بانکی خوێن لەبارەی نەخۆشێکی تالاسیمیا: ڤایرۆسی جگەری نییە، جگەری پەکی کەوتووە

19 کاژێر له‌مه‌وپێش
شکار رێبوار
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بانکی خوێن لە هەولێر دوای راپۆرتێکی رووداو لەسەر تووشبوویەکی تالاسیمیا کە خێزانەکەی گوتبووی، ''بەهۆی گواستنەوەی خوێنەوە تووشی ڤایرۆسی جگەر بووە'' هاتە دەنگ و دەڵێت: بەدواداچوونمان کردووە و دەرکەوتووە، هیچ ڤایرۆسێکی جگەری نییە و تەنیا بەهۆی نەخۆشییەکەیەوە جگەری پەکیکەوتووە.
 
ئەمڕۆ هەینی 5-12-2025 د. سانع ئەبوبەکر، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بانکی خوێن لە هەولێر بە رووداوی راگەیاند، دوای بڵاوبوونەوەی راپۆرتەکە سەردانی ئەو نەخۆشەیان کردووە و لە نزیکەوە لە ئەنجامی پشکنین و دۆخی نەخۆشەکەیان کۆڵیوەتەوە و بۆیان دەرکەوتووە، ساڵی رابردوو یەکەم پشکنینی ڤایرۆسی HBV بۆ کراوە، پۆزەتیڤ بووە، واتە تووشی ڤایرۆسەکە بووە.
 
بەڵام ماڵباتەکەی دوای ئەو پشکنینە پۆزەتیڤە پشکنینی دڵنیایی دیکەیان نەکردووەتەوە و لێی دڵنیا نەبوونەتەوە، ئەم ساڵ چەندین پشکنینی دیکەی ڤایرۆسی جگەری بۆ کراوەتەوە، هەمووی نێگەتیڤ بوون واتە تووشی ڤایرۆسەکە نەبووە.
 
د. سانع ئەبوبەکر، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بانکی خوێن لە هەولێر دەڵێت: هیچ کەسێک بە یەک پشکنین بۆی دەرناکەوێت کە تووشبووی ڤایرۆسی جگەر بووە و پێویستە لە تاقیگەی ناوەندی چەند پشکنینێکی دیکەی بۆ بکرێت تاوەکو دڵنیایی لە ئەنجامەکان هەبن. ئەم نەخۆشەش (محەممەد جەوهەر) تەنیا یەکجار ساڵی 2024 پشکنینی بۆ کراوە و بە تووشبووی ڤایرۆسی جگەر دەستنیشانکراوە، بەبێ دووپاتکردنەوە.
 
د. سانع جەخت دەکاتەوە لەوەی کە توانیویانە زیاتر لە ملیۆنێک یەکەی خوێنی تەندروست و پشکنراو بگەیێننە نەخۆش بەبێ ئەوەی هیچ کەسێک تووشی نەخۆشی بووبێت و هەموویان سەلامەت بوون.
 
هاوکات هۆکاری پەککەوتنی جگەری محەممەد جەوهەر دەگەڕێنێتەوە بۆ لێکەوتەکانی تالاسیمیا، چونکە خوێن وەردەگرن و ئاسنیش لەسەر جگەریان کۆدەبێتەوە و پەکی دەخات، ئێستا ئەو نەخۆشە پێویستیی بە چاندنی جگەر هەیە.
 
دواین پشکنینی تووشبووەکەی تالاسیمیا لە تاقیگەی ناوەندیی هەولێر کە رووداو راپۆرتێکی لەسەر کردبوو.
محەممەد جەوهەر، گەنجێکی دانیشتووی گەڕەکی 5ی حەسارۆکی هەولێرە، لە سەرەتای تەمنییەوە تووشبووی تالاسیمیا بووە، محەممەد ئێستا لێکەوتەکانی نەخۆشییەکەی بە تووندی لەسەر دەرکەوتوون و تا وایلێهات لە ساڵی 2024 تووشی خوێنبەربوون و نەخۆشیی دەوالی مەعیدە بوو، ئێستاش بەدەست نەخۆشی و هەوکردن و پەککەوتنی جگەرییەوە دەناڵێت. بەگوتەی خۆی و خێزانەکەی، ''دوای گواستنەوەی خوێن، پشکنینیان بۆی کردووە و تووشی ڤایرۆسی هەوکردنی جگەر بووە''. راپۆرتەکە ببینە
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە