رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی خوێن لە سەنتەری تالاسیمیا لە سلێمانی رایدەگەیێنێت، ئەگەر تووشبووی تالاسیمیا چارەسەری مۆخی ئێسکی بۆ بکرێت ئەوا ٪90 ئەگەری چاکبوونەوەی دەبێت.
لە رۆژی دووشەممە 8-5-2023 هاوکات لەگەڵ رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشیی تالاسیمیا، دکتۆر بڕیار سەباح، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خوێن لە سەنتەری تالاسیمیای سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، خۆشبەختانە بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی رۆشنبیری هاووڵاتییان و بایەخدان بە پشکنینی پێش هاوسەرگیری، رێژەی تووشبوون بە نەخۆشییەکە کەمبووەتەوە.
دکتۆر بڕیار سەباح ئاشکرای دەکات، تووشبووانی سەرجەم جۆرەکانی تالاسیمیا لە پارێزگای سلێمانی نزیکەی 1371 تووشبوون.
پسپۆڕەکە لەبارەی چارەسەرییەکانەوە گوتی، گواستنەوەی خوێن رێگەیەکە بۆ باشترکردنی شێوازی ژیانی کەسی تووشبوو، بەڵام چارەسەری بنەڕەتی نەخۆشییەکە بریتییە لە چاندنی مۆخی ئێسک، هەروەها دەشڵێت: چارەسەرەکە 90٪ ئەگەری چاکبوونەوە دەدات بە تووشبووان.
لەبارەی پێکهێنانی ژیانی هاوژینی لەنێوان دوو کەسی هەڵگردا پسپۆڕەکەی خوێن دەریدەخات، واباشترە لەنێوان دوو کەسی هەڵگردا هاوژینی نەکرێت، چونکە لە چوار منداڵ یەکێکیان ئەگەری هەیە تووشی نەخۆشییەکە ببێت.
هاوکات روونی دەکاتەوە، ئەگەر دوو کەسی هەڵگر ژیانی هاوژینی پێکبهێنن ئەوا پێوستە خانمەکە لەکاتی دووگیانیدا لەژێر چاودێریی وردیی پزیشکیدا بێت.
دکتۆر ئارین سەرتیپ کاکەیی، بەڕێوەبەری سەنتەری تالاسیمیا لە هەولێر بە رووداوی راگەیاند، تالاسیمیا نەخۆشییەکی بۆماوەییە و منداڵێک تووشی دەبێت کە دایک و باوکی هەڵگربن بۆ نەخۆشییەکە.
بە گوتەی دکتۆر ئارین، پار 1064 تووشبووی تالاسیمیا لە سەنتەرەکەیان تۆمارکراون، هەروەها دەڵێت: ''نەهێشتنی هاوسەرگیری لەنێوان دوو کەسی هەڵگر تاکە رێگەی پێشگیریکردنە لە تووشبوون بە تالاسیمیا.''
بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو، لە دهۆک زیاتر لە 1161 تووشبوو و لە هەڵەبجە نزیکەی 35 تووشبووی تالاسیمیا هەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ