردانی کەسانی پسپۆڕ و شارەزا بکرێت، هەروەها ئەوەش ئاشکرادەکات کە مەرج نییە هەموو کاتێک دەرمان پێویست بێت، چونکە دەکرێت تەنیا بە قسەکردن و گفتوگۆکردن لەگەڵ کەسەکە لەبارەی کێشەکەی، حاڵەتەکەی لەماوەیەکی کەمدا چارەسەربکرێت.
بە گوتەی دکتۆر سازگار، ئەگەر خەمۆکی چارەسەرنەکرێت ئەوا دەشێت پاشهاتی مەترسیداری هەبێت و کاریگەریی لەسەر شێوازی ژیان دروستبکات بەتایبەت لە گەنجاندا، بەجۆرێک رەنگە نەتوانن بچن بۆ قوتابخانە و زانکۆکان یاخود پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیان تێکبچێت و مامەڵەی نادروستبکەن.
لە بارەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دکتۆر سازگار دەڵێت: ''ئێمە دەتوانین بەشێوەیەکی ئەرێنی یاخود نەرێنی بەکاریان بهێنین، هەروەها تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان یارمەتیدەرن لە گەیاندنی رێنوێنییە پزیشکییەکان لەسەر دەرووندروستی بە زۆرترین کەس کە ئەمە لایەنێکی ئەرێنیی بەکارهێنانیەتی''، دکتۆر سازگار دەشڵێت: ''خراپ بەکارهێنانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دەکرێت ببنەهۆی خەمۆکی، دڵەڕاوکێ، خۆبەراوردکردن بە کەسانی دیکە و تەنانەت ئالوودەبوونیش بەتایبەت لە چینی گەنج.
زیادبەکارهێنانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان هۆکارێکە بۆ ئالوودەبوون، پسپۆڕەکە روونی دەکاتەوە، کاتێک رۆژانە بۆماوەی 10 بۆ 12 کاژێر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکاردەهێندرێن ئەوا بەکارهێنەر ئالوودەیان دەبێت، پێشنیازی ئەوەش دەکات کە بەشێوەیەکی زانستی و سنووردارکراو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکاربهێندرێن.''
لە کۆتاییدا دکتۆر سازگار حەمەد گوتی، لەکاتی هەستکردن بە بەردەوامیی نیشانەکانی خەمۆکی، پێویستە سەردانی کەسانی پسپۆڕ بکرێت، چونکە وەکو هەر نەخۆشییەکی دیکە دەشێت بە دەرمان یاخود بە رێنوێنیی پزیشکیی دەروونی چارەسەربکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ