رووداو - تەندروستی
لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوای هەولێر، تیمێکی پزیشکیی پسپۆڕ توانیان ژیانی کرێکارێک رزگار بکەن کە بەهۆی کەوتنەخوارەوە لە شوێنێکی بەرز، شیشێکی پۆڵا بە درێژایی 40 سانتیمەتر لە گونیەوە چووبووە نێو جەستەی و تاوەکو دیواری سکی رۆیشتبوو.
ئەمڕۆ چوارشەممە 6-8-2025 د. رامان سابیر، پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی میزەڕۆ کە سەرپەرشتیی نەشتەرگەرییەکەی کردووە، رایگەیاند: "کرێکارێکەکە بەهۆی بازدانەوە لە شوێنێکی بەرز، شیشێک بە شێوەی ستوونی لە گونیەوە دەچێتە نێو جەستەی و دیواری سکی بریندار دەکات، بەڵام خۆشبەختانە شیشەکە دیواری سکی نەبڕیبوو و زیانی بە ئەندامە هەستیارەکانی نێو سکی نەگەیاندبوو."
د. رامان سابیر دەڵێت: "دوای گەیاندنی نەخۆشەکە بە نەخۆشخانە، دەستبەجێ پشکنینی پێویستمان بۆ کرد و خستمانە ژێر نەشتەرگەرییەکی بەپەلە، لە نەشتەرگەرییەکەدا توانیمان بە سەرکەوتوویی شیشەکە دەربهێنین و شوێنی برینەکەمان پاککردەوە و چارەسەری پێویستمان ئەنجامدا''.
ئەوەشی گوت کە ئێستا کرێکارەکە تەندروستە و رێنوێنیی هاونیشتمانییانیش دەکات، لەکاتی رووبەڕووبوونەوەی هەر رووداوێکی هاوشێوە، وەک چەقینی شیش، چەقۆ، یان هەر تەنێکی تیژی دیکە بە جەستەدا، بە هیچ شێوەیەک هەوڵی دەرهێنانی تەنەکە نەدەن، پێویستە راستەوخۆ نەخۆشەکە بگەیێندرێتە نزیکترین نەخۆشخانە، تاوەکو لەلایەن پزیشکی پسپۆڕەوە دەربهێنرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ