رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی منداڵان رایدەگەیێنێت، ئێستا باوترین ئەو نەخۆشییانەی لەنێو کۆرپەدا بڵاون بریتین لە زەردووی، هەناسەتەنگی و لەدایکبوونی منداڵی نەبەکام، ئاماژە بەوەش دەکات کە رێژەی لەدایکبوونی منداڵی نەبەکام بە بەراورد بە ساڵانی رابردوو زیادیکردووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 18-9-2025 د. ئالان عەبدوڵڵا، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان بە رووداوی رایگەیاند، "لە 10 منداڵی لەدایکبوو نزیکەی شەشیان تووشی زەردووی دەبن."
ئەو پزیشکە پسپۆڕە جەختدەکاتەوە، "هەرکاتێک منداڵ تووشی زەردووی بوو، پێویستە یەکسەر سەردانی پزیشک بکرێت، بەتایبەت ئەو کۆرپانەی تەمەنیان سێ بۆ چوار رۆژە."
سەبارەت بە چارەسەر و رێگەکانی کەمکردنەوەی، د. ئالان عەبدوڵڵا روونیدەکاتەوە، "تاوەکو زیاتر شیری سرووشتی بە منداڵ بدرێت، زەردوویەکە کەم دەبێتەوە." هەروەها رێنوێنیی دایکان دەکات کە "بەکارنەهێنانی شێرینی، گلوکۆز و شەکر زەردووی کەم دەکاتەوە."
ئەو هۆشداریش دەدات لە هەڵەیەکی باو و دەڵێت، "دانانی منداڵ لە کەشێکی ساردا بۆ چارەسەرکردنی زەردووی هەڵەیە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ