کلینیکاست چیرۆکی ئەو پیاوە و کێشەکەی روون دەکاتەوە کە سپێرمی سفر بووە!

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
شکار رێبوار
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

پۆدکاستی کلینیکاستی ئەم هەفتەیە باسی هۆکارەکانی نەزۆکبوونی پیاوانە و پزیشکێکی پسپۆڕ دەڵێت، ''جگەرە، نێرگەلە و ڤەیپکێشان یەکێکە لەو هۆکارە باوانەی کە دەبێتە هۆی نەزۆکی، بەبێ ئەوەی پیاوان پێی بزانن''.
 
د. عەلی ئیسماعیل کاکەشین، پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی گورچیلە، میزەڕۆ و نەزۆکی میوانی پۆدکاستەکەیە و دەڵێت: ئێستا کێشەی نەزۆکبوون تەنیا هی ئافرتان نییە و پیاوانیش دەگرێتەوە، بەجۆرێکیشە 30٪ تەنیا پیاوان هۆکارن، 30٪ تەنیا خانمان هۆکارن، 30٪ هەردووکیان هۆکارن و 10٪ـیش هەردووکیان هیچ کێشەیەکیان نییە، بەڵام منداڵیان نابێت.
 
د. هونەر رێبوار، پێشکێشکاری کلینیکاست باسی چیرۆکی پیاوێکی 37 ساڵ دەکات کە ژیانی هاوژینی پێکهێناوە و کێشەی ئەوەیان هەبووە، منداڵیان نەبووە، ''دوای ئەوەی چوونەتە لای پزیشکێکی زۆر و چەندین شاریشیان کردووە، بەڵام بێهیوایان کردبوو، تەنانەت لەبەر ئەو کێشەیەشیان، ژن و پیاوەکە گەیشتبوونە دۆخە جیابوونەوە''. کاتێک د. هونەر سەیری پشکنینی ئەو پیاوەی کردووە و دیاربووە ژمارەی سپێرمەکانی سفرە و لەبەر ئەوەی لە منداڵیدا گونەکانی نەهاتبوونە خوارەوە، کێشەی بۆ دروستکردبوو و نەزۆک بووبوو.
 
لەبارەی ئەم کێشەیە د. عەلی ئیسماعیل دەڵێت: رۆژانە نەخۆش دەبینین کە لە منداڵییەوە گونەکانیان نەهاتووەتە خوارەوە و نەزۆک بوون، بۆیە پێویستە دایک و باوک هۆشیار بن لە هاتنەخوارەوەی گونی منداڵەکانیان و لەکاتی گۆڕینی حەفازەگۆڕین یاخود سەرشووشتنی منداڵ، بزانن کە بە تەواوی هەردوو گونی منداڵەکە هاتوونەتە خوارەوە.
 
پسپۆڕەکە باسی باوترین هۆکارەکانی نەزۆکی لای پیاوان باس دەکات وەکو؛
 
- دەوالیی گون (نەشتەرگەری بکرێت).
- هەندێک دەرمان (بوەستێنرێن).
- ناڕێکیی هۆڕمۆن (دەرمان وەربگرێت)
- جگەرە، نێرگەلە و ڤەیپکێشان (شێوازی ژیانی تەندروست پەیڕەو بکرێت).
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە