تائێستا نزیکەی 120 ملیۆن کەس بە ڤاکسینی کۆرۆنا کوتراون

05-02-2021
لهۆن نەسرەدین
نیشانەکردن ڤاکسینی کۆرۆنا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لەکاتێکدا ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە جیهان نزیکەی 106 ملیۆن کەسە، ژمارەی ئەوانەی کە ڤاکسینیان وەرگرتووە لەنزیکەی 120 ملیۆن کەس تێپەڕیوە.
 
بەگوێرەی داتا پەسندکراوەکان، ئێستا لە جیهان ژمارەی تووشبووان بە کۆرۆنا گەیشتووەتە 105,457,587 کەس، لە نێوانیاندا زیاتر لە 2,295,576 کەس گیانیان لەدەستداوە و 77,158,682 کەسیش چاکبوونەتەوە.
 
ماڵپەڕی بلومبێرگ ئاشکرایکردووە ژمارەی ئەو کەسانەی کە ڤاکسینی دژە کۆرۆنایان پێدراوە لە جیهان لە 119 ملیۆن کەس تێپەڕیوە، ئاشکراشیکرد، هەڵمەتی ڤاکسین لە جیهان لە نزیکەی 70 وڵات لە کۆی 194 وڵاتی جیهان دەستیپێکردووە، کە زۆربەیان لە وڵاتە دەوڵەمەندەکانن.
 
ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کۆتاییەکانی ساڵی 2019 لە شاری ووهانی چین بڵاوبووەتەوە، ڤایرۆسەکە تاوەکو ئێستا لە 221 وڵات و هەرێم و ناوچەی جیهان بڵاوبووەتەوە.
 
زۆرترین تووشبووی کۆرۆنا لە هەردوو کیشوەری ئەمریکای باکوور و ئەوروپان، کە لە ئەمریکای باکوور زیاتر لە 31 ملیۆن تووشبوو هەن و زیاتر لە 27 ملیۆن تووشبوویان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکان. هەروەها زیاتر لە 30 ملیۆن کەس لە ئەوروپا تووشی ڤایرۆسەکە بوون و کە نزیکەی چوار ملیۆن تووشبوویان لە رووسیان.
 
لە کیشوەری ئاسیا زیاتر لە 23 ملیۆن کەس تووشی کۆرۆنا بوون، نزیکەی نیوەی ئەو تووشبووانە لە هیندستانن و تائێستا نزیکەی 11 ملیۆن کەس لەو وڵاتە تووشی کۆرۆنا بوون، کە ژمارەی دانیشتووانەکەی زیاتر لە یەک ملیار و 388 هەزار کەسە.
 
لە ئەمریکای لاتین، زیاتر لە 16 ملیۆن کەس تووشی کۆرۆنا بوون، زیاتر لە نیوەی ئەو تووشبووانە لە بەرازیلن و تائێستا نزیکەی 9 ملیۆن و 400 هەزار کەس لەو وڵاتە تووشی کۆرۆنا بوون.
 
لە کیشوەری ئەفریقیا ژمارەی تووشبوون بەراورد بەو چوار کیشوەرەی سەرەوە کەمترە، لەو کیشوەرەدا تەنیا 3,646,894 کەس تووشی کۆرۆنا بوون، زۆرترین ئەو تووشبووانەش لە ئەفریقیای باشوورن کە 1,466,767 تووشبوون.
 
هەر دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، کۆمپانیاکانی دەرمان کەوتنەخۆ بۆ دۆزینەوەی ڤاکسینی کۆرۆنا.
پەیمانگەی گامالێیای رووسی کە بەشێکە لە وەزارەتی تەندروستیی وڵاتەکە لە مانگی حوزەیران دەستی بە تاقیکردنەوەی قۆناخی یەکەم کرد. 
 
ڤلادمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە 11ـی ئاب پێش دەستپێکردنی قۆناخی سێیەمی تاقیکردنەوەکان قبوڵکردنی ڤاکسینەکەی لەلایەن وەزارەتی تەندروستیی رووسیا راگەیاند. لەو کاتەدا شارەزایانی ڤاکسین  "هەنگاوەکەی سەرۆکی رووسیا بە مەترسیدار" باسکرد. ڤاکسینەکەی رووسیا بەناوی "spotnik v"یە.
 
دواتر کۆمپانیای فایزەری ئەمریکی بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای بایۆنتێک، رایگەیاند ڤاکسینەکەیان قۆناخی سێیەمی بە سەرکەوتوویی تێپەڕاندووە و 94% بەرگریی لە دژی کۆرۆنا پەیدا دەکات.
 
جگە لە ڤاکسینی فایزەر و سپۆتنیک ڤی، ئێستا چەند ڤاکسینێکی دیکە بەردەستن، لەوانە سینۆفارم، ئەسترازێنیکا، مۆدێرنا، سینۆڤاک و بەهارات بایۆتیک.
 
ڤاکسین چییە؟
 
ڤاکسین پێکهاتووە لە بەکتریا یان ڤایرۆسی لاوازکراو یان مردوو کە توانای تووشکردنیان لەدەستداوە. کاتێک ڤاکسین لە کەسێک دەدرێت جەستەی کەسەکە بەو جۆرە بەکتریا یان ڤایرۆسە ئاشنادەبێت و لەکاتی تووشبوون بەو بەکتریا یان ڤایرۆسە بەخێرایی دەیناسێتەوە و سیستەمی بەرگریی چالاکدەبێت. بەوجۆرەش کەسەکە خێرا وەڵامی نەخۆشییەکە دەداتەوە و پارێزراو دەبێت. 
 
قۆناخی پێش تاقیکردنەوەکان:
پێش ئەوەی ڤاکسین لەسەر مرۆڤ تاقیبکرێتەوە، پێویستە سەرەتا بڕێكی دیاریکراوی بدرێت لە مشک یان مەیموون بۆ ئەوەی زاناکان دڵنیا ببنەوە لە چالاککردنی سیستەمی بەرگریی. ئێستا 87 ڤاکسینی دژی کۆرۆنا لەم قۆناخەدان، بەشێکیشیان لە قۆناخەکانی تاقیکردنەوەن لەسەر مرۆڤ.
 
قۆناخی یەکەمی تاقیکردنەوە:
دوای ئەوەی ئەنجامی تاقیکردنەوە لەسەر ئاژەڵ سەرکەوتوو بوو، ڤاکسینەکە لەسەر دەیان کەس تاقیدەکرێتەوە. نزیکەی 38 ڤاکسینی دژی کۆرۆنا تاقیکردنەوەی ئاژەڵیان تێپەڕاندووە و لەم قۆناخەدان.
 
قۆناخی دووەمی تاقیکردنەوە:
لەم قۆناخەدا ڤاکسینەکە لەسەر سەدان کەس تاقیدەکرێتەوە، دەبێت کەسی پیر و منداڵ لەنێو بەشداربوواندا هەبن. تاوەکو ئێستا 17 ڤاکسین گەیشتوونەتە ئەم قۆناخە.
 
قۆناخی سێیەمی تاقیکردنەوە:
لە دوایین قۆناخی تاقیکردنەوەکاندا، ڤاکسینەکە لەسەر هەزاران کەس تاقیدەکرێتەوە، دوای تاقیکردنەوەکە ماوەیەک چاوەڕێدەکەن تاوەکو دەردەکەوێت بەشداربووان تووشی ڤایرۆسەکە دەبن یان نا. تاوەکو ئێستا 12 ڤاکسین لەم قۆناخەدا ماونەتەوە و دوای سەرکەوتنیان لە تاقیکردنەوە بۆ بەکارهێنان ئامادە دەبن.
 
قبوڵکراوی سنووردار:
بەشێک لە کۆمپانیاکان پێش ئەوەی ئەنجامی تاقیکردنەوەی قۆناخی سێیەم تەواوبێت، بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ڤاکسینەکەیان سەرکەوتووە و ئامادەیە بۆ بەکارهێنان. بەشێک لە بەرپرسان و لایەنە تەندروستییەکان هۆشداری لە بەکارهێنانی ئەو ڤاکسینانە دەدەن، تاوەکو ئێستا شەش ڤاکسین لەم قۆناخەدان. 
 
قبوڵکراو:
بەرپرسان و لایەنە تەندروستییەکانی هەر وڵاتێک پێداچوونەوە بۆ ئەنجامی تاقیکردنەوەکان دەکەن. ئەگەر ئەنجامەکانیان پشتڕاستکردەوە، مۆڵەتی بەرهەمهێنان بە کۆمپانیاکان دەدەن.
 
دوای ئەوەی ڤاکسینەکان ئەو سێ قۆناخەیان تێپەڕاند بەرپرسانی تەندروستی لێکدانەوە و لێکۆڵێنەوە لەسەر تاقیکردنەوەکان دەکەن، و دەست بە بەرهەمهێنانی دەکەن.  
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە