رووداو – تەندروستی
پزیشکێکی دەروونی لە نەمسا لەبارەی پێکەنینەوە رایدەگەیێنێت، پێکەنین گوشاری دەروونی و دڵەڕاوکێ کەمدەکات، ئەوەش یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنی رێژەی شەکری خوێن.
دکتۆر جۆرجی کۆستیوک، سەرۆکی پزیشکانی دەروونی لە نەخۆشخانەی سالزبێرگ لە نەمسا دەڵێت: لەکاتی پێکەنیندا چەند هۆرمۆنێک دەردەدرێت کە کاریگەریی لە کەمکردنەوەی ئازاری جومگەکان هەیە، بەجۆرێک ئازاری جومگەکان کەمدەکاتەوە.
ئەو پزیشکە دەروونییە روونی دەکاتەوە، ئەو هۆرمۆنانەی لە پێکەنیندا دەردەدرێن، کاریگەریی لەسەر کۆئەندامی هەناسە و هەرس دروستدەکەن، هەروەها تەندروستیی دڵ و لوولەکانی خوێن دەپارێزن.
بە گوتەی دکتۆر جۆرجی، دەتوانرێت بە پێکەنین تێکچوونی دەمار چارەبکرێت، هەروەها بۆ دڵەڕاوکێ و خەمۆکی بەکاربهێنرێت و چارەسەرەکەش چەندین راهێنانی جۆراوجۆری وەکو ' تەکنیکەکانی پێکەنینی هەناسەدان، هاندان بۆ پێکەنین، پێکەنینی سایکۆداینامیک، نوکتە و چیرۆکی کۆمیدی' لەخۆدەگرێت.
پزیشکەکە ئاماژەش بەوەدەکات کە راهێنانەکانی پێکەنین دەشێت دەرووندروستی بپارێزن و تووڕەیی و هەستی شەڕانگێزی کەمبکەنەوە.
دکتۆر جۆرجی دەشڵێت: هۆرمۆنی دڵخۆشی کە پێی دەگوترێت 'سیرۆتۆنین' لە جەستەی کەسانی گەشبیندا دەردەدرێت کە یارمەتیی کەمبوونی ئازارەکانی جەستە دەدات.
بە گوێرەی ناوەندی کلیڤلاندی پزیشکی لە ئەمریکا، پێکەنین سوودی کورتخایەن و درێژخایەنی دەبێت و رایدەگەیێنێت، لەکاتی پێکەنیندا ئۆکسجینی زیاتر بۆ مێشک دەچێت، بەجۆرێک سی و ئەندامەکانی دیکە چالاکتردەبن.
دەزگای کۆنتڕۆڵکردن و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان لە ئەمریکا دەریدەخات، کاژێرێک پێکەنین دەبێتەهۆی سووتاندنی نزیکەی 350 کالۆری جەستە، چونکە بەهۆی پێکەنینەوە 80 ماسوولکە چالاک دەبن و وزە دەسووتێنن.
لێکۆڵینەوە پزیشکییە نێودەوڵەتییەکان دەریدەخەن، کەسانی گەشبین کەمتر تووشی نەخۆشییە ڤایرۆسییەکان دەبن، چونکە ئەو کەسانە بایەخی زیاتر بە تەندروستیی خۆیان دەدەن و ژیانێکی چالاکتریان هەیە، ئەمەش وایان لێدەکات زیاتر بەرگرییان هەبێت بەرامبەر بە هۆکاری نەخۆشییە جۆراوجۆرەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ