رووداو- هەولێر
کۆمەڵەی پزیشكانی نەشتەرگەری جوانکاری لە کوردستان رایدەگەیێنێت لەمەودوا جگە لە پزیشكانی پسپۆڕی نەشتەرگەری جوانکاری، هەموو ئەو کەسانە رووبەڕووی یاسا دەکەنەوە کە کارەکانی نەشتەرگەری جوانکاری و ئەو کارانە بکەن کە پەیوەندی بە پسپۆڕی نەشتەرگەری جوانکارییەوە هەیە.
کۆمەڵەی پزیشكانی نەشتەرگەری جوانکاری لە دوو نووسراوی جیاوازدا کە بۆ پزیشكانی بەشە جیاوازەکان و نەخۆشخانە تایبەتەکان کراون، دەڵێت هەر کەسێك بەبێ بوونی بڕوانامەی باوەڕپێکراوی بەشی نەشتەرگەری جوانکاری، کارەکانی ئەو پسپۆڕییەتییە بکات، رووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە و سزادەدرێت.
د. شاخەوان سائیب بەگ، سەرۆکی کۆمەڵەی پزیشكانی نەشتەرگەری جوانکاری کە خۆی پسپۆڕی نەشتەرگەری جوانکارییە و واژۆی لەسەر دوو نووسراوەکە کردووە دەڵێت: "وەک بەشی نەشتەرگەری جوانکاری هەموو ئەوانەی کە لە تابلۆی کلینیک و سەنتەرەکانیان یان لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان پروپاگەندەی نەشتەرگەری جوانکاری و ئەو کارانەی پەیوەندی بە نەشتەرگەری جوانکاری هەیە دەکەن و هیچ بڕوانامەی باوەڕپێکراویان لەبوارەکە نییە، رووبەڕووی یاسا دەکەنەوە".
سەرۆکی کۆمەڵەکە دەشڵێت تەنانەت ئەو نەخۆشخانانە رووبەڕووی یاسا دەکەنەوە کە جگە لە پسپۆڕانی نەشتەرگەری جوانکاری رێگە بە پسپۆڕانی دیکە بدات کارەکانی جوانکاری بکەن.
ئێستا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لە بەشێكی پڕوپاگەندەی سەنتەر و نەخۆشخانە تایبەتەکان، باس لە ئەنجامدانی نەشتەرگەری جوانکاری دەکرێت، بەپێی نووسراوەکەی کۆمەڵەی پزیشكانی نەشتەرگەری جوانکاری، لە بەشێك لەو سەنتەر و نەخۆشخانانە نەشتەرگەرییەکان لەلایەن کەسانی نا پسپۆڕ ئەنجامدەدرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ