رووداو - تەندروستی
لە نوێترین پێوەری شاری تەندروست بۆ ساڵی 2026، شاری ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج بە تەندروستترین شاری جیهان دەستنیشانکرا.
دامەزراوەی "Happy City Index" تەندروستترین شاری جیهان دەستنیشانکرد کە تێیدا پشتی بە چەندین پێوەر بەستووە، لەوانە تەندروستیی، دەرووندروستی، خۆشگوزەرانیی کۆمەڵایەتی و دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییەکان، 250 شاری جیهانی لەخۆگرتووە و زیاتر لە 466 پسپۆڕ و 150 هەزار داتای بۆ کۆکراوەتەوە.
ئامانجی ئەم پۆلێنکردنە تەنیا دیاریکردنی "باشترین" شار نییە، بەڵکو ناساندنی ئەو شوێنانەیە کە سیاسەتی گشتیی بەهێز، ژینگەی شارستانیی باش و پابەندبوونی درێژخایەنیان بۆ خۆشگوزەرانیی دانیشتووانەکەیان هەیە.
10 تەندروستترین شاری جیهان بۆ ساڵی 2026:
1. ئۆسلۆ، نەرویج
2. ئۆپسالا، سوێد
3. هێلسنکی، فینلاند
4. ڤێستەرۆس، سوێد
5. تۆکیۆ، ژاپۆن
6. گرێنۆبڵ، فەرەنسا
7. ترۆندهایم، نەرویج
8. ماڵمۆ، سوێد
9. ئیسپۆ، فینلاند
10. کامبریج، بەریتانیا
لە پۆلێنەکەدا، شاری پاریسی پایتەختی فەرەنسا لە پلەی 15، لەندەنی پایتەختی بەریتانیا لە پلەی 33، سیئۆلی پایتەختی کۆریای باشوور لە پلەی 47، نیۆرک لە ئەمریکا لە پلەی 206 دوبەی لە ئیماڕات لە پلەی 229، ئیستەنبووڵ لە تورکیا لە پلەی 221، مەککە لە سعودیا لە پلەی 237 وناشڤیڵد لە ئەمریکا لە پلەی 246ـی لیستەکەدا هاتووە.
بۆچی ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج بە تەندروستترین شار دەستنیشانکراوە؟
رێژەی 81%ی رووبەری شاری ئۆسلۆ سەوزاییە، بەهۆیەوە نزمترین ئاستی پیسبوونی هەوا (Pollution Index: 21) و خاوێنترین ئاوی خواردنەوەی سرووشتی هەیە ژینگەیەکی نموونەیی بۆ دانیشتووانی فەراهەم کردووە، هەروەها تێکڕای کاژێرەکانی کارکردن لە هەفتەیەکدا تەنیا 33.8 کاژێرە ئەمەش وایکردووە ئاستی دڵەڕاوکێ لە نزمترین ئاستدا بێت، دانیشتووانی ئۆسڵۆ یەکێکن لە بەختەوەرترین دانیشتووان شارەکانی جیهان بە بەدەستهێنانی 7.39 خاڵ لە 10، سەرەڕای ئەوەی تێچووی خۆراکی تەندروست بە خاڵی لاوازی ئۆسلۆ دادەنرێت و لە پلەی 34ـەمدایە، بەڵام بەهۆی بەرزیی داهاتی تاک دانیشتووان توانای کڕینیان هەیە، لەو شارەدا رێژەی قەڵەوی 23.1%ـە، بەهۆی ئەوەی تەنیا 9%ی دانیشتووان جگەرەکێشن، یەکێکە لە کەمترین رێژەکانی جگەرەکێشان لە شارەکانی ئەورووپا.
ئۆسلۆ، بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی "ناوەندی شاری بێ ئۆتۆمبێل" و زیاتر لە 200 کیلۆمەتر رێگەی تایبەت بە پاسکیل، لە دوای کۆپنهاگن لە پلەی دووەمی باشترین سیستمی گواستنەوەدایە، کۆی ئەم هۆکارانە وایانکردووە رێژەی تەمەن لەو شارەدا بگاتە 83.3 ساڵ کە یەکێکە لە بەرزترین ئاستەکان لە جیهاندا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ